پارتی ئازادیی کوردستان
لەپێناو دامەزراندنەوەی دەوڵەتی جمهوریی کوردستاندا
سەرەتا
ئاخاوتن
بابەت
دیدار
بۆ کوردستان
کوردستانی
ناوچەیی
جیهانی
سەرۆکایەتی
ڕاگەیەندراو
کۆمیتەی ناوەندی
مەجلیسی گشتی
هیتر
هونەر و وێژە
پێشمەرگە
مافی مرۆڤ
دیمانە
کۆنگرەی یەک
ڤیدیۆ
پەیوەندی
ئەرشیف
ئەرشیفی پێشومان
پەیوەندیمان پێوە بکە
2025-08-02 ناسیۆنالیزمی فارس؛ دوورینی ناسنامەیەکی خوێناویی بۆ دەوڵەت و دانیشتوان 2025-07-31 دروشمە نوێیەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان؛ زمانی رزگاریی و شکستی نەتەوەسازیی ئێرانیی 2025-07-30 سنە و سەقز فیداکاریی ژینگەپارێزانیان، بەرز ڕاگرت 2025-07-28 شەهیدبوونی سێهەمین ژینگەپارێزی برینداری ئاگرکەوتنەوەکەی چیای ئاویەر 2025-07-28 دار و دەوەنی نیشتمان و جەستەی لاوەکانی،لە ئاگری داگیرکەردا (ڕاگەیەندراویPAKبە بۆنەی گیانبەختکردنی٣لاوی نیشتمان) 2025-07-27 شەهیدبوونی ژینگەپارێز چیاکۆ یوسف نژاد، لە ئاکامی سەختیی برینەکەیەوە 2025-07-27 ناسیونالیزم و ژینگە پارێزیی؛ کۆلۆنیالیزم و ڕزگارییخوازیی (پێشکەش بە شەهیدی تازەی پاراستنی ژینگەی نیشتمان) 2025-07-25 حەمید مورادی چووە ریزی شەهیدانی ژینگە و پاراستنی سروشتی کوردستانەوە 2025-07-25 ژین و ژینگەی کوردستان؛ سووتاوی دەستی ئێران ڕاگەیەندراویPAK سەبارەت بە خۆپیشاندان و دروشمە نەتەوەییەکانی ئەمڕۆی سنە 2025-07-25 شەڕی دەوڵەت لە گەڵ نەتەوەیەک لە «مێژووی ٢٥ ساڵەی ئەڕتەشی ئێران»دا مەزنیی سمکۆ و عەزەمەتی قەڵای چارییە لە گێڕانەوەی مێژوونووسی دەوڵەتی فارس دا 2025-07-21 دیداری نێوان رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان و تیپی تەوارەکانی ئازادیی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات. 2025-07-21 دیداری نێوان رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان و تیپی تەوارەکانی کوردستان لەگەڵ رێکخراوی ژنانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان 2025-07-21 ⭕️ئەو برینەی ساڕێژ ھەڵناگرێ! 2025-07-19 لە دیداری نێوان رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان و تەوارەکانی ئازادیی کوردستان دا، پێ لەسەر دەورگێڕانی زیاتری ژن داگیرا. 2025-07-19 لە سنەوە بۆ سوەیدا سنوورەکانی دەوڵەت، سەروەریی و ئاسایشی مرۆڤیی
4 کاتژمێر پێش ئێستا
ناسیۆنالیزمی فارس؛ دوورینی ناسنامەیەکی خوێناویی بۆ دەوڵەت و دانیشتوان 🔹پێشەکیی: هەرچەند پرسی ناسنامە، بابەتێکی تازە نییە لە کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتیی دا بەڵام رەوتی بەجێهانییبوون پرسی ناسنامەی لە هەموو ئاستەکانی تاک و گرووپ و کۆمەڵگاکاندا، زەق کردەوە و کردیە یەکێ لە سەرەکییترین خەم و خەونەکانی هەرکام لەم ئاستانە. لە رەوتی بەجیهانیبوون دا پرسیاری «من کێم؟»و «ئێمە کێین؟