دواین هەواڵ

2024-04-21 خۆکوژیی بەندکراوێکی ڕاپەڕینی ژینا 2024-04-21 سۆما پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی بە ١١ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە حوکم درا 2024-04-20 بەرپرسێکی پلە بەرزی ئەمریکی: فڕۆکەیەکی ئیسراییلی بە سێ هاژەک پێگەی راداری پەدافەندی ئاسمانیی ئێرانی لە نزیک ئەسفەهان تێکشکاند 2024-04-14 کوژرانی دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران 2024-04-05 هونەرمەند عەلی زەندی کۆچی دوایی کرد 2024-04-01 کوژرانی ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسدارانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران 2024-03-28 پەیامی سەرۆکیPAK بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە و سێزدەبەدەری کوردستان: 2024-03-27 کوردستان چۆن نەوڕۆژی خۆی لە نوروز ئێرانیی جیا کردەوە؟ 2024-03-27 ئاواتی نەتەوەکەمان و ئەرکی ھێزە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان: 2024-03-24 هونەرمەند حەسەن کاکایی بەهۆی خوێندنی سروودی نەتەوەیی، لەلایان هێزەکانی بەرفەرمانی تارانەوە دەسبەسەرکرا 2024-03-23 کۆڵبەرێک لە سنووری نەوسوود بەتەقەی هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەر، کوژرا 2024-03-16 ناوی سەردارانی شەھیدی لوڕستان ھەرمانە و تاوانی دەوڵەتی فارسیش لەبیر نەکراو 2024-03-16 پەیامی نەورۆزیی بەڕێز حسەین یەزدانپەنا سەرۆکی PAK: 2024-03-16 پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران تیرۆر کرا 2024-03-15 کۆڵبەرێکی کورد ٩ رۆژ دوای بریندارکرانی گیانی لەدەست‌دا

بابەت

مامۆستا هەژار سه رمایەیەكى گەورەى ئەدەب و هونەر و فەرهەنگى میللیی كوردستانە

03/09/2023

 

 

