پارتی ئازادیی کوردستان
لەپێناو دامەزراندنەوەی دەوڵەتی جمهوریی کوردستاندا
سەرەتا
ئاخاوتن
بابەت
دیدار
بۆ کوردستان
کوردستانی
ناوچەیی
جیهانی
سەرۆکایەتی
ڕاگەیەندراو
کۆمیتەی ناوەندی
مەجلیسی گشتی
هیتر
هونەر و وێژە
پێشمەرگە
مافی مرۆڤ
دیمانە
کۆنگرەی یەک
ڤیدیۆ
پەیوەندی
ئەرشیف
ئەرشیفی پێشومان
پەیوەندیمان پێوە بکە
2025-04-03 ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی مەجلیسی گشتیی پارتی ئازادیی کوردستان PAK 2025-03-01 پەیامی سەرەخۆشیی پارتی ئازادیی کوردستان به بۆنهی گیان لەدەست دانی پۆلێك شاخەوانی رۆژههڵاتی داگیركراو! 2025-02-20 ئاگادارییەک لە هەوڵگریی و ئاسایشی سپای میللیی کوردستانەوە سەبارەت بە گەڕێکی دیکە لە پیلانگێڕییەکانی دوژمنی داگیرکەر 2025-02-05 کۆچی دوایی دایکە شەھیدێکیPAK لە کۆڕی یاران 2025-01-22 پیرۆزبایی بەبۆنەی سەرکەوتنی مانگرتنی گشتی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان 2025-01-22 ترسی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لە سەرکەوتنی بەڕێوەچوونی مانگرتنەکان 2025-01-19 ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا 2025-01-12 بانگەوازی پارتی ئازادیی کوردستان بۆ رێگرییکردن لە حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی " با رێ لە ئێعدامی کچەکانمان بگرین" 2024-12-29 ئەندامێکی PAK و پێشمەرگەیەکی پێشووی سپای میللیی کوردستان تێرۆر کرا 2024-12-08 ڕاگەیەندراوی پارتی ئازادیی کوردستانPAK بەبۆنەی ڕمانی دەسەڵاتی بەشارئەسەد لە سووریا 2024-12-07 بەیاننامەی پارتی ئازادیی کوردستانPAK سەبارەت بە رووداوەکانی سووریا و دۆخ و داهاتووی رۆژاوای کوردستان 2024-11-20 هونەرمەند برایم قادری کۆچی دوایی کرد 2024-11-18 ڕاگەیاندراوی هەواڵگری و ئاسایشی سپای میللیی کوردستان سەبارەت بە دەورێکی تازە ئەڕا پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی دوژمن 2024-11-01 راگەیەندراوی پارتی ئازادیی کوردستانPAK سەبارەت بە داخستنی کونسولخانەکانی ئێران لە ئاڵمان 2024-10-27 راپۆرتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی بەرەی نەتەوەکان بۆ مافی دیارییکردنی چارەنووس-ئێران لە ئاڵمان
1 رۆژ پێش ئێستا
ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی مەجلیسی گشتیی پارتی ئازادیی کوردستان PAK مەجلیسی گشتیی پارتی ئازادیی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەڕێوەبرد. ئەو کۆبوونەیەوە تەرخان کرابوو بۆ لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی جیهانیی و هەرێمیی و کوردستانیی. بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا بەڕێز کاک حسەین یەزدانپەنا سەرۆکی PAK ڕاپۆرتێکی گشتیی تێروتەسەلی لە ژێر سەردێڕی "کوردستان و PAK لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لێکدانەوەی ئەوەی ڕوودەدا و پێشبینی ئەوەی دادێ "پێشکەش کرد. لە ڕاپۆرتەکەی سەرۆکی PAKدا بۆ تێگەیشتن لە جیهانی ئەمڕۆ، ئاوڕێکی کورت درابووەوە لە قۆناغی کۆتایی شەڕی سارد و جیهانی دوو جەمسەریی، "سەرکەوتنی لیبراڵ-دیموکراسی" و سیستەمی جیهانی تاک-چەند جەمسەریی کە بە کۆمەڵێک بەها و نۆرمی سیاسەتی قۆناغی خۆی تا دەورووبەری ساڵانی- 2010 2008 درێژەی خایاند. لە ڕاپۆرتەکەدا، باس لەوە کرا بوو ئەو قۆناغە لیبڕاڵییەی کە هاوکات بوو لەگەڵ خێرایی بە جیهانییبوون) Globalization )، هێندێک دەرفەتی لەباری پێکهێنا بۆ نەتەوە بێدەوڵەتەکان کە بە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت بگەن یان لە ناو سیستەمە فیدڕالییەکاندا بڕێک لە ماف و ئازادییەکانیان وە دەست بێنن. لە ڕاپۆرتەکەدا، دامەزران و سەقامگیربوونی هەرێمی کوردستان بە دەسکەوتی ئەو قۆناغە دانرا بوو. لە شیکردنەوەی دۆخی ئارایی جیهان دا، ڕاپۆرتەکە جیهانی ئەمڕۆی بە گەڕانەوە بۆ نیۆڕیالیزم پێناسە کردبوو کە ئانارشی لە