ناسیونالیزم و ژینگە پارێزیی؛ کۆلۆنیالیزم و ڕزگارییخوازیی (پێشکەش بە شەهیدی تازەی پاراستنی ژینگەی نیشتمان)
4 رۆژ پێش ئێستا
ناسیونالیزم و ژینگە پارێزیی؛ کۆلۆنیالیزم و ڕزگارییخوازیی
(پێشکەش بە شەهیدی تازەی پاراستنی ژینگەی نیشتمان)
پێشەکیی
لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا هاوکات لە گەڵ داگیرکاریی لەشکریی و پڕۆسە و پڕۆژەکانی ئاسمیلاسیۆن و بەئێرانیی کردنی کورد، ژینگەی کوردستانیش لە بەر پەلامار و دەستدرێژی بێپسانەوەدا بووە. کۆماری ئیسلامی وەک شێوەی قۆناغی پەهلەویی یەکەم دەورێکی توند و خێراتری بۆ داگیرکردنی لەشکریی و تێکدانی ژینگە و بەتاڵانبردنی سامانی سرووشتیی کوردستان هەڵگرت.تاران دەستی لە ژینگەی سەر زەوی و بن زەوی کوردستان نەپاراستووە.هەڵبەستنی لە گۆترە و بێ حیسابی دەیان بەنداوی گەورە و پچووک، گوێزانەوەی بە ئاشکرا و بە نهێنیی ئاوی کوردستان بۆ ناوچەکانی دیکە، لەناوبردنی دارستانەکان و ئاگر خستنە گیانیان و تێکدان و شێواندنی ئێکۆ-سیستەمی کوردستان و زیانی گەورە لە ئابووریی کوردستان؛ دیارترین دەستدرێژییەکانی تاران لە سەر ژینگەی کوردستانن.
لە حاند ئەو دەستدرێژییە ژینگەییانەدا، لە دوو دەیەی ڕابردوودا، کوردستان وەک ڕەهەندەکانی دیکەی بەرەنگاریی نەتەوەیی، لەو بەستێنەش دا لە بەرەنگاریی دا بووە. بێجگە لەوەی بیر و کەلتووری ژینگەپارێزی بە بەربڵاویی لە ئاستی تاکەکاندا گەشەی کردووە، دەیان ڕێکخراوی ژینگەپارێز بە بێ ئەوەی هیچ پاڵپشتیی و هاوکارییەکی حکوومەتییان هەبێت، لە سەر ئەرک و توانای خۆیان، بوونە پاسەوانی پاراستنی ژینگەی کوردستان و ململانێ و بەربەرەکانێ لە گەڵ ڕەفتار و پڕۆژە تێکدەرانە و تاڵانکەرانەکانی داگیرکەر. تێکۆشەرانی ژینگەپارێزی کوردستان نەک هەر کات و داهات و تاقەتی خۆیان بۆ ئەو بەرەنگارییە تەرخان کردوە، بەڵکوو گیانیشیان لەسەر داناوە. دوێنێ گیانبەختکردنی حەمید مورادی لە کاتی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی داگیرکەر خستبوویە گیانی دارستانەکانی ئاوییەر، برینی شەریف باجوەر و هاواڵانی کولاندەوە. چشتێ هاندەر و پاڵنەری ئەم ئاستە لە فیداکاریی و لەخۆر بوردووییە؟
ئەم دێڕانە حەولێکن بۆ ڕوونکردنەوەی سەرچاوەی ئەو بیر و هێز و وزەیەی کە ئەو فیداکاریی و لەخۆبوردووییە دەخوڵقێنێت.
ناسیونالیزم و ژینگە پارێزیی
بە هاناوەچوونی دارستانەکان و هێلانەی باڵندە و پەلەوەرەکانی سەر لق و پووپەکان و گیانلەبەرانی ژێر سێبەر و بن گەڵا وەریوەکانیان لە گڕی بێ ئامانی ئاگر و هەڵقرچانی جەستەی فەریاد رەسانیان؛ پێوەندیی نێوان ناسیونالیزم و ژینگەپارێزی (ئێکۆ ناسیونالیزم) لە لایەک و سیاسەتی کۆلۆنیالیستی دەسەڵاتی حاکم و خەباتی ڕزگارییخوازیی لەلایەکی دیکەوە پیشان دەدات.