ئامادەکردنی: هیواساعدی    


بە کوردی دەژیم بە کوردی دەمرم
 بە کوردی دەیدەم وەرامی قەبرم

هەژار موكریانی، وەرگێڕ، نووسەر، زمانزان و شاعیر، لە (چێشتی مجێور)دا، كە بەشێكی زۆری ژیانی پڕدەرد و كڵۆڵی و نەهامەتی خۆی دەنووسێتەوە، لە زۆر پێشهاتدا، كۆمێدیاییانە وەڵامی بەرامبەرەكانی داونەتەوە، تەنانەت لە رووداوی ناخۆشیشدا، دەستبەرداری قسەی خۆشی خۆی نەبووە، لەوكاتەیشی لە پەنای بارزانی لە شۆڕش بووە، وازی لە قسە كۆمیدییەكانی نەهێناوە و زۆر جاران ئەوی بە پێكەنین هێناوە. وەك خۆیشی دەڵێ، ئەو قسەخۆشانەی، كردووەتە پەردەپۆشی خەم و مەینەتی ژینی تاڵی.زۆرجار باسی كارامەیی هەژار، لە شیعر، وەرگێڕان و نووسیندا كراوە، بەڵام كەم جار ئاوڕ لە دنیا كۆمێدییەكەی دراوەتەوە. ئەوەی سەیرە، ژیانی خۆی و باوكی وەك یەك بوون، بە منداڵی دایكیان مردووە و بێ ناز ماونەتەوە، چوونەتە بەر خوێندنی فەقێیەتی. هەروەها باوكی كە ماڵی زۆر تاڵان كراوە، خێزانی خەمبار بووە و دڵی داوەتەوە، هەژاریش ماڵی تاڵان كراوە و دڵی خێزانی داوەتەوە.
هەژار لە چێشتی مجێوردا، سوودی لە بەهرەی دزان وەرگرتووە، كە لە دزێكەوە فێری ئەوە بووە دوای رۆژئاوابوون بخەوێ، بۆ ئەوەی خەوی شەوی بتۆرێ، لەو شەوانەی نووسین و وەرگێڕانی هەبووە.
عەبدوڕەحمان شەرەفكەندی" باسی ئەوكاتە دەكات بە منداڵی لە ماڵی قەرەنی ئاغای مامەش بوو، بە جۆرێك منداڵەكان لە خوارەوە دانیشتوون بۆیان نەبووە فزە بكەن، بەڵام هەركاتێكدا ئاغا خافڵ‌ بووایە، ئەم ئاوڕی لە منداڵەكان داوەتەوە و زمانی لێ دەرهێناون و لچی لێ خوار كردوونەتەوە و هەموویانی بە پێكەنین هێناوە، بە لێدانی دەستی نۆكەرانی ئاغای داون و دواتر كە منداڵەكان هێنراونەتەوە دیوەخانی ئاغا، ئاغا گوتوویەتی بێ حەیایینە هیچ نەبێ چاو لە كوڕی حاجی مەلا بكەن! مەبەست هەژار بووە.
هەژار لە سەروەختی فەقێیەتی، دەگەیەكی لە سوختەیەك بە ناوی قادر داوە، بە جۆرێك هەڵیخەڵەتاندووە بەوەی سیحرێك دەكات، وای لێ دێ هیچ كەسێك، ئەو كەسە نابینێ و ئەو هەمووان دەبینێت، مەگەر كەسەكە خۆی قسە بكات! سوختە زۆر مەمنوون بووە كە هەژار ئەو سیحرە بۆ ئەو بكات، هەژاریش پێشتر ئەهلی مەجلیس لەو فێڵە ئاگەدار دەكاتەوە، ئیتر كە قادر دەباتەوە ناو كۆڕ، ئەهلی مەجلیس وا خۆیان پیشان دەدەن كە قادر نابینن، بە هەژار دەڵێن قادرت چی لێ كرد؟ بۆ دیار نەما؟ سوختە كە وا دەزانێ مەجلیسەكە نایبینن، دەچێتە بەردەم مەلای دەرسبێژیشیان و لچی خۆی لێ خوار دەكاتەوە، گوایە گاڵتەی پێ دەكات! ئەهلی مەجلیس (كە گوایە بە هۆی سیحرەكەوە نایبینن) دەكەونە پەل هاویشتن و شەقوەشاندن بەو نیازەی سا بەڵكو شەقێك بەر قادر بكەوێ و هاوار بكات، بۆ ئەوەی بیبینن، ئیتر لەو بەینەدا قادر شلوكوت دەكەن و سەعاتێك شەقبارانی دەكەن! هەژار زۆر جار ئەو بەزمەی دووبارە كردووەتەوە.