پێکهاتەی سیستەمی جیهانیی و ململانێی دەوڵەتە گەورەکان و هەوڵدانیان بۆ خۆ بەهێزکردن و پێکهێنانی هاوسەنگی هێز و لە هێندێک شوێن بۆ مانەوە و لە هێندێک شوێن بۆ زیاترکردنی هێز و هەژموونی جیهانی و هەرێمی، لە تایبەتمەندییەکانییەتی. لە ڕاپۆرتەکەی سەرۆکی PAK ئاماژە بەوە کرابوو کە لەم جیهانەدا، سات و سەودای زلهێزەکان بە لاوازەکان لە پێناو بەرژەوەندییە گەورەکانیاندا بابەتێکی ئاساییە و دامەزراوە و دەزگا نێونەتەوەییەکان دەور و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە و دادپەروەرییی و ئازادیی لە چاو بەرژەوەندیی و ئاسایش و هێز، جێگایەکی ئەوتۆیان لە حیساباتی نێودەوڵەتیی دا نییە. تەوەری دووهەمی ڕاپۆرتەکەی سەرۆکی PAK، بریتیی بوو لە ئاوڕدانەوە و شرۆڤەی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەم بەشە لە ڕاپۆرتەکەدا، باس لە تەقینەوەی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕ و پێکدادان و ململانێکان کرابوو. ڕاپۆرتەکە ئۆباڵی سەرەکیی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستبووە ئەستۆی ئەندازیارانی تەرتیباتی سیاسیی سایکس-پیکۆ کە بە بێ لەبەرچاوگرتنی ناسنامە و نەتەوە جیاوازەکان و ویست و بەرژەوەندییەکانیان، تەنیا لە سەر بنەمای دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتە بڕیار بەدەستەکانی ئەوکات، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەبێ گونجاویی ناسنامەی دانیشتووان لەگەڵ سنوورە سیاسییەکان، ژمارەیەک دەوڵەتیان دامەزراند کە هەر لە بنەڕەتەوە، فاکتەرەکانی بە دەوڵەت بوونیان نەبووە یان لاواز بووە. هەروەها زلهێزەکان لە جیاتی چارەسەرکردنی ئەو کێشە و قەیرانانەی سەرهەڵدەدەن و دەتەقێنەوە، تەنیا کێشە و قەیرانەکانیان بەڕێوە بردووە و ئاڕاستەیان پێداون. سەرۆکی PAK لە ڕاپۆرتەکەیدا، پێی لە سەر ئەوە داگرتبوو کە گۆڕانکاڕیی لە سنوورە سیاسییەکان و گەڕانەوەی ماف و بڕیار بۆ ئەو نەتەوانەی مافی بڕیاردان لە چارەنووسیان لێ زەوت کراوە و دەست هەڵگرتنی زلهێزەکان لە دەوڵەتە بناغە لەرزۆکەکان، ڕێگای ڕاستەقینەی چارەسەرکردنی بەشێکی زۆر لەو قەیران و کێشانەیە. بابەتی دیکەی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕاپۆرتەکەی سەرۆکی PAKدا، باس لە ڕووداوی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 بوو. ڕاپۆرتەکە ئەو ڕووداوەی بە خاڵێکی وەرچەرخانی سیاسی و ئاسایشی و سپایی لە ناوچەکەدا پێناسە کردبوو کە مێژووی ناوچەکەی بۆ پێش 7ی ئۆکتۆبەر و پاش 7ی ئۆکتۆبەر جیا کردووەتەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتبوو کە: لە کاتێکدا پرۆسەی ئاشتی و تەبایی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بەرەو تەواو بوون دەچوو، ئێران بۆ تێکدانی ئەو پڕۆسەیە و سازکردنی شەڕێکی دیکەی نێوان ئیسرائیل و عەرەبەکان، هێرشی 7ی ئۆکتۆبەری ڕێکخراوی حەماسی بۆ سەر ئیسرائیل ڕێکخست، بەڵام ستراتیژییەکەی تاران نەک هەر وەدیی نەهات، بەڵکوو لە لایەک ماڵوێرانی بۆ دانیشتوانی غەزە و کوشتار و بارمتە گیرانی دانیشتوانی سڤیلی ئیسرائیل لێکەوتەوە، و لەلایەکی دیکەوە دەست و باڵی ئیسرائیلی وەها ئاواڵە کرد کە بکەوێتە وێزەی بەشێک لە هێز و ڕێکخراوەکانی دەست و پێوەندی ئێران و بەڕادەیەکی زۆر لەکاریان بخات و هیلالی شیعە و میحوەری مقاومەت، پەک بخات و لەبەرەیەک بترازێنێ. ڕاپۆرتەکە، هەروەها ئاماژەی بەو ڕاستییە کردبوو کە لە هەر کوێ، ئێران خۆی تێکەڵی بزاڤێکی تەنانەت ڕەوا و ماف خوازانە کردبێ، یان بزاڤێکی مافخوازانە پشتی خۆی بە ئێرانەوە دابێ، سەرەنجامەکەی لەلایەک بەتاڵ بوون لە بەها و بایەخە ئازادییخوازییەکان و لەلایەکی دیکەوە بوونە ئامرازی ئێرانی لێکەوتووەتەوە. هەر لەم تەوەرە لە ڕاپۆرتەکە، باس لە سیستەمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرابوو کە پاش 7ی ئۆکتۆبەر لە لایان بنیامین نەتانیاهو