لە بەردەم هەموو تاک و گرووپەکاندا قوت بوویەوە و لە رەهەندی وەڵام بەم پرسیارەوە، هەر تاک و گرووپ و کۆمەڵگایەک خۆی پێناسە کردەوە و حاڵ و داهاتووی خۆی لە پێوەندیی لەگەڵ جیهانی دەورووبەری خۆی دا، وێنا دەکا. هاوکات، بەجیهانییبوون لەگەڵ ئەوەدا، بەستێنی پێکهاتنی ناسنامە نوێیەکان و ھێندێک ناسنامەی هاوبەشی پێکهێناوە. " لە رووی زمانەوانییەوە، ناسنامە Identity”" لە وشەی Identities’ وەرگیراوە و بە دوو مانای بە ڕواڵەت دژ بە یەک بەکار دەهێنرێ: 1- وەک یەکیی رەها. 2- جیاوازیییەک کە سەقامگیری و بەردەوامیی بەدرێژیی زەمان لە خۆ بگرێ. ئەگەرچی ئەو دوو واتایە ناتەبا و دژ بەیەک دێنە بەرچاو، بەڵام لە ناوەڕۆک دا دوو لایەنی سەرەکیی و تەواوکەری «ناسنامە»ن کە لە باسی چییەتی ناسنامەدا، دەگوترێن.1 لە قامووسی کۆمەڵناسیی دا ناسنامە بەمجۆرە پێناسە کراوە کە بریتییە لە: " تێگەیشتنی تاڕادەیەک جێگیری تاک لە کێ بوون و چی بوونی خۆی کە لە رێگای هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی تاک لەگەڵ ئەوانی دیکە لە پڕۆسەی کۆمەڵایەتی بوون دا، پێکدێ".2 لە روانگەی زۆربەی کۆمەڵناسان و مرۆڤناسانەوە، ناسنامە دوو جۆری سەرەکیی هەیە کە بریتییە لە: ١- ناسنامەی تاکیی،کە بریتییە لەو تێگەیشتن و زانینەی هەرکەسێک لە پێوەندیی لەگەڵ کۆمەڵگا و تاکەکانی دیکەدا لەسەر خۆی هەیەتی و خۆی پێ پێناسە دەکات. هەروەها ئەو تێگەیشتنەی کۆمەڵگا و تاکەکانی دیکە لەسەر تاکێک هەیانە. ٢- ناسنامەی گرووپ یان بەکۆ، کە بریتییە لە هەستی گرێدراویی تاک بە یەکە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خێزان، بنەماڵە، خێڵ و نەتەوە و هەستی دەربەستی و وەفا لە حاست ئەون دا. * ناسنامەی نەتەوایەتی: ناسنامەی نەتەوایەتی، بریتییە لە تایبەتمەندییە مادی و مەعنەوییەکانی نەتەوەیەک کە بەڕادەیەکی دیار، سەقامگیری و بەردەوامییان هەیە و لەو رێگایەوە، لە نەتەوەکانی دیکە جیا دەکرێتەوە. ناسنامەی نەتەوایەتی کۆمەڵێک لایەن و رەهەند لەخۆدەگرێ کە گرینگترینیان بریتین لە: ١- رەهەندی جوغرافیایی: هەبوونی خاک و جوغرافیای دیاریکراو، بە مانای رەنگدانەوەی فیزیکیی و هەستپێکراوی ناسنامەی نەتەوەییە. ٢- رەهەندی مێژوویی: ئەو زانیارییانەیە کە تاکەکانی نەتەوەیەک لە بەسەرهات و سەربوردەی نەتەوەکەیان هەیانە و نەوە پاش نەوە دەگوازرێتەوە. لەم مێژووەدا رووداوە گەورە و حەماسییەکان و سێمبۆلەکان لە دەمەزەردکردنەوەی ناسنامەی نەتەوایەتیی،دەورێکی گرینگ دەگێڕن. ٣- رەهەندی کۆمەڵایەتی: هەر تاکێکی نەتەوە، لە رێگای پێوەندیی بە کۆمەڵگاوە،خۆی وەک ئەندامێکی ئەو کۆمەڵگایە دەبینێتەوە کە لەگەڵ تاک و گرووپەکانی، هەڵسوکەوت دەکا و کەسایەتی خۆی لە نێویاندا دەبینێتەوە. ٤- رەهەندی کەلتووریی: زمان و میرات، بەها و داب و نەریتی هاوبەش و دەربەستیی پێیان، لە خەمڵین و بەردەوامیی نەتەوە، جێگایەکی گرینگی هەیە. ٥- رەهەندی دینی و مەزهەبی: دین و مەزهەبی هاوبەش و ئەو رێسا دینی و مەزهەبیانەی تاکەکانی کۆمەڵگایەکیان پێ پەرەوەردە دەکرێ، یان دەکەونە ژێر کاریگەریی رۆحییەوە، بە فاکتەرێکی گرینگی ناسنامەی نەتەوایەتی