وەك هەژار دەیگێڕێتەوە؛ سەید عەوڵا شێتەیەك دەچێتە لایان بۆ حوجرە تا مارەی ژنی بۆ ببڕن، ئیتر هەژار دەڵێ پێمان گوت هەقەكەمان نەدەیەی‌ و بیخۆی، خۆت دەزانی بەستن هەیە، دەتبەستین! كابرا گاڵتەی پێ كردوون و هەقی نەداونێ، هەژار پێی گوتووە ئەوە بەستمانی! شەوی زاوای بەسترابوو، هاواریان بۆ هێناوە و هەقی مارەبڕینی هێناوە، هەژار دەڵێ پێمان گوت ئەوە كردمانەوە. ئیتر چووە و بووە بە زاوا! دەڵێ نەشمان بەستبوو، بەس لە ترسی ئەوەی پێمان گوت‌ بەستوومانی، وای بەسەر هاتبوو!
هەژار لە سەروەختی گەنجیەتیدا كە گەنمی لە بۆكانەوە بۆ تەورێز بردووە بیفرۆشێ، بۆ ریشتاشین چووەتە سەرتاشخانەیەك، سەرتاش پێی گوتووە شتێكم بۆ بنووسە كە ریشتاشین بە قەرز نابێت؛ هەژار شیعرێكی بە فارسی بۆ نووسیوە، كە پوختەی واتەكەی ئەوە بووە: بێ ئینساف، تۆ ریشەكەت لای من دەتاشی و قەرزەكە نادەیەوە، دوایی من كوێت بگرم؟
ئەوكاتەی هێمنی شاعیر ژنی هێناوە، هەژار كە حیسابی برای زاوای بۆ كراوە، شەوەكەی ماڵی باوكی هێمن، میوانیان لە رادەبەدەر بووە، نوێن و رایەخی پێویست نەبووە، هەژار بە باوكی هێمنی گوتووە من عیلاجی دەكەم، ئیتر قوماری لەگەڵ میوانان كردووە و سەرقاڵی كردوون، تا بەیانی كەسیان نەخەوتوون و بەو جۆرە عیلاجی كەمجێی كردووە!
جارێك، لە سەروەختی لاویەتیدا هێمن و هەژار بانگهێشتی شوێنێك دەكرێن بۆ نانخواردن، لە رێگەدا هێمن بەردەبێتەوە و دەبوورێتەوە دەیبەنە نەخۆشخانە، كە بەهۆش خۆی دێتەوە دەبینێت لەلای سەریەوە هەژار دەگری، كە هێمن لێی دەپرسێ دەمرم؟ هەژار سەری بەرز دەكاتەوە و سەیری ئاسمان دەكات تا هێمن فرمێسكەكانی نەبینێت و دەڵێت: وەڵا گوێم لە فڕكەی باڵی ئیزرائیل هەیە، جا نازانم بۆ تۆ هاتووە یان بۆ من! ئەم بەسەرهاتەیان دوای چەندان ساڵ لە سەروەختی پیریدا گێڕاوەتەوە، هەژار گوتوویەتی: خەمی هێمنم نەبوو، بۆ ئەو جەمە نانە بە پەرۆش بووم، كە لە كیسمان چووبوو!
هەژار لە چێشتی مجێوردا دەیگێڕێتەوە، كە دوای رووخانی كۆمار و كوێرەوەرییەكی زۆر، گەیشتووەتە دیوی عێراق، لە گوندێك بە نێوی (بێورە) لای