جارێکی دیکە لە قۆناغێکی دیکەدا هێنراوەتەوە گۆڕێ. ڕاپۆرتەکە ئاوڕێکی لەو پڕۆژانە دابووەوە کە پێشتر لە لایان جۆرج بووشی کوڕەوە لە ساڵی 2004دا بە ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە و لە لایان شیمۆن پێڕێز و پاشان نەتانیاهو بە ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ و لە لایان محەممەدی خاتەمییەوە وەک ئالترناتیوی پڕۆژە ئەمریکی و ئیسڕایلییەکان بە ناوی گفتوگۆی شارستانێتیەکان، هاتبوونە بەر باس. ڕاپۆرتەکە خاڵی لاوازی هەموو ئەو پڕۆژانە لەوە دا دادەنێ کە لە ڕوانگە و گۆشەی بەرژەوەندییە نەتەوەیییەکانی ئەو وڵاتانەوە داڕژاوە و ویست و دەنگی نەتەوەکانی دانیشتووی ناوچەکەیان تێدا دیار نەبووە. لە ئاماژە بە پڕۆژەکەی خاتەمی دا ڕاپۆرتەکە بە پڕۆژەیەکی پڕ لە ڕیا و فریوکاری و مانۆڕی «تەقیە»ئاسایانەی داناوە. ڕاپۆرتەکەی سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان، سەبارەت بە ئاپدەیتی تازەی پڕۆژەکەی ئیسرایل، وێڕای ئەوەی دەست و قاچ بڕینی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێکهاتنی بلووکێکیی هەرێمیی لە بەرانبەر ئێران دا بە گۆڕانکارییەکی گەورە و بە قازانج بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاشتی و تەبایی و هەوسار کردنی تێرۆریزمی ئێرانیی دانابوو، هاوکات تەکەزیی لەوە کردبوو کە هەتا ئێران وەک دەوڵەت بەو جۆرە و کۆماری ئیسلامیی وەک سیستەمی سیاسیی، بمێنێ، هەڕەشە لە سەر ئاسایشی نەتەوە و دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەقامگیریی بەردەوام دەبێ. هەروەها هەتا کاتێ پرسی کوردستان و نەتەوە بێ دەوڵەتەکانی ناوچەکە، چارەسەر نەکرێ، هیچ پڕۆژەیەک ئاشتیی و ئاسایش و تەبایی درێژخایەن دابین ناکا. سەرۆکیPAK لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێ: ئێمە پشتیوانیی لە هەر پڕۆژەیەک لە هەر لایەکەوە دەکەین کە دەرفەتی بەدەوڵەتبوونی کوردستان، بخوڵقێنێ یان لەو پێناوەدا یارمەتیدەرمان بێ. لە تەوەرێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی سەرۆکی PAKدا، بۆ لێکدانەوەی دۆخی ئێستای ئێران، ئاوڕ لە ڕادەست کردنی دەسەڵاتی سیاسیی بە خومەینی و دارودەستەکەی لەلایان 8 وڵاتی پیشەسازیی دونیا لە سەر پشتی پاپۆڕی "گوادۆلۆپ" و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران درا بووەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کرابوو کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەر لەوەی لە سەر بنەمای فاکتەر و هۆکارە ناوخۆییەکانی ئەو دەمی ئێران دامەزرابێ، لە سەر ویست و بەرژەوەندیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بووە. ئەوەش لە بەر ئەم دوو هۆکارە سەرەکییە بوو: ١- دۆکتۆرینی پشتوێنەی سەوز بۆ دەورپێچکردنی یەکێتی سۆڤییەت واتە گەمارۆدانی. ٢- دروست کردنی جەمسەرێکی بەهێزی شیعە لە بەرانبەر جەمسەری سوننەی جیهانی ئیسلام. ڕاپۆرتەکەی سەرۆکی PAK بۆ کۆبوونەوەی مەجلیسی گشتیی PAK، دۆکتۆرینی پشتوێنەی سەوزی بەمجۆره شی کردبووەوە کە: بریتیی بوو لە ستراتیژییەکی سیاسی و لەشکریی و ئاسایشیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی یەکێتیی سۆڤییەت و ڕێلێگرتنی لە پەڕینەوەی نفوزی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاوەگەرمەکان؛ لە ڕێگای پشتیوانیی لە گرووپ و ڕەوتە ئیسلامییەکان و یارمەتیدانیان بۆ بە دەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسیی لە وڵاتانی موسڵماننشینی دەوروبەری یەکێتی سۆڤییەت. سەبارەت بە خاڵی دووهەم، ڕاپۆرتەکە بە ئاماژەدان بەوەی بە دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران، جەمسەرێکی دەوڵەتیی بەهێزی شیعە دژی جەمسەری سوننەی موسڵمان دروست کرا و بەم گۆڕانکارییە لەلایەک دەرفەتی یاریی بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە نێوان ئەو دوو جەمسەرە