دەژمێردرێ. ٦- رەهەندی سیاسیی: هەبوونی دەوڵەت و حکومەت و سیستەمی سیاسیی، یان رێگری لە پێکهێنانیان و حەولدان بۆ بنیاتنانیان، رەهەندێکی گرینگە لە ناسنامەی نەتەوایەتیی. ♦️ ناسنامەی تاقانە، چنینی دەستی ڕۆشنبیر و قەزاق بۆ بەژنێکی فرە ناسنامە: ناسیۆنالیزمی ئێرانی وبیرۆکەی دامەزراندنی مۆدێلی دەوڵەت – نەتەوە بە ناسنامەیەکی یەکدەست و تاقانەوە، لە نیوەکانی دووهەمی سەدەی نۆزدەهەم لە ئێران سەریان هەڵدا. شۆڕشی مەشرووتە ئەم مۆدێلەی لە بیرۆکەوە گواستەوە بۆ جووڵانەوەیەکی بەرفراوان و ئینجا رەزاشای میر پەنج،ئەفسەری هێزی قەزاقی قشوونی ئێران، گوێزایەوە بۆ ئاستی دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێڕنی ڤێستڤالیایی. " ئاشنایی لەگەڵ ناسیۆنالیزم بە مانا دەقیقەکەی و حەولدان بۆ دامەزراندن یان رمێندانی، بەر لە هەر شتێ بەرهەمی تێکۆشانی رۆشنبیرانی سەردەمی مەشرووتە و سەردەمای پەهلەوی یەکەمە. "فەتحعەلی ئاخوندزادە" دەبێ بە پێشڕەو و یەکەمین بانگەشەکەری ناسیۆنالیزمی لە ئێران دابندرێ. لە نووسراوەکانی ئاخوندزادەدا کەم و زۆر، هەموو توخمەکانی ناسیۆنالیزمی نوێی ئێرانی وەک یادکردنەوەی بەشکۆی ئێرانی باستان، حەزی بە یەکشەو بوونە ئەوروپی، هەستی توند و توخمی دژە رۆژاوایی و دژە ئیسلامی و گاڵتەکردن بە ئەدەبیاتی کۆنی فارسیی،دەبیندرا. تەنیا کەموکوڕیی ناسیۆنالیزمی ئاخوندزادە دژایەتی توورانی بوو کە ئەویش بە هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆری عوسمانی و ئازادبوونی هێز و مەیلە توورانیستییەکان لەو وڵاتە، توخمە سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزمی ئێرانیی لە کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، تەواوکرد. ئاڵاهەڵگرانی ناسیۆنالیزمی نوێ لە سەردەمی شۆرشی مەشرووتەدا، هەر لەجێدا، دژی ئیسلام نەبوون، بەڵام لەسەر ئەو باوەڕەبوون کە زۆر لە پیاوانی دینی و خاوەن نفووز ئیسلامیان شێواندووە. شاعیرگەلی وەک ئەشرەف، عارف، لاهووتی، عیشقی و فەرووخییش نیشانەکانی ناسیۆنالیزمی ئاخوندزادە بە بەرهەمەکانیانەوە دەبیندرێ، هەرچەند لەم بەرهەمانەدا دژایەتی کردنی ئیسلامی ئاخوندزادە، ببووە دژایەتی کردنی تورک و ئاریایی گەریی.3 بە دەرکەوتنی رەزاشای میرپێنج ، یان "سەردار سپا" کە دواتر پاشگری "پەهلەوی"ی بۆ خۆی دانا، سەردەمانێکی دیکە لە حەولدانی چڕ و پڕ بۆ دروسکردنی ناسنامەی ئێرانیی دەستیپێکرد. لە راستیشدا رەزاشا بیرۆکەکانی نەتەوە سازی و ناسیۆنالیزم و ناسنامەی ئێرانی سەردەمی مەشرووتە و سەردەمی خۆی، کردە بنەما و ناسنامە و خەسڵەت و ئامانجی ئەو دەوڵەتەی دایمەزراند. بەدەرکەوتنی رەزاخان و پاش شەڕی جیهانی یەکەم، نەوەیەکی نوێ لە رۆشنبیرانی ناسیۆنالیزم دەبینرێن کە هەرچەند هەموو تایبەتمەنییەکانی سەردەمی مەشرووتەیان هەڵگرتبوو، بەڵام بەزیادکردنی توخم و رەگەزی دیکە، پرۆگرامێکی عەمەلیی ناسیۆنالیستی دێننە گۆڕێ کە وەک خۆی دەکرێتە ناسیۆنالیزمی پەهلەوی و تا کۆتایی سەردەمی پەهلەوی