داوە و خۆی بە مەلا ناساندووە، دواتر چووەتە (كەناروێ)، وەك خۆی باسی دەكات، خەسوویەكی پیری زۆر ناحەزی لێ بوو، لێی پرسیم: كاكە مەلا، راستە كەسێك دڵی جیرانان بێشێنێ لە قەبرەكەیدا دەبێتە مەیموون؟ گوتم: نا دایە گیان، خودا دووجار كەس ناكاتە مەیموون!
كاتێك لە گوندی بیبیجەك بووە، شێخ لەتیف داوای كردووە هەژار شیعرێك بۆ شێخ مەحموود بنووسێت تا پیشانی بدات، بەو پێیەی زۆر باسی هەژاری بۆ باوكی كردووە. هەژار زانیویەتی كە شێخ لەتیف هەموو نووسراو و پەیامێك پاشگوێ دەخات، لە بری شیعر، كاغەزێكی سپی بۆ نووسیوە و پێی داوە، دوای ماوەیەك لە شێخ لەتیف دەپرسێ؟ شێخ مەحموود شیعرەكەی پێ چۆن بوو؟ ئەویش گوتوویەتی زۆری پەسەند كرد!
ئەوكاتەی هەژار و مەلا شكور مستەفا لە هۆتێل (سەرجسر) لە كەركووك پێكەوە ژیاون، مەلا شكور بە هەژاری گوتووە، خوێندوومەتەوە میوە هەر توێكڵەكەی بەسوودە و پێستی پیاو ساف و جوان و رووناكتر دەكات، ئیتر هەژار رۆژێك لە كار گەڕاوەتەوە بە مەلا شكوری گوتووە ئەمڕۆ شتێكی سەیرم دی، پیاوێك بەرامبەر چڕوچاوی گامێشێك ریشی دەتاشی. مەلا شكور لێی دەپرسێ چۆن؟ هەژار وەڵامی دەداتەوە: گامێش هێندە توێكڵی شووتی خواردبوو، دەموچاوی بووبووە ئاوێنە!
كاتێك چووەتە بەشداریكردن لە فێستیڤاڵی گەنجان لە رۆمانیا، لە شوێنێك پیاوێكی تووش دەبێ و كچێكی زۆر جوانی لەگەڵ دەبێ، پیاوەكە لە هەژار دەپرسێ تۆ ئەرمەنیت؟ هەژار دەڵێ نەخێر كوردم! پیاوەی ئەرمەنی پێی گوتووە نەكەی قسە لەگەڵ كچەكەم بكەیت، نابێ ببێتە ئاشنات، باوكی من جیلۆ بوو، سمایل ئاغای سمكۆ كوشتی! هەژار زوو وەڵامی داوەتەوە: بەداخەوە! باوەڕ بكە من رازی نەبووم باپیری جوانی وا بكوژرێ!
كاتێك لە مەیخانەی جوندیان لە بەغدا، كاری كردووە، جارێك بۆ نانخواردن داوای دوو شیش جەرگی برژاوی كردووە، بە دوو سەموونی دەبڵەوە خەریكی خواردنی بووە، موشتەرییەكی عارەقخۆر كە لێی نزیك بووە، لێی پرسیوە ئەوە هەمووی دەخۆی؟ هەژار گوتوویەتی: بڵێم چی؟ دكتۆر گوتوویەتی دەبێ شیوت سووكەڵە بێ! وەك هەژار خۆی دەڵێ كابرای پرسیاركەر كە پیاڵە نزیكی دەمی بووە، لە پڕمەی داوە و لیك و چڵمی تێكەڵ كردووە. لەبەر پێكەنین ژانی كردووە.
وەك خۆی لە چێشتی مجێوردا دەیگێڕێتەوە؛ جارێك كە لە سووریا بووە، دكتۆر ئەحمەد عوسمان داوەتی كردووە و گۆشتی برژاو و چوار بوتڵ شەرابی كڕیوە، كە چووەتە ژوورەوە سەیری كردووە جەمال حەیدەری سەرۆكی ئەوكاتی حزبی شیوعی عێراقی لێ بووە، وەك هەژار دەڵێ هەمیشە رقی زۆری لە ناوی كورد و كوردستان بووە، بەڵام لەوێ كە دانیشتوون بە كوردی قسەی كردووە، هەژار دەڵێ: "پەرداخێك شەرابی خواردەوە و رووی كردە من و گوتی كاك هەژار تۆ دەبێ شیعری باشمان بۆ بڵێی، ئەوانەی تا ئێستە نووسیوتن باش نین، باسی كۆریا و دنیای دەرەوە بەكارمان نایەت، باسی كوردایەتی و ئازادی كوردستان بنووسە! هەژار دەڵێ بێ دەنگ، لینگم تا پشت ئەژنۆم هەڵكرد، راست بوومەوە و تفەدەستێكم كرد. جەمال لێی پرسیوە بۆ كوێ؟ چ دەكەی؟ هەژار: كاك جەمال بە پیاڵەیەك شەراب ئەوەندە كەوتوویتە سەر میللەتپەروەری، بەخوا وا نەكەم ناتگەمێ!
لە سەروەختی شۆڕش لە گوندی (بناویە) هەژار دەڵێ هەموو خەڵكی گوند حاجی بوون، منداڵ مووی لێ نەهاتبوو، كەشیدەی زەردی بەسەرەوە بووە. دەڵێ مەلا مستەفا پێی گوتم ئەم گوندە حاجی زۆرە، وە نییە؟ هەژاریش وەڵامی داوەتەوە: كاكە! ئەوانە فێڵبازن، پیرێك، دووانیان چوونەتە حەج، هێلكە حاجی زۆریان كڕیوە و لێرە لەسەری كورك بوون و جوجكیان هەڵهێناوە.
هەژار لە چێشتی مجێوردا دەیگێڕێتەوە: رۆژێكی باران بوو، مەلا مستەفا خزابووە ئەشكەوتێك لەوەی ئێمە خراپتر، دڵۆپەی دەكرد، خۆی هەڵوێزنیبوو دڵۆپەی بەرنەكەوێت، لەو دەمەشدا شۆفێرێكی تاكسی هەولێری هاواری كردووە (دەبێ هەر بچم شكایەت لای مەلا مستەفا بكەم، زوڵمم لێ كراوە)! هەژار دەڵێ: لە دەرگەی ئەشكەوتەكەوە گوتم: ئاخر گاڵتەی لەوە خۆشتر چۆن دەبێ، بارزانی دەیەوێ شكایەت لە دەستی دڵۆپە بكات و ئەم كابرایەش شكایەت لای بارزانی! هەژار دەڵێ بارزانی زۆر رۆژان بەمە پێ دەكەنی.
- هەژار موكریانی لە 15/4/‌1921 لە گوندی شەرەفكەندی مەهاباد لە ‌دایك بووە و لە 21/2/1991 كۆچی دوایی كردووە.