خولقا و ئێران بووە ئامرازێک بۆ ڕکەبەری و کۆنترۆڵی جەمسەری سوننە و لەلایەکی دیکەوە بە پیشاندانی ئێران وەک مەترسیی بە دەوڵەتانی کەنداو، ئەو دەوڵەتانە بە گشتی و سعودییە بە تایبەتی بوونە گەورەترین کڕیاری چەک لە کۆمپانیاکانی چەکسازیی ئەمریکا. ڕاپۆرتەکە بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە ئاماژەی بە ئامارێکی فرۆشتنی چەکی ئەمریکی بە سعوودییە و دوو وتەی جیاواز لە میخائیل گورباچۆف و باراک ئۆباما کردبوو. هەرچی سەبارەت بە ئامارەکەیە، ڕاپۆرتەکە باسی لەوە کردبوو کە لە نموونەیەکدا ئەمریکا لە ساڵانی 2015-2010، بە بڕی چەند ملیارد چەکی بە سعوودیا فرۆشتووە. هەروەها بە پێی ڕاپۆرتی Stockholm International pace Research institute(SIRRI)) ئەمریکا لە نێوان 2020-2015دا زیاتر لە 47%ی کۆی چەکە فرۆشراوەکانی بە سعوودیە بووە. ڕاپۆرتەکە لە زاری گۆرباچۆفەوە لە سمینارێک لە زانکۆی ویسبایدنی ئاڵمانیا دەڵێ: ئەمریکا ئێرانی ڕاگرتووە بۆ کێشانەوەی پارە لە عەرەبەکان و هەرکات پێویستی بە ئێران نەما، بەو چەکانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆکراوەنەتەوە لێیدەدا. هەروەها سەبارەت بە سیاسەتی ئۆباما، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە چاوپێکەوتنی باراک ئۆباما لەگەڵ جیفری گۆڵدپێرگ بۆ گۆڤاری The Atlantic کردبوو کە ئۆباما گوتبووی: پێویستە ئێران و سعوودیا ڕێگایەکی باش بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ناوچەکە لە نێوان خۆیاندا بەش بکەن. ڕاپۆرتەکە لەم بەشەدا دەڵێ: سەرنجڕاکێش و لە هەمانکاتدا جێی گاڵتە و گەپە کە سەرانی کۆماری ئیسلامیی لە کاتێکدا تۆمەتی بەستراوەیی بە بێگانە و ئێستکباری جیهانیی لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان و سەرکردە و پارتە سیاسییەکانی دەدەن کەچی ئێران وەک دەوڵەت و کۆماری ئیسلامیی وەک حکوومەتێک لەو دەوڵەتە، هەردووکیان بە ئەندازیاریی سیاسیی و سپایی زلهێزەکان دامەزراون و بە پشتیوانیی ئەوان مانەتەوە. ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە سیاسەتە ئاشکرا و نهێنییەکانی باراک ئۆباما و جۆبایدەن دابوو کە چلۆن بە گوێرەی خۆیان دەوری گرینگیان لە مانەوەی کۆماری ئیسلامی و هەوسار بۆ شل کردنی بۆ فراوانخوازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرهەمهێنانی درۆن و چەکی بالستی و تەنانەت هاژەکبارانی هەولێر و بنکە و بارەگاکانی لەشکر و پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوور، هەبووە. هەروەها چلۆن ڕێگەیان بۆ ئێرانییەکان خۆش کردبوو لە ئەمریکا بژین و لابی دروست بکەن. هەر لە تەوەری لێکدانەوەی دۆخی کۆماری ئیسلامیی دا، ڕاپۆرتەکە باسی لەوە کردبوو کە ئێستا هیچکام لە هۆکارە بنچینەیییەکانی دامەزراندن و مانەوەی ئەو سیستەمە سیاسییە نەماوە. چونکە لەلایەک یەکێتی سۆڤییەت نەماوە، لەلایەکی دیکەوە ئێران ئێستا پشتی بە ڕووسیاوە داوە و سەری به موسکۆ سپاردووە. هاوکات دەوڵەتانی عەرەبیی سوننە لە دۆخی شەڕ و ململانێ و هەڕەشە لە گەڵ ئیسرائیل نەماون. بەڵام ئێران خۆی بووەتە سەرچاوەی هەڕەشە لە ئیسرائیل و ئاڵۆزیی و ناسەقامگیریی لە ناوچەکە و ئەمریکاش لە ڕێگاکانی دیکەوە پارەی زۆرتری لە ناوچەکە دەست دەکەوێ، بەبێ ئەوەی پێویست بە نیشاندانی گورگ بێ پێیان. ڕاپۆرتەکەی سەرۆکی PAK کۆی ئەم گۆڕانکارییە له پێگەی ئێران لەگەڵ ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە شەڕ و تیرۆر و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە و جێگای لە ریزبەندییە سیاسییە جیهانی و ناوچەییەکە و لاوازبوونی متمانە و نەمانی شەرعیەتی لە ناو سنووریی جوغرافیایی سیستەمەکەدا، بە مانای نەمان و کۆتاییهاتنی بنەما و فاکتەرەکانی مانەوەی کۆماری ئیسلامیی دانابوو کە ئەگەر گۆڕانی پارادایمی لە سیستەمەکە ڕوو نەدات، یان گۆڕانێکیی کتوپڕی پێشبینی نەکراو لە