دووهەم و سەرکەوتنی شۆڕشی 57 {1979} مانیفێستی سیاسەتە فەرمییەکانی دەوڵەت بوو. ئەم ناسیۆنالیزمە، ناسیۆنالیزمێکی زیندووکەرەوە و دەوڵەتییە کە وێڕای رەچاوکردنی میتۆدگەلی ناسیۆنالیزمی یەکخەر، زیاتر پشتبەستوو بە قوتابخانەی ئاڵمانیی ناسیۆنالیزمە. بۆیە ناسیۆنالیزمی رەزاخانی، ناسیۆنالیزمێکی رۆمانتیک، دەسەڵات تەوەر و ئاوانتاریستیە و بە سڕینەوەی ئامادەبوون و بەشداریی سیاسیی خەڵک لە پەرەسەندنی کۆمەڵگاوە، گرێ دەدرێ.4 بیرۆکە و ناسێنە و رێگاکانی دروستکردنی "ناسنامەی" ئەو دەوڵەت و وڵاتەی لەبەرچاویان بوو، لە پەیڕەوی ناوخۆی "حزب تجدد" و چوار بڵاوکراوەی: "کاوە"، "ایرانشهر"، "فرنگستان" و "آیندە" کە تریبونی رۆشنبیرانی ئەو سەردەمە بوو، گەڵاڵە کراون. بە خوێندنەوە و تێگەیشتن لە ناوەرۆکی دەقەکانی ئەو بەڵگەنامە و بڵاو کراوانە، ئەو نەخشە رێگایەی بۆ بنیاتنانی ئەو دەوڵەتە تاک ناسنامەیە کێشراوە ئاشكرا دەبێ. لەم نێوەدا دەور و بایەخێک کە لەو پێناوەدا بۆ زمانی فارسیی وەک یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی ناسنامە، دانراوە بە روونی دیارە. "لەپەیڕەوی ناوخۆی "حزب تجدد"دا کە لە لایان «عەلی ئەکبەر داوەر»،«عەبدولحوسێن تەیمور تاش» و«محەمەد تەدەیوون» رێکخرابوو، راشکاوانە داوای پەرەپێدانی زمانی فارسیی و دانانی لە جێگای زمانی کەمایەتییەکان لە سەرانسەری ئێراندا کراوە. بڵاوکراوەی کاوە لە ساڵەکانی 1303 – 1295 (1924 – 1916) لە بەرلین لە لایان «تەقیزادە»و «جەمالزادە»و «قەزوینی»یەوە، دەردەچوو. بابەتەکانی کاوە لە چەندساڵی یەکەمدا زیاتر لەژێر کاریگەریی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، تەرخانکرابوو بۆ پرسی ئاڵمانیا و پێداهەڵگوتن بە کەلتووری ئاڵمانیادا. لەخولی دووهەمی دا، تەوەری بابەتەکانی کاوە، زیاتر بانگەشە بۆ شارستانییەتی ئەوروپی، پاراستنی زمانی فارسیی و یەکێتی نەتەوەیی ئێران بوو. تەقیزادە وێڕای بانگەشە بۆ بیروبۆچوونەکانی ئاخوندزادە و میرزا ئاقاخان، لە ژێر کاریگەریی ناسیۆنالیزمی رۆمانتیکی ئاڵمانیدا، بانگەشەی بۆ نەژادی پاکی ئاریایی و سێمبۆلی ناسنامەی نەتەوەیی، واتە زمانی فارسیی دەکرد.5 رۆشنبیرانی ئەو سەردەمە لەژێر کاریگەریی کەلتوور و پرۆسە و ئەزموونی نەتەوەسازیی لە ئەوروپا، لەسەر ئەو باوەڕەبوون کە ئێرانیش دەبێ لەو رێگایەدا هەنگاو بهاوێ کە ئەوروپییەکان، نابوویان. بە گوێرەی روانینی ئەوان: «ئێران دەبێ لە رواڵەت و نێوەڕۆکدا، بە لەش و بە رۆح وەکوو وڵاتێکی فەرەنگی لێبێ. ئەگەر زانایانی ئێرانی ئەو رێگەیە هەڵبژێرن و کاری بۆ بکەن، نەک هەر ئێران ئاوەدان و بەختەوەر دەبێ بەڵکوو لە مەترسییەکانی ئێستا و داهاتوو رزگاری دەبێ.»6 "کاوە" هەروەها لە روانگەی ئەو پۆلە لە پێشڕەوانی ناسنامە خوازیی ئێرانی، جۆری ئەو دەوڵەت و دەسەڵاتەش دەستنیشان دەکا کە بەستێنی لەبار بۆ ریفۆرمی بنەڕەتی و ئاڵوگۆڕی هەمە لایەنە لە ئێراندا دەخوڵقێنێ. لەو روانگەیەوە:«لە هەلومەرجی قەیراناویدا ناکرێ ریفۆرمی