دوێنی هەڵمەتی فیداکارانەی شەریف باجوەر و ئەمڕۆ حەمید مورادی و هاوڕێکانیان بۆ ڕزگار کردنی بوارێک لە ژینگەی کوردستان، جارێکی دیکە ئەو تێگەیشتنە لە ئەکتی ژینگە پارێزیی ڕەت کردەوە کە گۆیا پرسی ژینگە و ژینگەپارێزیی هی زگ تێرەکانە و چالاکیە ژینگەپارێزییەکان هەڵسوکەوتی لووکسن و ئامانجیان خۆ خەریک کردن و پشوودانە. (Cayuela 37:2018)
بەڵکوو لە کەیسی کوردستان دا دەریدەخات کە ئەو باوەڕ و ڕەفتارە بەشێک لە ئایدۆڵۆژیا یان دیسکۆرسێکی ئەرک خولقێنە و ئەو گریمانەیە دەسەلمێنێ کە ژینگە و سەرچاوە سرووشتییەکانی نەتەوە بندەستەکان بەشێکن لە ناسنامەی نەتەوەیی و لە پرسی ناسنامە و سەربەخۆییخوازیی دا، دەوری گرینگ دەگێڕن.( 2019, Holm,c.,&farina)
«رابرت چمبرز» لە سەر ئەوە پێدادەگرێ کە نەتەوە بندەستەکانی وەک کورد لە تێکۆشان لە پێناو سەربەخۆیی دا، پێویستیان بە پاراستنی خاک و سەرچاوە سرووشتییەکانیانە. ئەم تێگەیشتنە تەنیا وەک سەرچاوەیەکی ئابووریی لە ژینگە ناڕوانێ بەڵکوو ژینگە بە بەشێک لە ناسنامەی نەتەوەیی دادەنێت.( Chambers.R, 2015)
لە کوردستانی داگیرکراو، بابەتی ژینگە لە کۆی پرسی کوردستان و دۆخی داگیرکراویی و بندەستیی و میلیتاریزەکران جیا نییە. هەر وەک ئەو ئەزموونانەی کە دەریانخستووە لە کۆمەڵگا کۆلۆنییکراوەکان دا، تێکۆشانی ژینگەپارێزیی زۆربەی کات لەگەڵ خەباتی سیاسیی هاوگر و ئاوێتەیە. چوونکە کۆڵۆنیالیستەکان لە ڕەوتی دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئەو کۆمەڵگایانەدا، نەک هەر سەرچاوە سرووشتییەکانیان تاڵان دەکەن، بەڵکوو ژینگەکەشیان تێکدەدەن. بۆیە ناسیونالیزمی ئەو کۆمەڵگایانە، بە شێوەی سرووشتی ڕوو لە بایەخدان بە ژینگە و پاراستنی ژینگەکەیان دەکەن. (Hobson،2004)
ئاکامە کارساتبارەکانی داگیرکراویی کوردستان و بێبەشیی لە دەوڵەت و سەروەریی نەتەوەیی تەنیا لە سەر ژیانی تاک و خێزان و کۆمەڵگا و نەتەوە نییە، بەڵکوو لە ڕەهەندی ژینگەشەوە جارێکی دیکە بەرهەم دێنەوە. لەناو بردنی دارستانەکانی زاگرۆس، هەڵبەستنی لە گۆترەی بەنداوەکان، کوێر کردنی کانیاوەکان و لە ناو بردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان، ڕاگوێزانی گوند و ئاواییەکان، گوێزانەوەی سامانی ئاوی کوردستان بۆ پیشەسازیی دەوڵەت لە شارە گەورەکان، ئەو شەڕ و ڕەفتار تێکدەرانە ئێستعمارییانەن کە تاران لەگەڵ کوردستانی دەکات.