1
بە دڵ گیرۆدە بەو پرچی بەچینم
ڕەش و ئاڵۆزاوە، وەک ئەو بەخت و ژینم
دڵت گرتم، خەیاڵی خۆت تیا دی
خەوت بردم، کە لەو دا تۆ دەبینم
2
گراوی داوی خاوی سەربڕاوم
کوژراوی چاوی مەستی نیوەخاوم
لە تیشکی ڕوومەتت، سەردە هەناسەم
کز و بێ‌تینی ئەو بەژنی زڕاوم
3
دڵم تەنگە، وەکوو خونچەی دەمی تۆ
سەرم گێژە لە گێژی پەرچەمی تۆ
دڵ و گیان و ژیانم دا بە ماچێک
وتت "پێک نایە، زۆری من، کەمی تۆ"
4
هروژمیان کردە دڵ، تیپی مژۆڵت
بە خوێن پاراو کرا، جێژوانی چۆڵت
دەسی دڵ بگرە، خوێن‌ڕێژی هەتا کەی؟
بەزێکت بێ بە دڵداری کڵۆڵت
5
جگەر لەت لەت بە ئەبرۆی تازەساوم
لەپت سوورە لە خوێناوی ڕژاوم
خەیاڵم پەرتە بۆ خرخاڵی قۆڵت
زڕەی لەرزانەکەت، بردی زراوم
6
ددان مراوری‌یە و هەریەک لەوانە
لە نرخا، گەنجی قاڕوون ناتەوانە
لە سووچی لێوەکەت، خاڵێک دیارە
لە گەنجت بێچوە زەنگی پاسەوانە
7
لە تینی کوڵمەکەت، جەرگ و دڵم سووت
لە تاوی چاوی جادووت، بوومە هارووت
بەهەشت و کەوسەر و هەنگوین و شیری
بە شاباشی دڵۆپێک ئارەقی ڕووت
8
بە گریەم پێکەنی، خەندەت بە شینە
دەڵێی "پاش گریە، نۆرەی پێکەنینە"
دڵت گەر سەد-یەکی سینگت نەرم با
نەر بووی ئێستە، بۆ ماچێک لە سینە
9
دڵی شێتم وەها گرتی گڕ و پێت
لە تاوان، پێی دەتاوان بەردی بەر پێت
چژین سەختم! چدڵ سەختی گوڵی من!
کزەی دڵ وەک کزەی با دێتە بەر گوێت
10
لە قەندی لێوی تۆیە ژینی تاڵم
لە سووڕی کوڵمەکەتە بە خوێن شەڵاڵم
لە دوکمەی خڕت، بیرم بڵاوە
کوڵاو و کۆڵەواری سێوی کاڵم
11
پلاری تۆن کە دڵ چڕژاوە ئەمشەو
جخاری تۆن کە خوێن پڕژاوە ئەمشەو
مزەم چی بوو لە چاوی مامزی مەست؟!
کە جەرگم بۆ مەزەی برژاوە ئەمشەو
12
لە چەشنی ئاگرن، کوڵمی گەشی تۆ
لە مارحە ستەم ترن پرچی ڕەشی تۆ
بڵێم وەک چی دەچی؟ هەر گوڵ دەزانم
لە گوڵ ناسکترە، ناسک لەشی تۆ
13
لە تاریکایی پرچت، بێ‌سەر و دەر
دڵم گێژ و هوڕە چەشنی سکەندەر
بەلام ئاوی ژیان لاجانگی تۆیە
بەڵام ڕەشماری بسکت بوونە لەمپەر
14
لە گوارەی پڕ پەرەنگ دڵ پڕ پەرەنگم
چەماوی بەژن و باڵای شۆخ و شەنگم
لەسەر سپیت، چاوم سپی بوون
لە تاوی زەردە لیمۆت، زەردە ڕەنگم
15
لە لێوت، زامی جەرگم پڕ نەمەک بوو
لە سێوت، خەم لە ناو سینەم کەڵەک بوو
لە سایەی گەردنی تۆ بام وچانێ
لە ئەولاش داری تووبام ناگەرک بوو
16
دەبێ بە کوێ بگەی؟ هێشتا نەگەیوی
لە روخسارا بەهەشتی، ڕۆژی، هەیوی
هەزاران داود و دەنگی زەمووری
دەبەر لێوت مرن، کاتێ دەپەیوی
17
دەپرسی چۆنە چێژەی خەم دەچێژم؟!
لەبەرچی دەرد و زووخاو هەڵ‌دەڕێژم؟!
بژانگی تۆ، دڵی کردوومە بێژەنگ
کوڵ و خوێنی ئەوینێ دادەبێژم!
18
بەدوای کەزەیەک دڵ دالەقاوە
بژۆڵت ڕێزە نێزە تێی چەقاوە
وچانێک لێوی قەندم پێ ببەخشە
جگەر برژاو گەر پێت خۆشە قاوە
19
زمان بۆ پەسنی ئەو لێوئاڵە، ڵاڵە
گڵێنەم تانەداری دانە خاڵە
بە پیری چووم بەرەوپیری مناڵی
دڵی بردووم کچۆڵێک چاردەساڵە
20
بە چاوی تۆ دڵی ژار و گرفتار
بە دڵ مەرگی دەوێ، ڕۆژی هەزار جار
لە ڕێی ەم جوانییەت، تۆزێ بەزەت بێ
هەژاری تۆم، لە مردن مەمکە ڕزگار
21
بەژن شۆڕ و کەزی شۆڕ و خەزیم شۆڕ
سەرەو شۆڕم دەکەن، سەرشۆڕ بەرەو گۆڕ
هەژار و خوار و لەش بیمار و دڵدار
دەبا وام لێ‌بێ، مافی خۆمە، هەی گۆڕ
22
دەمی کۆچ، بارەکەت ناچێ لە یادم
دەبێ وەک کوشتمت، بش پرسی دادم
"گەر بارگەت بۆ هەوار تێک‌نا، دڵی من
شکا ئەستوندەکی تاوڵی مرادم"
23
دڵم دەیزانی ڕادەبری بە سەر ما
بە ڕێی کرد، دوا هەناسێکی لە بەر ما
بە چاوم ئاوڕشێنی ڕێگەتم کرد
گیان دەرکەوتە پێشواز و لە دەر ما
24
لە دەست ئەو چاوە مەستەت نیمە چارە
لە ناخێم ڕادەکەن، دەرد و پەژارە
لە کێلی گۆڕەکەم یاران بنووسن
کوژراوی گەردنی کێلە و هەژارە
25
گوڵی باخان لە شەرمی کوڵمە سوورە
لە ڕووی ئەو پەلکی گوڵ ئەستوورح، زوورە
گوتم "مردم، نەگەیمە ماچێ"، فەرمووی
"هەژار بمبوورە، دوورە ئەو سنوورە"
26
بە سەرگەردانی ژێرگەردانەکەت بم
بەڵاگەردانی باڵا جوانەکەت بم
ئەوا تۆم دی لەسەر کوشتە دەکەی شین
بە گۆری چاوە پڕپریانەکەت بم
27
لەگەڵ تۆ دا کەسێکی دەم دەمانە
چکارێکی بە خۆشی پاش نەمانە؟!
مەی وەکوو سەر لە گۆشەی لێوی ئاڵە
بەهەشتی خۆش لە شێوی ناو مەمانە
28
چخۆشە پاشی ئەم تۆرانە، سازان
چشیرینە وتەی ڕاز و نیازان
بەسم بێ جەزرەبەی شەوگاری دووریت
پتر مەی هەنجنە جەرگم بە نازان
29
وەرە، تاوێکە گوڵزارت نەدیوە
لە تاوت خۆنچە سینەی دادڕیوە
وەنەوشە دوور لە باڵات خۆی دە هەش نا
هەڵاڵە زەردە، نێرگز ڕەنگ پەڕیوە
30
وەرە، ئەی بەندی جەرگ و ماکی ژینم
وەرە، هەتوانی گش دەرد و برینم
شەوی ڕەش، ڕۆژی

