دواین هەواڵ

2024-05-03 دەسبەسەرکرانی ١٤ هاووڵاتیی شنۆ لەلایان هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانەوە لە کەمتر لە حەوتوویەکدا 2024-04-21 خۆکوژیی بەندکراوێکی ڕاپەڕینی ژینا 2024-04-21 سۆما پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی بە ١١ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە حوکم درا 2024-04-20 بەرپرسێکی پلە بەرزی ئەمریکی: فڕۆکەیەکی ئیسراییلی بە سێ هاژەک پێگەی راداری پەدافەندی ئاسمانیی ئێرانی لە نزیک ئەسفەهان تێکشکاند 2024-04-14 کوژرانی دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران 2024-04-05 هونەرمەند عەلی زەندی کۆچی دوایی کرد 2024-04-01 کوژرانی ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسدارانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران 2024-03-28 پەیامی سەرۆکیPAK بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە و سێزدەبەدەری کوردستان: 2024-03-27 کوردستان چۆن نەوڕۆژی خۆی لە نوروز ئێرانیی جیا کردەوە؟ 2024-03-27 ئاواتی نەتەوەکەمان و ئەرکی ھێزە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان: 2024-03-24 هونەرمەند حەسەن کاکایی بەهۆی خوێندنی سروودی نەتەوەیی، لەلایان هێزەکانی بەرفەرمانی تارانەوە دەسبەسەرکرا 2024-03-23 کۆڵبەرێک لە سنووری نەوسوود بەتەقەی هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەر، کوژرا 2024-03-16 ناوی سەردارانی شەھیدی لوڕستان ھەرمانە و تاوانی دەوڵەتی فارسیش لەبیر نەکراو 2024-03-16 پەیامی نەورۆزیی بەڕێز حسەین یەزدانپەنا سەرۆکی PAK: 2024-03-16 پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران تیرۆر کرا

بابەت

🔻 "ژیانی مامۆستا قالەمەڕە"

26/12/2023

 

 