فۆکۆ بە تێگەیشتن لە ڕاستییەیە کە دەڵێ: کۆلۆنیالیستەکان لە تێکدانی ژینگە بۆ دەستبەسەرداگرتن و بردنە ژێرفەرمانی ئەو کۆمەڵگایانە کەڵک وەردەگرن و نەک ئابوورییەکەیان کۆنترۆڵ دەکەن، بەڵکوو هەڕەشەی ئاسایشیی لە سەر ژینگەکەیان پێکدێنن کە ڕاستەوخۆ لە سەر ژیان و سڵامەتیی گشتییان، کاریگەری دادەنێ. ( Foucauit2003)
کڵۆنیالیزم و ڕزگارییخوازیی
دروشمەکانی دوێنێی سنە لە کاتی گوێزانەی تەرمی حەمید مورادی بۆ ئامێزی خاک، دەربڕی ئەوەن کە دروشمدەران لە پێوەندیی نێوان دۆخی ژینگەی کوردستان لە گەڵ کۆی پرسی کوردستان و هاوکات بناغە و بنەمای کێشەکە تێگەیشتوون. دروشمەکانی:«داگیرکەری ئێرانی قاتڵی ڕۆڵەمانی» و «ژین و ژینگەی کوردستان سووتاوی دەستی ئێران»، بەیانی ئەو ڕاستییەن کە ئەوەی سەرچاوەی کوشتار و پەلامار و سووتاندنی ژینگەیە و بیر و سیاسەت و ڕەفتاری سیستەمەکە و دامەزراوەکانی بۆ ئەو ڕەفتارە ئیستیعمارییە بەردەوام بەرهەم دێنێتەوە، قەوارەی دەوڵەت- نەتەوەی فارسە کە بەدەر لە ویست و بەرژەوەندیی و بەشداریی خەڵکی کوردستان پێکهاتووە و سەقامگیربوونی بە ناو ڕووبارێک لە خوێنی کورد دا تێپەڕیوە. هاوکات دیوی دیکەی ئەو دروشمانە بریتیە لەوەی هەتا کوردستان لە ژێر سەروەریی و دەسەڵاتی دەوڵەت-نەتەوی فارس دا بێ، ئەم بارودۆخە بەردەوام دەبێت. ئەوەش بەواتای ئەوەیە کە کۆتاییهاتنی هەڕەشە و مەترسیی لە سەر تاک و خێزان و کۆمەڵگا و ژینگەی کوردستان، لە گرەوی هەڵگرتنی تەوقی ئەو سەروەرییە و پێکهێنانی ئەو سازی و دامەزراوەیە کە دەبێ سەر و ماڵ و ژینگەی نەتەوە و نیشتمان بپارێزێ. دەوڵەتی کوردستان!
کۆبەند
روکنێکی سەرەکیی ناسیۆنالیزمی کوردستانیی«سەوز»ـیەکەیەتی. واتە بایەخدان بە ژینگەی کوردستان وەک بەشێک لە مێژوو و ناسنامە و بیرەوەرییە گشتییەکان و پاراستنیان. ئەو تایبەتمەندییەیە، ڕاستەوخۆ ژینگە و ژینگەپارێزیی کردووەتە بەستێنێک بۆ بەرنگاربوونەوەی داگیرکەر. ڕووکنێکی دیکەی مەعناخوڵێنییە. ناسیۆنالییستە ژینگەپارێزەکانی کودستان بەو ڕەفتار و ئەکتەیان مانا بە ژیان دەبەخشن و دەربەستیی بۆ بەهاکان و خاک و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگەیی بەرهەم دێننەوە.
ژینگەی بەرپەلەمارکەوتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی داگیرکراو و برینەکانی جەستەی باجوەرەکان و حەمید مورادییەکان، بەردەوام ئەو هەقیقەتە دەردەخاتەوە کە، هەتا دەوڵەتمان نەبێ، هەر ئەوە دۆخ و بەشمان دەبێ.
حسەین یەزدانپەنا
٤ی گەلاوێژی٢٧٢٥ک
٢٦ی جوولای ٢٠٢٥ز
Cayuela, S. R. (2018). Subaltern Environmentalism in Can Sant Joan. In Through the Working Class, Ecology and Society Investigated Through the Lens of Labour, edited by S. Cristiano, .52–35
Holm, C., & Farina, V. (2019). Nationalism and the Environment: Searching for the Simultaneous Expansion of Human Rights and Land. Journal of Environmental Politics, 23(2), 305-324.
Chambers, R. (2015). Environment and Social Justice. Global Environmental Politics, 20(4), 58-76.
Hobson, J. (2004). Colonialism and Environmental Security. Environmental Politics, 29(3), 231-245.
Foucault, M. (2003). Biopolitics and Environment. Critical Theory and Environmental Politics, 12(1), 91-10