ئەمریکا و ئیسرایل ڕوونەدا، لە ژێر زەبر یان پاڵەپەستۆی دەرەکیی و ڕاپەڕینی نەتەوەکانی جوغرافیای ئێران کۆتایی بە بوون و تەمەنی دێ. هەر لەم بەشە لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بە خاڵێکی گرینگ کراوە کە کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا لە گەڵ حکوومەت و سیستەمی کۆماری ئسیلامیی نییە. بەڵکوو بنچینەییتر لە گەڵ دەوڵەتی فارس(ئێران)ە. بۆیە دەبێ حەول بدرێ رێ لە نۆژەنکردنەوەی دەوڵەت-نەتەوەی فارس بگیرێ و هاوکات لە گەڵ کەوتنی حکوومەتەکەی، توخم و بناغە ڕەزاخانییەکانی دەوڵەتی ئێران هەڵبوەشێتەوە.ڕەتکردنەوەی یەک ناسنامە، یەک زمان و یەک نەتەوە و فرەنەتەوەیی دیتنی ئەو جوغرافیایە و داننان بە مافی دیارییکردنی چارەنووسی نەتەوەکاندا، واتای هەڵوەشاندنەوەی توخم و ڕەگەزە ڕەزاخانییەکانی دەوڵەتی دەستکردی ئێرانە. ڕاپۆرتەکە تەکەزیی لەوە کردبوو کە کۆماری ئیسلامیی لە دووڕیانی شەڕ یان تەسلیم بووندا گیری خواردووە. ئەگەر شەڕ هەڵبژێڕێ توانای بەربەرەکانی لە گەڵ تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی ئەمریکاییی و ئیسڕایلی نییە. ئەگەر مەرجەکانی ئەمریکا و ئیسڕایل قەبووڵ بکا، بە یەکجارییی لە ناسنامەکەی دادەماڵڕێ و دەبێتە قاوغێکی بەتاڵ و دافەتراو و توانا و هێزی مانەوەی نامێنێ، بەتایبەتیی کە نەتەوەکانی جوغرافیای ئەو دەوڵەتە خاوەن دەورن و لە ئامادەییدان بۆ ڕاپەڕین. بۆیە لە لایەک حەول دەدا ڕوومەتی خۆی لای لایەنگرە ئێرانی و هەرێمیەکانی هەر بە دروشمە باوەکانی سوور نیشان بدا و لە لایەکی دیکەوە، هەموو کاناڵەکانی پێوەندیی بەکار دەبا کە «شەیتانی گەورە» دەستی لێنەوەشێنێ و سەرکۆماری ئەمریکا لە هەڵوێستەکانی سارد بکاتەوە و کات و دەرفەتی سیاسیی بەدەست بێنێ بۆ ئەوەی ئەم دۆخ و قۆناغە تێبپەڕێنێ. تەوەرێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی سەرۆکی PAK ئاوڕدانەوە لە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پرسی پێویستیی چێکردنی بەرەیەک لەنێوان پارتە سیاسییەکانی کوردستان لە سەر بنەمای ئەستاندنی مافی چارەنووسی سیاسیی کوردستان بوو. لەم تەوەرەدا ڕاپۆرتەکە تیشکی خستبووە سەر تێکۆشان و حەولە فیکری و سیاسیی و کردارییەکانی PAK کە چۆن لە ڕاگەیەندراوی دامەزراندنی لە 30 گوڵانی 2691 کوردیی(20ی مای 1991ز)دا بەندێکی تەواو بۆ باس لە پێویستیی پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی تەرخان کردبوو و لە تەواوی 34 ساڵی پێشوودا، دەستی لەو بیرۆکەیە هەڵنەگرتووە. لەم بەشەی ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بە خاڵە سەرەکییەکانی لەمپەڕە کەتوارییەکان و بیانووە زەینییەکانی پێکنەهاتنی ئەو بەرەیە کرابوو. ڕاپۆرتەکە هەر لەم پێوندییەدا و لەم بارودۆخە هەرێمی و کوردستانییەدا، تەکەزیی لەسەر پێویستیی خاوکردنەوەی دەمارگرژیی حیزبیی بە قازانجی بزوتنەوەی گشتیی نەتەوەیی و پێویستیی هەڵگرتنەوەی هەنگاوی بەرپرسانەی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردبوو. لە ڕاپۆرتەکەدا سەرۆکی PAK پێی لە سەر ئەو ڕاستییە داگرتبوو کە پرسی یەکێتی و هاوپەیمانی و یەکریزیی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پارتی ئازادیی کوردستان بابەتێکی تاکتیکی یان بۆ ڕاستکردنەوەی لاسەنگیی یان چارەسەریی کێشەیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکوو پێویستی و بایەخێکی ستراتیژییە و لەسەر بنەمای کەتواری سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان و وەک دەربەستیی لە حاست نەتەوە و خاک و خوێنی شەهیدان و ڕەنجی تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان بووەتە خەمی پارتی ئازادیی کوردستان. لەم پێوەندییەدا، مەجلیسی گشتیی، کۆمیتەی پێوەندییەکانی پارتی ئازادیی کوردستانی ئەرکدار کرد بە درێژەدان بە هەوڵ و تەقەلاکانی کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دەوری