بنەڕەتی بکرێ. هەروەها ناشکرێ پەروەردەی گشتی پەرە پێبدرێ بۆ ریفۆرمی خێرا. بەستێنی لەبار پێویستە بۆ هەر چەشنە چاکسازییەکی خێرا. سەرەتا پێویستە بۆ هەرچەشنە ریفۆرمێکی بنەڕەتی، بۆ بەهێزکردنی دەوڵەتی ناوەندیی و پێکهێنانی سەقامگیریی بەردەوام لە وڵاتدا، هەنگاوی جیددی بنرێ.»7 "کاوە" لە تیۆریزەکردنی پێویستی دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێڕن لە چەشنی دەوڵەتانی ئوروپایی و یەک دەستکردن و چەسپاندنی ناسنامەی فارسیی بەسەر دەوڵەتی ئێراندا، بەوەشەوە ناوەستێ و دیسکۆرسی سیاسیی نەتەوەی فارس، بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی نەتەوەیی پتر روون دەکاتەوە:«سەرهەڵدانی مرۆڤێک کە وەک پاشایەتی "پێتری مەزن" لە رووسیە و "میکادۆ"ی ژاپۆن، دوور لە بازرگانانی تێکشکاو و دوعا خوێنە سیاسییکارە بازاڕییەکان کە بتوانێ پرەنسیپەکانی شارستانییەت بە هەموو کەلێن و قوژبنێکی وڵات بگەیەنێ و ریفۆرمی پێویست بکا، لە ریزی گرینگترین هەنگاوەکانە.»8 ئەو پۆلە لە رۆشنبیرانی فارسی ئەو سەردەمە کە لە راستیدا بنەما و پڕێنسیپەکانی دەوڵەتی مۆدێڕنی ئێرانیان تیۆریزە کرد و ناسنامەکەیان بە بەر دووری، کەسایەتی«پێتری مەزن»و «میکادۆ»یان لە سەردار سپادا بینیبووەوە و هیچ دوو دڵ نەبوون لە بانگەشەی پشتیوانیی لێی.چوونکە ئەویان بەو سەرکردەیە دەزانی کە دەتوانێ ئەو ئەرکە مێژووییەی ناسیۆنالیزمی فارس لەو سەردەمەدا سەرکەوتووانە بە جێ بگەیەنێ. «هەر وەکوو بینیشمان، رزگارکەرێکی لەم چەشنە، لە بیچمی رەزاخان دا، بە دەسەڵات گەیەندرا و رۆڵی خۆی وەک رزگاریدەر و پارێزەری سەربەخۆیی و تەواویەتی ئەرزی، دەبوایە بەجێگەیاندبا».9 تەقیزادە هەر لەم پێوەندییەدا و بۆ پەسنی رۆڵی رەزاخان دەڵێ: «سەرکردەیەکی مەزن سەریهەڵدا و بەسەرکردایەتی کردنی نەتەوە بۆ وەدەسهێنانەوەی جێگە و پێگەی خۆی لە جیهاندا، چارەنووسی وڵاتی گرتە دەست خۆی و لەپێناو ئەو ئامانجانەدا کە یەکەمین ناسیۆنالیستەکان ئارەزوویان دەکرد، هەنگاوی هەڵگرتەوە.»10 ئیلیتەکانی ئەو سەردەمەی ئێران کە لە راستیدا تیۆریسیەنەکانی دروستکردنی ناسنامە و دامەزراندنی دەوڵەتی بەناو مۆدێڕنی ئێران بوون،بۆ چەسپاندنی ناسنامەی نەتەوەیی فارس لە قاڵبی دەوڵەتێکی مۆدێڕندا، راشکاوانە، خوازیاری سڕینەوەی فرەچەشنی نەتەوەیی و زمانی و کەلتووریی لە جوغرافیای ئێران بوون. دواتر رەزاخان بە پێڕەویی لەو تیۆریانە، لە هیچ کردەوەیەک بۆ یەکدەستکردنی ناسنامەی" ئێران" خۆی نەبوارد و هەموو جیاوازییەکانی بەر پەلاماردا. بڵاوکراوەی "ایرانشهر" کە لە بەرلین لە لایان حوسێن کازم زادەوە لە ساڵەکانی 1306- 1301ی هەتاویی(١٩٢٧- ١٩٢٢) دەردەچوو، لە بابەتەکانی خۆیدا لە سەر سڕینەوەی هەموو ناسنامە جیاوازەکان و زاڵ کردنی ناسنامەی تاقانە پێدادەگرێ و ئەو رێبازەی بەراشکاویی دەربڕیوە: «ئێمە دەبێ گرووپە ناوچەییەکان، زاراوە لۆکاڵییەکان، جل و بەرگی ناوچەیی، رێورەسم و داب و نەریت و هەستی ناوچەیی لەناو ببەین.»11 ناوەڕۆکی