دواین هەواڵ

2024-04-21 خۆکوژیی بەندکراوێکی ڕاپەڕینی ژینا 2024-04-21 سۆما پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی بە ١١ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە حوکم درا 2024-04-20 بەرپرسێکی پلە بەرزی ئەمریکی: فڕۆکەیەکی ئیسراییلی بە سێ هاژەک پێگەی راداری پەدافەندی ئاسمانیی ئێرانی لە نزیک ئەسفەهان تێکشکاند 2024-04-14 کوژرانی دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران 2024-04-05 هونەرمەند عەلی زەندی کۆچی دوایی کرد 2024-04-01 کوژرانی ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسدارانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران 2024-03-28 پەیامی سەرۆکیPAK بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە و سێزدەبەدەری کوردستان: 2024-03-27 کوردستان چۆن نەوڕۆژی خۆی لە نوروز ئێرانیی جیا کردەوە؟ 2024-03-27 ئاواتی نەتەوەکەمان و ئەرکی ھێزە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان: 2024-03-24 هونەرمەند حەسەن کاکایی بەهۆی خوێندنی سروودی نەتەوەیی، لەلایان هێزەکانی بەرفەرمانی تارانەوە دەسبەسەرکرا 2024-03-23 کۆڵبەرێک لە سنووری نەوسوود بەتەقەی هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەر، کوژرا 2024-03-16 ناوی سەردارانی شەھیدی لوڕستان ھەرمانە و تاوانی دەوڵەتی فارسیش لەبیر نەکراو 2024-03-16 پەیامی نەورۆزیی بەڕێز حسەین یەزدانپەنا سەرۆکی PAK: 2024-03-16 پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران تیرۆر کرا 2024-03-15 کۆڵبەرێکی کورد ٩ رۆژ دوای بریندارکرانی گیانی لەدەست‌دا

ڕاگەیەندراو

بەیاننامەیPAK بە بۆنەی حەفتاوپێنجەمین ساڵهاتی ئێعدامی پێشەوا قازی محەممەد و هاواڵانی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان

29/03/2022

بەیاننامەیPAK بە بۆنەی حەفتاوپێنجەمین ساڵهاتی ئێعدامی پێشەوا قازی محەممەد و هاواڵانی
ڕۆژی شەهیدانی کوردستان


  حەفتاوپێنج ساڵ لە ئێعدامی سەرکۆمار پێشەوا قازی محەممەد لە لایان دەوڵەتی داگیرکەری فارسەوە تێپەڕ بوو. برینێک کە هەرگیز ساڕێژ هەڵناگرێت و ساڵانە دەکولێتەوە.
پێشەوا قازی محەممەد بێجگە لەو دەورەی کە بەر لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی جمهووریی کوردستان وەک کەسایەتییەکی پایەبەرزی کۆمەڵایەتی و ڕووناکبیرێکی هەڵکەوتوو و قازییەکی دادگەر هەیبوو؛ بە بەدەستەوە گرتنی ڕێبەرایەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی جمهووریی کوردستان، گەورەترین هەنگاوی سیاسیی کوردستانیی ئەو سەردەمەی نا و ئاواتی بەرزی ڕێبەرانی پێش خۆی وەدییهێنا. هەڵگرتنی سەروەریی سیاسیی دەوڵەتی فارس لە سەر کوردستان و نەچوونە بن باری پلانی یەکێتیی سۆڤییەت بۆ لکاندنی کوردستان بە کۆماری ئازەربایجان و هاوپەیمانیی نەتەوەیی لە گەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان و سەرەنجام دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستانی و ئەو گشتە دەسکەوتەی کە تەنیا لە ماوەی یازدە مانگ دا بەدیهات، تەنیا بە هەبوونی گەورە سەرکردەیەکی وەک پێشەوا لە کردن دەهات.
   بۆیە پێشەوا قازی محەممەد هەرگیز بە پەت و سێدارەی تاران کۆتایی نەهات. بەڵام حاشا هەڵنەگرە کە کۆچی دووری پێشەوا چ  خەسارەتێکی گەورەی لە نەتەوەی کورد و بزاڤە سیاسییەکەی بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی سرەواند. بە شەهید کرانی قازی محەممەد و داگیرکردنی کۆمارەکەی، ناسیۆنالیزمی کورد زەبرێکی ستراتیژیی وێکەوت و بزاڤی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەیان ساڵ لە ڕێڕەوەی دروست و نەتەوەیی خۆی ترازا. فەلسەفە و  ئایدۆلۆژیای نامۆ و بێگانە کرانە سەرچاوەی مەعریفەو بیری سیاسیی و کەلتوور و پڕاکتیکی تێکۆشانی تاک و حیزب و جووڵانەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەر لە بەر ئەوەش بوو کە کاتێ ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی کۆتایی نیوەی دووهەمی دەیەی حەفتای زایینیی لە ئێران، دەرفەتێکی لەباری ڕەخساند بۆ خەباتی ڕزگاریخوازیی کوردستان، ڕێبەران و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە، نە میراتی فیکری و سیاسیی پێشەوا و کۆماریان بۆ کۆمەڵگای خرۆشاوی کوردستان گوێزایەوە، نە چرای جمهووریی کوردستانیان دایساندەوە. ئەو دەرفەتە بێ دەسکەوت، بە تێچووی ڕووبارێک ڕەنج و مەینەت و قوربانیی، بارێک هەڵە و خەرمانێک برین و کەلێن و لێکترازان تێپەڕی.
   پارتی ئازادیی کوردستان لە سێ دەیە تێکۆشانی بێوچاندا بە هەڵگرتنی دیسکۆڕسی دەوڵەت و سەربەخۆیی و زیاترین توخم و هێما و بایەخەکانی بیری پێشەوا و کۆمار، میراتگر و درێژەدەری شێلگیری ئەو ڕێباز و ئەزموونە پڕشنگدارە بووە و هیوادارە بەو ڕێباز و  دیسکۆرسەوە ببێتە تەوەری بە هێز و قایمی خەباتگێڕان و ئۆگرانی ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان و ڕێکخەری خەباتی ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵاتی داگیرکراو لە پێناو ڕادانی دوا سەربازی داگیرکەر لە سەر خاکی نیشتمان و دامەزراندنەوەی دەوڵەتی جمهووریی کوردستان.
لە حەفتاوپێنجەمین ساڵهاتی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەد دا، سەری ڕێز لە حاست ڕۆحی پاکیدا نەوی دەکەین و سڵاو و ڕێز پێشکەشی برا و ئامۆزای شەهیدی سەدری قازی و سەیفی قازی دەکەین. سڵاوی خۆڕاگری و کۆڵنەدان پێشکەش ئەو فەرماندە و پێشمەرگانە دەکەین کە  لە بەرەکانی جەنگ لە  پارێزگاریی لە کۆماری کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی ئەڕتەشی ئێراندا گیانیان بەخت کرد. سڵاو دەنێرین بۆ ئەو پۆلە شەهیدەی لە مەهاباد و بۆکان و سەقز لە داری بێدادی دران. سڵاوی ئەمەگ و وەفا پێشکەشی ژێنێڕاڵ بارزانی و  شەهیدانی لەشکرە حەماسە خوڵقێنەکەی و چوار ئەفسەرە شەهیدەکەی باشووری نیشتمان دەکەین.

پارتی ئازادیی کوردستانPAK
10ی خاکەلێوەی2722ی کوردی
30 مارسی2022 زاینیی

 

سەرەوە