بەرچاوی گێڕاوە. لەو تەوەرە لە ڕاپۆرتەکە تیشک خرابووە سەر کۆڵنەدان و ملنەدانی ڕۆڵەکانی کوردستان سەرەڕای زەبر و زەنگی ڕووتی دوژمنی داگیرکەر و دۆخی نالەباری ئابووری و هەروەها گەشەی بیری نەتەوەیی و پەرەسەندن و بە جەماوەرییبوونی سەربەخۆییخوازیی و پاشەکشەی بیری ئێرانچیەتی و پاشەکشەی ئایدۆلۆژیای نامۆ و بێگانە بە پرسی نەتەوەیی و دۆخی کوردستان. لەم بڕگەیە لە ڕاپۆرتەکەدا سەرۆکی PAK، سڵاوی ئەمەگ و سپاسی وەفاداریی پێشکەشی ڕێبەری شەهید کاک سەعید یەزدانپەنا وەک ڕچەشکێنی بیر و ڕێبازی سەربەخۆیی لە سەردەمی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و سڵاوی پێشکەشی شەهیدان و تێکۆشەرانی PAK کرد کە 34 ساڵە بە تێکۆشانی سەخت و کۆڵنەدەرانەیان ئەو ڕێگایان بڕیوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتبوو کە لە سایەی ڕچەشکێنی کاک سەعید و تێکۆشانی هەڤاڵە وەفادارەکانی، ئەمڕۆ نیشانە فیکری و سیاسیی و گوتارییەکانی PAKبە پانتایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدرەوشێنەوە و هیچ بوار و بەستێنێکی فیکریی، سیاسیی، و ئەدەبیاتی سیاسیی و گوتاریی نەتەوەیی و کوردستانیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە کە هێما و شوێنەوار و نیشانەی پارتی ئازادیی کوردستانی پێوە نەبێ. ئەو هێما و نییشانانەی سەردەمانێکی دوور و درێژ، زۆر کەس و لایەن بە خەون و خەیاڵی لاوێتیی ئێمەمانانیان دادەنا. لە تەوەرێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی سەرۆکی PAKدا، سەرنج درابووە سەر بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان و ڕەهەندەکانی ئەو بانگەوازە تاوتوێ کرا بوو. لە ڕاپۆرتەکەدا لەو بارەوە هاتبوو کە هەتا ئێستا پرۆسەیەک بۆ چارەسەرکردنی پرسی کوردستان لە ترکیا لە گۆڕێدا نییە و لێدوانەکانی کاربەدەستانی ترکیا هەڵگری هیچ پرۆژەیەک بۆ چارەسەرکردن یان نیازی چارەسەرکردن نیین و ئەو لێدوانە گشتییانەی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی جەهەپە، پێوەندییان بە دۆخی نوێی ناوچەکە و نیگەرانییەکانی ئەو وڵاتە لە ئاکامەکانی و حەولدان بۆ گۆڕینی هەڕەشەکان بە دەرفەت، دەخوێندرێتەوە. سەبارەت بە ناوەڕۆکی بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجەلانیش ڕاپۆرتەکە باسی لەوە کردبوو کە ئەگەر لە بانگەوازەکەیدا، نیاز و حەوڵێک بۆ ئازادبوونی لە زیندان لە ئارادا بێ، حەول و نیازێکی ڕەوایە. هەروەها ئەوەندەی بۆ خۆ دووبارەکردنەوەی PKK و پێویستیی ئاڵوگۆڕ دەگەرێتەوە، سەبارەت بەوەی PKK لە پاش گیرانی سەرۆکەکەیەوە لە پارتێکی سەربەخۆییخوازی نەتەوەییەوە بەرەو پارتێکی بێ باوەڕ بە نەتەوە و نەتەوەخوازیی گۆڕا و بەڕاشکاویی بەرهەڵەستی و دژایەتیی خۆی لەگەڵ سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونی کوردستان ڕاگەیاندووە و ستراتژیی خۆی لە چوارچێوەی کۆماری تورکیادا داڕشتووە؛خۆ هەڵوەشاندنەوە و گۆڕینی شێوە و شوێنی تێکۆشانی لەگەڵ لۆژیک گونجاوە؛ بەڵام بەشی دووهەمی پەیامەکە چ وەک شیکاریی مێژوویی و چ وەک ڕێکاری چارەسەر، هیچ نزیکییەکی لەگەڵ حەقیقەتی مێژوویی و دۆخی کوردستان و ڕێگای چارەسەریی و مافی نەتەوەییدا نییە. لەو پەیامەدا تەنانەت مافی کەلتوریی کوردییش ڕەتکراوەتەوە و بە کورد ڕەوا نەبینراوە.