ڕوونی بەختی من بوو
کە لەو دا، تۆ نزیکی خۆم دەبینم
31
شەو، دنیا وەکوو خاڵت سیاپۆش
وەرە، با دەردەدڵ بکرێن فەرامۆش
دەسم دەستۆکە، با بتگرمە باوەش
ئەگەر مردم لە خۆشیان، چاوی تۆ خۆش
32
کش و ماتە جیهان، لە ژوانی، لە نوێ
گەلاوێژ بۆ مە دەڕوانێ لەسەر سۆی
چریکەی بولبولێک دێ، وا دەزانم
چپەی ماچی منو تۆی هاتە بەر گوێ
33
شەو ئەستێرە بە زریوەن لەسەرمان
لە مانگی ڕووت، هەناسەم بۆتە خەرمان
تکەی ئاونگی کوڵمت تەڕ دەکا لێو
گەزۆ باری لە گەرمان و لە شەرمان
34
ژیانم چوو هەژار و دەستەو ئەژنۆ
چلۆن ڕووی داوە دەست و گەردنی تۆ؟!
ژیانی دوایەشم بۆ تۆ، خۆدای شەو
بەرەو رۆ خۆش مەڕۆ، تۆزێک لەسەرخۆ
35
شەو لە سەوزەزار، لەو دەم ئاوە
مەکۆی خەم لاچووە، دەمکوڵ چماوە؟
مەکە و لاچۆ و دەمان بینن بیانون
بەیانە و دەم بنێ دەم، دەم نەماوە
36
هەتا مردن لە دڵدا سینە ماکە
دڵت چەند چاکە! دڵداریت چپاکە!
لە تاریکایی دۆستی، دەست لە ناو دەست
کە تیشکی دا چرا کە، بوومە کاکە
37
لە لامە، گیان پەپوولێکە لە ڕووتا
ئەگەر لێم دوور دەبی، دڵ دێ بە دووتا
لە نێزیکی و لە دووریت، خاکەسارم
ئیتر یا دڵ نیە، یان گیانە سووتا