بابەتەکانی بڵاوکراوەی "فرنگستان"یش هەروەک "کاوە" و "ایرانشهر" بە ئاقاری دروستکردنی ناوەندییەتێکی بەهێزی سیاسیی لە ئێران و یەکدەستکردنی ناسنامەی ئەو جوغرافیایە و سڕینەوەی هەموو جیاوازییەکاندا دەرۆییشت. "ایرانشهر"دەسەڵاتدارێکی لە چەشنی موسولینی، بەو کەسە دەزانێ کە بتوانێ«خەڵکێکی پێشکەوتوو و نەتەوەیەکی یەکگرتوو" پێکبێنێ.»12 هەرچی مانگنامەی "آیندە"یە، ناوەندی سەرنجی لەسەر پێویستیی «پێکهێنانی دەوڵەتی ناوەندیی»و «ناسنامەی نەتەوەیی یەکگرتوو» دادەنێ. ناوەڕۆکی بابەتەکانی "آیندە" بریتین لە: شیکردنەوەی بیرۆکەی «ناسنامەی نەتەوەیی یەکگرتوو»و چۆنیەتی چێکردنی«یەکێتی نەتەوەیی لە ئێران دا». «مەحمود ئەفشار» سەرنووسەری آیندە، لە زنجیرە وتارێکدا، رێگای گەیشتن بە یەکێتی نەتەوەیی ایران لە«گشتگیرکردنی زمانی فارسیی و سڕینەوەی جیاوازییە ناوچەییەکان لە رووی جل و بەرگ و ئەخلاق، پێچانەوەی ملوک الطوایفی و وەکیەک کردنی هەموو ناوچە و خێڵە جیاوازەکانی ئێران» دەبینێ. ئەفشار پەرەپێدان و داسەپاندنی زمانی فارسیی ، بە یەکێک لە رێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییانە دادەنێ کە هەڕەشە لە ئێران دەکەن. 13 لە روانگەی سەرنووسەری مانگنامەی "آیندە"وە، گەورەترین مەترسیی لە سەر ئێران«کامڵ نەبوونی یەکێتی نەتەوەیی لە ئێرانە».لە روانگەی مەحمودی ئەفشارەوە:«مەبەست لە کامڵکردنی یەکێتی نەتەوەیی ئەوەیە کە لە تەواوی وڵاتدا زمانی فارسیی زاڵ بکرێ، ناکۆکییە ناوچەییەکان لە بواری جل و بەرگ و ئەخلاق و شتی تر خاشەبڕ بکرێ. هیچ چەشنە دەسەڵاتێکی خۆجێی لە ئارادا نەمێنێ، کورد و لوڕ و قەشقاوی و عەرەب و تورک و تورکمەن... چ تۆفیر و جیاوازییەکیان نییە، هەربۆیە چ پێویست ناکا بە جلو بەرگ و زمانێکی تایبەتی بدوێن... بە باوەڕی ئێمە تا لە ئێران یەکێتی نەتەوەیی لە بوارەکانی زمان، ئەخلاق، جلو بەرگ و.... نەیەتە دی، هەموو کاتێ بۆ سەربەخۆیی سیاسیی و تەواویەتی ئەرزی، جێگای هەڕەشە و مەترسیمان هێشتووەتەوە. ئەگەر ئێمە نەتوانین گشت ناوچە و تیرە جۆراوجۆرەکانی نیشتەجێی ئێران وەک یەک لێبکەین، واتە هەموویان بە مانای راستەقینەی وشە، "ئێرانی بکەین"، دەبێ بیسەلمێنین داهاتوویەکی تاریک و تنۆکمان لەسەر رێیە. ئەوانەی هۆگری مێژووی ئێرانن، ئەوانەی کە زمان و ئەدەبیاتی فارسییان بەلاوە گرینگە و ئەوانەی کە باوەڕیان بە مەزهەبی شێعە هەیە، دەبێ بزانن ئەگەر یەکێتی ئەو وڵاتە لە گرێژەنە بچێ، هەموو شتێ لە ناو دەچێ. هەر لەبەر ئەوە ئێمە دەبێ هەموو یەک دڵ و یەک رەنگ حەول بدەین زمانی فارسی لە هەموو ناوچە و مەڵبەندەکانی ئێران زاڵ بکرێت و بەرەبەرە جێگای زمانە بێگانەکان بگرێتەوە.»14 ئەفشار وڵاتەکانی ئاڵمانیا، ئیتالیا و پۆڵۆنیا وەک نموونە سەرکەوتووەکانی یەکێتی نەتەوەیی دێنێتەوە و دەنووسێ:«ئەوە ئیدەئالی یەکێتی نەتەوەیی بوو کە بوو بە هۆی دامەزراندنی ئیمپراتۆریی نەتەوەیی گەورەی ئاڵمان. هەر بەهەمان شێوە ئەوە ئیدەئالی یەکێتی نەتەوەیی بوو کە بووە