بۆیە ئەوە تەنیا وەک نموونەیەکی تایبەت بە دۆخی PKK چاو لێدەکرێ و لای ئێمەوە نابێتە نموونەیەک بۆ چاولێکەریی. هەر لەو پێوەندییەدا ڕاپۆرتەکەی سەرۆکی PAK، تەکەزیی کردبوو کە سەرەڕای ئامانجی کاربەدەستانی ترکیا و عەبدوڵڵا ئۆجالان، ئەوان تەنیا ئەکتەری گۆڕانکاری و ڕووداوە شیمانەییەکانی ترکیا نیین، بەڵکوو لەلایەکەوە ئەکتەرە هەرێمی و بان هەرێمییەکان دەور دەگێڕن و لەلایەکی دیکەوە کورد وەک نەتەوەیەک کە هیچ پڕۆژە و پڕۆسەیەکی ئاسمیلاسیۆن و قڕکردن نەیتوانیوە لە تێکۆشان بۆ ئازادیی لای بدا، ئەکتەرێکی هاوکێشەکانە. بۆیە کارلێکەریی ئەم ئەکتەرانە لە یەکتر، دەتوانێ ڕەوت و پڕۆسەیەک بخولقێنێ کە لە نیاز و خەیاڵی تەنیا یەک یان دوو ئەکتەری هاوکێشەکە، بەدەر بێ و تەنانەت دەتوانێ لە کۆنتڕۆڵی ئەوانیشدا نەمێنێ. لەم بڕگەیە لە ڕاپۆرتەکەی سەرۆکی PAKدا هاتبوو کە: پارتی ئازادیی کوردستان هەم خوازیار و هەم پشتیوانی چارەسەری پرسی کورد و کوردستان لە ڕێگای ئاشتی و هێمنانەوەیە، بەڵام ئاشتیی ڕاستەقینە لە سەر بنەمای دادپەروەری و دابین بوونی ماف و بەرابەریی سیاسی-حقوقیی دەبینێ، نەک پڕۆژەیەک کە ناوەرۆک و ئامانجی تواندنەوەی کورد بێ و دەسەڵاتی حاکم بە ئاشتیی و ماف، تەفسیری بکات. بابەتێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە، هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سووریا بوو. ڕاپۆرتەکە سەبارەت بە دۆخی سووریا باسی لەوە کردبوو کە بایەخدانی دەرەکیی بە سەقامگیریی و نەترازان و سازنەبوونی کۆچڕەو بەرەو ئەورووپا، ئەو هۆکارە سەرەکییە بوو کە ئەگەر کاتییش بێ دەوری رۆنیشتنی لە جێگای بەشار ئەسەد بە ئەحمەد شەرع و ڕێکخراوەکەی بەخشیوە، بەڵام بارودۆخی سووریا بە هۆی کەڵەکەبوونی سەد ساڵەی قەیرانەکانی لە دۆخێکی لەرزۆک دایە و پێکهاتەی دانیشتووانەکەی و پلان و ئەجندای ئیسرائیل ناتوانێ ئەو سیستەمە سیاسییە هەڵگرێ کە ئەحمەد شەرع بە تەمایەتی. یاسای بنەڕەتیی کاتییش، هیچ ئاسۆیەکی دێموکراتیک لە سووریا پیشان نادا. ئەوەندەی بۆ دۆخی کوردستان و کورد لە ڕۆژاوای کوردستان دەگەڕێتەوە ڕاپۆرتەکە باسی لە هەبوونی دەرفەت و هەڕەشەی هاوکات لە سەر دۆخی ڕۆژاوای کوردستان و خۆسەرییەکەی کردبوو کە لە دۆخێکی هەستیار و پڕ لە پارادۆکسدایە و زۆر تێکەڵ و مەرجدارە بە هەڵوێستی ئەکتەرە هەرێمی و سەروو هەرێمییەکان و ململانێی ئەو ئەکتەرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و لەسەر سووریا. هەر لەم تەوەرە لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە ڕوانگە و سیاسەتەکانی ئەحمەد شەرع لە سەر پرسی کوردستان و کورد کرابوو کە لە چاو دەسەڵاتی پێشووی ئەو وڵاتە گۆڕانێکی ئەوتۆی تێیدا بەدی نەکراوە. ئەوەش لە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ژێنڕاڵ مەزڵووم عەبدی و لە دەستوورە کاتییە راگەیەندراوەکەی سووریادا دیارە. ناوەرۆکی ئەو ڕێککەوتنە دانی بە بوونی "گەل" یان "نەتەوەیەک" بە ناوی کورددا نەناوە و هەر لە چوارچێوەی مافی هاووڵاتیی ئاماژەی بە مافەکانی کورد کردووە. هەرگیز نەدەبوو ژێنێڕاڵ مەزڵووم ئەو زوڵمنامەیە واژۆ بکات.هەروەها دەستوورە کاتییەکەی بەردەوامیی دەوڵەتێکی سادەی سانتراڵی نەتەوەیی عەرەبیی وێنا دەکا. هەر لەم بەشە لە ڕاپۆرتەکەدا، دیدار و هاتووچۆکانی نێوان فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ڕێبەرانی باشووری کوردستان بە هەنگاوێکی دڵخۆشکەر دانراوە و لەسەر پێویستی یەکێتی و یەکڕیزیی هێز و پارتە سیاسییەکانی ڕۆژاوای کوردستان پێداگریی کرابوو. ڕاپۆرتەکە لە کۆتایی باسی سووریا و ڕۆژاوای کوردستاندا بە هیواوە بۆ ئاسۆی دۆخی ڕوژاوا ڕوانیبووی کە سەرەڕای هەڕەشەکان و ژیان لە دۆخێکی تێکچڕژاوی بەرژەوەندیی و تەماحی دەوڵەتانی یاریکەر لە سووریا و سەرەڕای هێرش و هەڕەشەکانی تورکیا، ڕێگای خۆی دەبڕێ و بەرەو هەرێمێکی سەقامگیر هەنگاو دەنێ. دوا بڕگەی ڕاپۆرتی سەرۆکی PAK بۆ کۆبوونەوەی مەجلیسی گشتیی بریتی بوو لە باسی ڕێوڕەسمەکانی نەوڕۆژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کرابوو کە چۆن دەسەڵاتدارانی ئێرانی لە سەد ساڵی ڕابردوودا بە پرۆژەی سیستەماتیک هەوڵی گۆڕینی ڕەگەزەکانی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و بە ئێرانیی کردنیان داوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە نەوڕۆژ یەکێ لەو بۆنانەیە کە هەتا ئەم چەندساڵەی دوایی گێڕانەوە و تەفسیری ئێرانیانەیان لێ شەتەک دابوو. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە تێکۆشانی فکریی و گوتاریی پارتی ئازادیی کوردستان کرابوو کە چۆن وێڕای پاراستنی نەوڕۆژ وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی کوردستان، لە تێکۆشانێکی بەردەوامدا بووە بۆ داماڵینی بەرگی ئێرانیی لە بەری و ئەوەندە لە سەری چووە تا بەخۆشییەوە، دووساڵە ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵات نەوڕۆژی کوردستانیان لە نەورۆزی ئێرانی جیا کردووەتەوە. ڕاپۆرتەکە، نەوڕۆژی ئەمساڵ بە نواندنی ڕەزمی ناسنامەی نەتەوەیی پێناسە دەکات و دەڵێ: ئێستا ئیتر نەوڕۆژ لە کوردستان نە لە شێواز و نە لە ناوەرۆک و نە لە پەیامدا، نەورۆزی ساختەی ئێرانی نییە، بەڵکوو نەوڕۆژی کوردستانە کە هەڵگری بەها و ڕەگەزە ناسنامەییە کوردستانییەکەیەتی کە هەم سەمایە، هەم ڕەزمە، هەم ڕەفتاری سیاسیی و بەستێنێک بۆ بەرەنگاریی داگیرکەرە، هەرلەو کاتەشدا نوێنگەی فرە چەشنیی و فرە ڕەنگیی کۆمەڵایەتی و مەیلی پێکەوە ژیان و پێکەوە حەوانەوەی کوردستانیانە. هەر لە باسی نەوڕۆژدا ئاماژە بە پێوەندیی نێوان نەوڕۆژ و پارتە سیاسییەکان و خەڵک کرابوو. ڕاپۆرتەکە تەکەزیی لەوە کردبوو کە پێویستە نەوڕۆژ وەک بۆنە و بەستێنێکی گشتیی نەتەوەیی کوردستانی ببیندرێ و ببێتە فاکتەر و هاندەری یەکێتی و یەکڕیزیی پارتە سیاسییەکان، نەک سووژەی ناکۆکیی و ڕکەبەریی حیزبی و دابەشکردن. ئەگەر بێتوو حەول بدرێ نەوڕۆژ ببێتە گۆڕەپان و بەستێنی حیزبیی، تایبەتمەندییە نەتەوەیی و گشتییەکەی لێ دادەماڵڕێ و یەکگرتوویی خەڵکەکە زیان دەبینێ تووشی دابەشبوون دەبێ. بۆ نەتەوەی بێدەوڵەت هەمیشە ئەگەر و هەڕەشەی ئەوە هەیە، داگیرکەرەکەی فرەییە کەلتوورییەکانی بە دژی ئەو نەتەوەیە بەکار بێنێ.بۆیە ئەو بەستێنانە زۆر هەستیارن و دەبێ زۆر ژیرانە، هەڵسوکەوتیان لە گەڵ بکرێ. ڕاپۆرتەکە داخ و کەسەری دەربڕی بوو کە حیزبە سیاسییەکان نەیانتوانی و نەیانویست هەنگاوێکی یەکگرتووانە بکەنە نەوڕۆژانەیەک بۆ ئەو خەڵک و خاکەی حەماسەیەک لە دەبڕینی ناسنامەی نەتەوەیی و نەبەردێکی هێمایی و واتایییان دژی داگیرکەری ئێرانیی خوڵقاند . لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتبوو کە خەڵکی کوردستان لەم نەوڕۆژەدا ڕێفراندۆمێکیان بەڕێوە برد و پەیامی خۆیان گەیاندە گشت جیهان. خەڵکی کوردستان لەم ڕێفراندۆمەدا ڕایانگەیاند کە ئەوان کوردن و کوردستانیین، ئێرانیی نیین. ئێستا ئیتر پێویستە پارتە سیاسییەکان ستراتیژ و سیاسەتی خۆیان لەگەڵ ویست و ئاواتی خەڵکی کوردستاندا بگونجێنن و ئەوەی خەڵک لە نەوڕۆژدا پیشانیاندا بکەنە بنگەی ستراتیژی سیاسییان کە شتێ بێجگە لە دەوڵەت و سەربەخۆیی کوردستان نییە. بە دوای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستاندا، پاش نێوبڕێکی 24 ساعەتی، مەجلیسی گشتیی تاوتوێ و هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتەکەی خستە بەرباس و لێکدانەوە. لەم بەشە لەکارەکانی کۆبوونەوەکەدا هەرکام لە ئەندامانی مەجلیسی گشتیی PAK ڕا و سەرنج و تێبینیی خۆیان لە سەر کۆی ڕاپۆرتەکە و تەوەرەکانی خستە ڕوو و گفتوگۆیان لە سەر کرا . تەوەری کۆتایی کۆبوونەوەی مەجلیسی گشیی PAK، بریتیی بوو لە باس و گفتوگۆ لە سەر هێندێک پرس و بابەتی ناوخۆیی حیزبی کە بڕیار و ڕاسپاردەیان بۆ دەرچوو. کۆبوونەوەی مەجلیسی گشتییی پارتی ئازادیی کوردستان، بە هیوای پتەو بە سەرکەوتنی نەتەوەی کورد و ئیرادەی لێبڕاوی بەردەوامیی لە خەبات لە پێناو سەربەخۆیی کوردستان و شانازیی بە دەوری گوتاریی و سیاسیی و کرداریی پارتی ئازادیی کوردستان لە گەشەی بیری نەتەوەیی و پەرەسەندنی و بە جەماوری بوونی سەربەخۆییخوازیی، کۆتایی بە کارەکانی هێنا. پارتی ئازادیی کوردستان PAK مەجلیسی گشتیی 14ی خاکەلێوەی 2725 3ی ئاپریلی 2025
ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی مەجلیسی گشتیی پارتی ئازادیی کوردستان PAK