‍ #چوارینەکانی_خەییام_کوردی
📖خەییام بیر و باوەڕه
خەییام کوڕی کێ بووە و چەند ساڵ ژیاوە و چیی لەبەردا بووە و چ جۆرە پێخۆرێکی خواردووە و بە کام نەخۆشی مردووه، مەیلی خۆیەتی. مەبەستی گرینگ ئەمەیە کە چەند بیر و باوەڕێکی نوێ و برووسکەدار له ڕۆژگارێکی کۆن و ئەنگوست‌لەچاوا، لە کابرایەکی ژیر و وریاوە سەری هەڵداوە و ڕچەی ئازایەتی و ئازادیی بۆ شکاندووین و دنەی داوین که خۆمان بناسین و بوێرین بیر لە ژیان و چارەنووسی خۆمان و دەور و بەرمان بکەینەوە. هەر گوتراو و نووسراوێکی لە دەور و بەری ئەم مەبەستەدا ئەگەڕێ، خەییامییه و شانازی بۆ خەییامە. جا با لە دوای خەییامیش کەسانێکی وا بووبن باوەڕیان بە خەییام هێنابێت و نەیانوێرابێت ناوی خۆیان دەرخەن و کۆرپەی نازەنینی خۆیان بە ناوی مامۆستاوە ناوک بڕیبێت، یان نانی خۆیان لەسەر خوانی خەییام خواردبێت. کەوابوو ئەگەر گوتیان خەییام هەر پەنجا دانە چوارینەی هەبووە، یان بڵێن خۆ لە هەزاریش دەدات، زۆر جیاوازیی نییە؛ هەر ئەوە مەرجە لە نیاز و مەبەستا یەکتر بگرنەوە.
سا منی بەو پێودانە هاتووم دووسەد و پەنجا چوارینەی خەییامم لەسەر کێشی ماکە فارسییەکە وەرگێڕاوەتە سەر کوردی. نەشمویستووە فارسی فێری کورد بکەم؛
واتا: وشەبەوشە و بەندبەبەندم نەگۆڕیوە؛ تەنیا بیر و ڕای خەییامم بەکەسم و بیچمێکی کوردانەوە خستووەتە بەر چاوی هاوزمانانم. جا ئەگەر چاک بن یان چرووک بن، هەر ئەوەندەم لە دەست هاتووە و هەرکەسیش هەڵەم بۆ ڕاست بکاتەوە و پەڵەم بۆ هەڵگرێت و شڕەم بۆ پینە بکات، سپاسی دەکەم
هەژار
هاوینی 1351(1972ز)
Sifra bê biraneve (vergêra pirtûka Şerîetî ) (Translation of One and Zeroes without end by Ali Shariati from Persian into Kurdish)
Çêştî Micêvir( serbihorî ) (Autobiography)
Renowned: ناسراو
lexicographer: فەرهەنگ دانەر
linguist: زمانزان
Influence: کاریگەری
Involved: بەشداربوو، تووشبوو
exile: تەبعید، دوور خستنەوە لە وڵات
Prolific: بە بەرهەم
Quatrain: چوارخشتەکی، چوارینە
commentary: ڕوونکردنە

سەرەوە