هۆی بونیات نانی سەڵتەنەتێکی نوێ لە ئیتالیا... یاخۆ، پۆڵۆنیای 3 پارچەی خستە سەریەک و کردی بە وڵاتێکی سەربەخۆ...»15 سەرنووسەری مانگنامەی "آیندە" بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجە، کۆمەڵێک میکانیزم پێشنیار دەکا تا بەو جۆرە، پڕۆژەی سڕینەوەی هەموو ناسنامە نەفارسییەکان و ئاسمیلاسیۆنی نەتەوە نە فارسەکان و ساخ کردنەوەی«ناسنامەی ئێرانی»بە زمان و کەلتوور و دەسەڵاتی سیاسیی نەتەوەی فارس، تەواو بکا: «یەکەم: دەست بکرێ بە دروسکردنی قوتابخانەی سەرەتایی لە هەموو شوێنێک. دووهەم: یاسای پەروەردە و فێرکردن زۆرەملیی بکرێ. سێهەم: هەموو کەرەستەکانی پەروەردە و فێرکردن، بە خۆڕایی لە داهاتی دەوڵەت تەرخان بکرێ. چوارەم: مێژووی ئێران و زمانی فارسی لە قوتابخانەکاندا بەوانە بگوترێنەوە. پێنجەم: بەلێشاو هەزاران کتێب و نامیلکە بە زمانی فارسی لە تەواوی وڵات چاپ و بڵاوبکرێتەوە. شەشەم: بەخێرایی دەست بکرێ بە کێشانی رێگای ئاسن و وەڕێخستنی شەمەندەفەر بۆ هەموو ناوچە و مەڵبەندەکانی ئێران. حەوتەم: خەڵکی ئەو ناوچانەی لەگەڵ زمانی فارسی نامۆن، بۆ ناوچە فارس نشینەکان راگوێزرێن و لەبەرانبەریشدا، عێلاتی فارس رەوانەی شوێنەکانیان بکرێن».16 بەمجۆرە ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمەی نەتەوەی فارس، بەشدارییەکی کارایان کرد لە دامەزراندن و وەسەرپێ کەوتنی دەوڵەتێکی کۆڵۆنیالی ناوەندگەرا کە بە پشت بەستن بە ئەڕتەش و زەبروزەنگ، پڕۆژە و پڕۆسەی یەک دەست کردنی ناسنامەی نەتەوەیی و سەپاندنی ناسنامەی فارسیی گرتەبەر. ئەو پڕۆژە و پڕۆسەیە بە لەشکرکێشی، پەلاماردان، خاپوور کردن، گرتن، کوشتن، ئێعدام، بەکوێلە کردنی ژن و منداڵ، «تەختەقاپو» و راگواستن و تەفریس کردنی نەتەوە نە فارسەکاندا تێپەڕی.«رەزاشا سیاسەتی خۆی لەسەر سێ بنچینەی گرینگ دامەزراندبوو: چەسپاندنی دەسەڵاتی رەها، سێنترالیزەکردنی دەوڵەت، مۆدێڕنیزە کردنی کۆمەڵگا بە چاولێکەری تورکیای کەمالی. بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتەش دەسەڵاتی تاکڕەوانە و دامەزراوەی سپای وەک هێزەکی سەرکوتکەر خستەکار.»17 🔺دەرەنجام سەرەڕای ئەوەی ناسنامەی ئیتنیکیی فارس، کرایە بەر دەوڵەتی بە ناو مۆدێڕنی رەزاخان و سەرەڕای هێرشی توند و هەمەلایەنەی ئەڕتەش و دام و دەزگای داپڵۆسێنی رەزاخان بۆسەر کورد(لە چارییەوە تا لوڕستانات)و عەرەب و ئازەری و بەلووچ و تورکمەن و سەرکوتی خوێناوی هەستان و راپەڕینەکانیان لە پێناو لەبەر کردنی ئەو ناسنامەیە؛ بەڵام هەرگیز بێگانەیی و ناتەبایی ناسنامەی فەرمیی لەگەڵ کەتواری فەرە نەتەوەیی ئەو جوغرافیایە، لەناو نەچوو و نەتەوە نەفارسەکانی ئێران سەرەڕای ئەوەی تووشی خەسارەتی مادی و مەعنەوی زۆر و قووڵ و بەرفراوان هاتن ،ئاسمیلە نەبوون و ھەرگیز بەو جۆرەی ڕۆشنبیران و دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی فارس پلانیان بۆ دانا و ئاواتیان بۆخواست، بەئێرانیی نەبوون .