🔸ئامادەکردن: هیوا ساعدی

قادر عەبدوڵڵازادە ناسراو بە قالەمەڕە ھونەرمەندی شمشاڵژەن ساڵی ١٩٢٥ (١ی سەرماوەزی ١٣٠٤ کۆچیی ھەتاوی) لە گوندی کولیجە سەر بە بۆکان ھاتە دنیا. باوکی ناوی محەمەد بووە و لە لایەن شێخ محەمەد شێخی بورھان لە ناوچەی موکریان، کە قادری زۆری خۆش دەویست، لەبەر ئەوەی کە مێرمنداڵێکی زۆر ھێدی و ئارام بووە نازناوی قالەمەڕەی پێبەخشرا. لە ساڵانی پەنجاکان و ساڵانی دواتر لە ناوەندەکانی رادیۆ و تەلەفیزیۆنی کرماشان، سنە، تاران، مەھاباد و ورمێ بە دەنگی سحراوی و ئاسمانی و بەربڵاوی شمشاڵەکەی چەندین پارچە موزیکی جوان و رەسەنی پێشکەش کرد و ھونەری موزیکی کوردی بە شکۆیەکی بێ وێنەوە ھێنایە گۆڕەپانی ھونەرییەوە.
دواتر بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە گەڵ ھونەرمەندی گۆرانیبێژی بەتوانای کورد حەسەن زیرەک ھاوکاری ھونەری کرد و لە پێشکەش کردنی گۆرانییەکانیدا بە ئامێری شمشاڵ یارمەتی دەدا.
 قالەمەڕە باوکی نەبینیووە و دایکیشی لە تەمەنی ٦ ساڵانیدا کۆچی دوایی دەکا. ھەر وەک خۆی دەڵێ تەواوی ژیانی بە نارەحەتی و برسێتی و چارەڕشی تێپەڕ کردووە. ساڵی ١٩٤٥-١٩٤٦ پەیوەندی بە کۆماری کوردستانەوە گرتووە و دۆستایەتییەکی نزیکیشی لە گەڵ نەمران ھەژار و ھێمن موکریانی دا ھەبووە. لە دوای لەسێدارەدرانی پێشەوا قازی موحەممەدی سەرۆک کۆمار، قاچاغ  دەبێ و ھانا دەباتە ئەشکەوتی گوڵاڵە، یان پەنای دەباتە ماڵی عەباس ئاغای سەرکەپکان و ئەحمەد ئاغای کۆیە. ساڵانی ١٩٦٧-١٩٦٨ بۆتە ھاوڕێی مەلا ئاوارە و مەلا مەحموودی زەنگەنە و سولەیمانی موعینی. ھەر لەو سەروبەندەدا ماڵیان دەچێتە دەڤەری بۆکان.  . ھونەرمەند قالەمەڕە ھەمیشە لە خەباتی کورددا بەشداری کردووە و ھاوڕێ و ھاوشانی تێکۆشەران بووە. 
گرینگی شمشاڵەکەی قالەمەڕە لە ئاستێک دایە کە پسپۆڕان و شارەزایانی بواری مۆسیقا نەتەنیا نەیانتوانیوە خۆ لە ھونەرەکەی لادەن بەڵکوو تەنانەت وەک بلیمەتێک باسی قالەمەڕ دەکەن.
 بۆ نموونە مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی  سەبارەت بە قالەمەڕە دەڵێ: پەنجەکانی مامەقالە پەنجەیەکی کورتی رەسەن، پەنجەیەکە کەوا ئێمە کەم کەس ھەیە بەم شێوازە بتوانین دەستی بۆ درێژ بکەین زۆر پێویستە ئێمە بەو پەڕی رێزەوە بەو پەڕی گەورەییەوە بڕوانینە مامە قالە تەجرەبەی ژیانی ئەو بکەینە نووسراوێک لە کتێبەکاندا بڵاوی بکەینەوە، نەوەکانی داھاتوومان دەیان ماجستەرنامە و دکتۆرا نامەی لە سەری بنووسن.
ھەروەھا مامۆستا ع.ج. سەگرمە ش لە سەر ھونەری  قالەمەڕە ئاوا دەبێژێت: قالەمەڕە شمشاڵژەنێکی بەتوانا و لێھاتووە، شارەزاییەکی زۆری لە موزیکی کوردی دا ھەیە شارەزاییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە نیو سەدە ژەنینی ئەو ئامێرە. دەتوانم بڵێم لووتکەی ژەنینی ئامێری شمشاڵ لە موزیکی کوردیدا لە ژەنینەکەی قالەمەڕە دایە. ھەروەھا دەتوانم بە حەسەن زیرەکی بەناوبانگی بەراورد بکەم و بڵێم ئەگەر حەسەن زیرەک بەتواناترین و بەناوبانگترین گۆرانی بێژی میللی مووزیکی کوردی سەدەی بیستەم بووبێت، ئەوا قالەمەڕەش بە دڵنیاییەوە چاکترین شمشاڵ ژەنی موزیکی کوردی سەدەی بیستەمە.
مامۆستا حسێن یووسف زەمانی، مۆسیقاری بەناوبانگی کوردیش دەیان جار لە سەر ھونەر و بلیمەتی قالەمەڕە دواوە. ..و.....
قالەمەڕە لەماوەی ساڵانی كارو راژەی هونەری خۆیدا لەزۆربەی میهرەجانە گرنگەكانی بواری هونەری موزیك لەوڵاتی ئێراندا بەشداریكردوە، لەوانەش (میهرەجانی موزیكی فەجر لەتاران، میهرەجانی موزیكی ناوچەكانی ئێران لەكرمان ‌و لەبۆنەو میهرەجانەكانی سنە، كرماشان ئیلام، ورمێ، مەهاباد، سەقز، بۆكان‌ و لەشارەكانی هەولێرو سلێمانی لەهەرێمی كوردستان بەشداری كردووەو چەندین خەڵات‌و شانازی گەورەی بەدەستهێناوە. هەروەها لەزۆربەی ئەو میهرەجانانە تابلۆی سوپاس‌ و رێزلێنانی پێبەخشراوە.
هونەرمەندی ناوبراو لەدوو دەیەی رابردوودا لەسەر بانگهێشتی خوێندكارانی كورد لەزۆربەی هەرە زۆری ساڵوەگەری كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە لەزانكۆ جۆراوجۆرەكان ئامادە بووەو بەدەنگی بەسۆزو ئەفسوناوی شمشاڵەكەی كۆڕەكەی رازاندۆتەوە.
ھونەرمەندی میللی‌و شمشاڵ ژەنی ناوداری كوردستان (قادر عەبدوڵا زادە) ناسراو بە (قالە مەڕە)، شەوی پێنجشەممە 21ی ئایاری 2009 لەكاژمێر 22:15 لەتەمەنی 84 ساڵییدا بەهۆی نەخۆشییەكی درێژخایەن لەماڵەكەی خۆی لەشەقامی مامۆستا هێمن لەشاری بۆكان كۆچی دواییكردو رۆژی دواتر، هەینی رێكەوتی 22/5/2009،  یانێ 31ی گوڵانی ساڵی 88ی هە تاوی بە بەشداری هەزاران كەس لەهاوڵاتیانی بۆكان ‌و شارەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستان تەرمی پیرۆزی لەسەر وەسێتی خۆی لەداوێنی ناڵەشكێنە لەتەنیشت گۆڕی هونەرمەندی مەزن حەسەن زیرەك بەداوێنی دایكی نیشتمان سپێردرا. ڕۆحی شاد.

سەرەوە