نە زمانی فارسی جێی زمانەکانیانی گرتەوە و نە ئەوانیش لە بۆتەی نەتەوەی فارس دا توانەوە. حسەین یەزدانپەنا ١٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ک ٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٥ز سەرچاوەکان: 1- گل محمدی، احمد، جهانی شدن فرهنگ، هویت، نشر نی، چاپ سوم/ ص 22 2- مجلە جامعە شناسی ایران، دورە چهارم، شمارە 4، زمستان 1381 ( ٢٠٠٢ ) 3- همایون کاتوزیان، محمد علی، دولت و جامعە در ایران، حسن افشار، تهران نشر مرکز، 1380. ص 116 – 112 4- انتصاب، نادر، ناسیونالیزم و تجدد در فرهنگ سیاسیی بعد از مشروطیت. نگاە نو، شمارە 12، بهمن و اسفند 1371، (1992) ص 26 هەمان سەرچاوە،ل 26 ٥- تقی زادە، سیدحسن، مجلە کاوە، دورە جدید، شمارە١، سال پنجم، ٢٢ژانویە١٩٢٠ ص 2 ٦- کاوە، سال دوم، شمارە12، ص 4 ٧- تقی زادە، بی قیدان و سیاست چیان، کاوە، دور جدید، شمارە 9 سال دوم، 4 سپتامبر 1921 ص3 ٨- فردوست، حسین، ظهور و سقوط سلطنت پهلوی ، جلد دوم تهران، 1370(١٩٩١) ص 161 – 160 ٩- قدس، رضا، ناسیونالیسم ایرانی و رضا شاە، علی طایفی، ماهنامەی فرهنگ و توسعە، شمارە 23، خرداد و تیر 1375(١٩٩٦)، ص 50 ١٠- آبراهامیان، برواند، "ایران بین دو انقلاب؛ از مشروطە تا انقلاب اسلامی"، کاظم فیروزمنف، حسن شمس آوری و محسن مدیر شانەچی، تهران، نشر مرکز، 1377(١٩٩٨) ص 154 -153. ١١- هەمان سەچاوە، ل 154 ١٢- هەمان سەرچاوە،ل 155 – 151 ١٣- افشار، محمود، مجلەآیندە، شمارە 1، 1304(١٩٢٥) هەمان سەرچاوە ١٤- افشار، محمود، نخستین آرزوی ما وحدت ملی ایران. آیندە شمارە 1 ، خرداد 1304 (١٩٢٥) ١٥- خالد حسن،یاسین، کوردستانی ئێران (لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی لە جووڵانەوەی رزگاریخوازیی نەتەوەیی گەلی کورد 1939 – 1979، 2001، ل 25. ١٦-سەرچاوەی پێشووتر. 17-Cronin, S. (2003). The Making of Modern Iran: State and Society Under Riza Shah, 1921–1941.Routledge.p.54 تێبینی: وەرگێڕاوی کوردیی هێندێ لە دەقەکانی«کاوە»و«آیندە» م لە کتێبی«لە ژێکافەوە بۆ کۆمار»لە نووسینی ئەیووب ئەیووبزادە گواستووەتەوە.
ناسیۆنالیزمی فارس؛ دوورینی ناسنامەیەکی خوێناویی بۆ دەوڵەت و دانیشتوان
دار و دەوەنی نیشتمان و جەستەی لاوەکانی،لە ئاگری داگیرکەردا (ڕاگەیەندراویPAKبە بۆنەی گیانبەختکردنی٣لاوی نیشتمان)
دروشمە نوێیەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان؛ زمانی رزگاریی و شکستی نەتەوەسازیی ئێرانیی
ناسیونالیزم و ژینگە پارێزیی؛ کۆلۆنیالیزم و ڕزگارییخوازیی (پێشکەش بە شەهیدی تازەی پاراستنی ژینگەی نیشتمان)
شەهیدبوونی سێهەمین ژینگەپارێزی برینداری ئاگرکەوتنەوەکەی چیای ئاویەر
راگەیاندنی هاوبەش لە بارەی شەپۆلی نوێی سەرکوت لە ئێران و کوردستان
دەسبەسەرکرانی باوکی کەژاڵ ساڵحی لە بجنورد.
راگەیەندراوی PAK سەبارەت بە لێدوانەکانی نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا
رۆڵەکانی رۆژهەڵاتی داگیرکراو لە بەرەنگاریی و پاراستنی ژینگەی کوردستاندا