دواین هەواڵ

2024-04-21 خۆکوژیی بەندکراوێکی ڕاپەڕینی ژینا 2024-04-21 سۆما پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی بە ١١ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە حوکم درا 2024-04-20 بەرپرسێکی پلە بەرزی ئەمریکی: فڕۆکەیەکی ئیسراییلی بە سێ هاژەک پێگەی راداری پەدافەندی ئاسمانیی ئێرانی لە نزیک ئەسفەهان تێکشکاند 2024-04-14 کوژرانی دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران 2024-04-05 هونەرمەند عەلی زەندی کۆچی دوایی کرد 2024-04-01 کوژرانی ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسدارانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران 2024-03-28 پەیامی سەرۆکیPAK بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە و سێزدەبەدەری کوردستان: 2024-03-27 کوردستان چۆن نەوڕۆژی خۆی لە نوروز ئێرانیی جیا کردەوە؟ 2024-03-27 ئاواتی نەتەوەکەمان و ئەرکی ھێزە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان: 2024-03-24 هونەرمەند حەسەن کاکایی بەهۆی خوێندنی سروودی نەتەوەیی، لەلایان هێزەکانی بەرفەرمانی تارانەوە دەسبەسەرکرا 2024-03-23 کۆڵبەرێک لە سنووری نەوسوود بەتەقەی هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەر، کوژرا 2024-03-16 ناوی سەردارانی شەھیدی لوڕستان ھەرمانە و تاوانی دەوڵەتی فارسیش لەبیر نەکراو 2024-03-16 پەیامی نەورۆزیی بەڕێز حسەین یەزدانپەنا سەرۆکی PAK: 2024-03-16 پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران تیرۆر کرا 2024-03-15 کۆڵبەرێکی کورد ٩ رۆژ دوای بریندارکرانی گیانی لەدەست‌دا

کوردستانی

پەیامی بەڕێز مامۆستا پۆڵا نانەوازادە، بە بۆنەی ٣١ ھەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی PAK:

18/05/2022

پارتی ئازادی کوردستان، هەنگاوی گرینگی هەڵێناوەتەوە بەڵام دیسانیش کاری زۆری ماوە بیکا.
 ساڵانێکی زۆر  بوو ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە قەڵاچۆ دەکرا و بەداخەوە دنیا لە ئاست ئەم کوشتار و قەڵاچۆ کردنە بێدەنگیی هەڵبژاردبوو. حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای بەربەرکانی قارەمانانە لە بەرامبەر هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەهۆی تێوەگلان لە شەڕی براکوژی نێوخۆیی لەباری نیزامێوە شکستیان هێنابوو و بەشێکی زۆر لە ناوچە ئازاد کراوەکانی ڕۆژهەڵاتیان لەدەست دابوو و ئەگەر زەمانێک لە قەزوێن و ورمێ و کرماشانەوە هەتا سەر سنوورە دەستکردەکانی ئیران و عیراقیان بەدەستەوە بوو ئیستا ناچار بە پاشەکشە ببوون بۆ باشوور و بەداخەوە لەوێش پۆل پۆل کادر و پێشمەرگەیان لێ تێرۆر دەکرا. شەڕی براکوژی و خۆکوژی نێوان حیزبە سەرەکییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات و باکوور، ئاسۆی کوردی بە تەواوی لێڵ و تاریک کردبوو. شەڕی نێوان دوو دەوڵەتی داگیرکەری ئێران و عێراق، ئاگری بڵێسەی شەڕی کوەیتیشی هاتبووە سەر و ناوچەکە هێندەی دیکە نائارام ببوو. لەو بێ سەرەوبەرەیی و کەسبەکەسەدا چەند لاوی کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەگەڵ ڕێکخراوێکی چەپی ئێرانی کاریان کردبوو، پاش ئەوەی لە ڕۆژهەڵات ئێعدامی بەکۆمەڵی کەس و کاری خۆیان و کوشتاری شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتی نیشتمانەکەیان چاو پێکەوتبوو، لە باشووریش بەسەر ئەنفالی و کۆمەڵکوژیی و ژێرخاککردنی بە زیندوویی ١٨٨ هەزار کوردی ناوچەی گەرمیان و بارزان داکەوتبوون، بەسەر وێران کردنی قەڵادزێ و هەزاران گوندی باشووری نیشتمانەکەیان دا کەوتبوون. لەم هەلوومەرجە پڕ لە کوشتار و قەڵاچۆکردنە دابوو کە کارەساتی شیمیایی حەڵەبجەش قەوما و ئەم لاوە چەپانەی ڕۆژهەڵات بە چاوی خۆیان دیتیان کە کاتێک ٥٠٠٠ مرۆڤی کورد لە چەند چرتکەدا تێداچوون، نە حیزبە چەپ و مارکسیستەکانی ئێرانی مچوڕکێکیان بە لەشی داهات، نە وڵاتانی سۆسیالیستی گنجێکیان دە نێوچاوانی کەوت، نە ئازادیخوازان و پاریزارانی مافی مرۆڤی جیهانی مرتەقێکیان لێوە هات و نە پرۆلیتاریا و کرێکار و زەحمەتکێشانی جیهانیش پێی ڕاچەنین و ئاوڕێکیان لە کرێکار و زەحمەتکێشی ئەم نەتەوە لێقەوماوە داوە. کارەساتی حەڵەبجە و شەڕی نێوخۆیی و بێتەفاوتیی جیهان سەبارەت بە کۆمەڵکوژی کوردان، ئەم لاوانەی ڕاتڵەکاند و وەهۆش خۆیانی هێناوە کە بەر لە ئەوەی بیر لە ڕزگاری کرێکاران و زەحمەتکیشانی جیهان و دامەزراندنی دێمۆکراسی لە ئیران و وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان بکەنەوە، دەبێ ڕێگایەک بدۆزنەوە کە وەک نەتەوە تێدا نەچن و قڕ نەکرێن. فکرێک لە حاڵی نەتەوەکەیان بکەنەوە، کە ژیان و مانی ورد و درشتیان بە هەموو چین و توێژێکەوە لە مەترسی و هەڕەشەی تێداچوون دایە. کە بە چوار دەوڵەتی دڕ و داگیرکەر، لە چوار لاوە و بێ سڵەمینەوە خەریکن کورد قڕ دەکەن. کە لەبەر چاوی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانی خەریکی ژێنۆسایدی نەتەوەی کوردن و کەس وستەی نایە. ئاخر کام نەتەوە لە سەرتاسەری ئەم جیهانە پان و بەرینە دا ئامادەیە یەک بست لە قازانجی نەتەوەیی خۆی پاشەکشە بکات هەتا ئێمەی کورد ببینە دووهەمینیان؟ بۆ کەس نییە دڕوویەک لە قالبی ئەم گەلە زۆرلێکراوەی ئێمە دەربهێنێ؟ بەم تێگەیشتن و پیگەیشتنە بوو کە ئەم چەند لاوە دڵسۆزە نیشتمانپەروەرە، بڕیاریان دا بۆ بەرگری لە خۆیان و لە مافی نەتەوە غەدر لێکراوەکەیان رێکخراوێکی نەتەوەیی دابمەزرێنن کە ئامانجی ڕزگاریی کورد و کوردستان بێت. کە ئامانجی بەرگرتن بێت بە قڕبوون و فەوتانی نەتەوەکەیان. کە ئامانجی ئەوە بێت خەباتی نەتەوەی کورد لەچوارچێوەی مەسەلەی نێوخۆیی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بێنێتە دەر و خەباتەکەی بکاتە خەباتی ڕزگارییخوازیی و ئامانجی پێکهێنانی دەۆڵەتێکی سەربەخۆ و موستەقیللی کوردی بێت هەتا بکەوێتە ژێر چەتری یاساکانی نێودەوڵەتی و ئیتر وەک ڕابردوو پەلامار نەدرێ و لەچوارچێوەی گرفتی نێوخۆیی ئەم وڵاتانە دا بە بێدەنگی لەناو نەبرێ. ئەم بڕیارە پاش ڕاوێژ و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنێکی زۆر، لە لایەن ئەم چەند لاوە نیشتمانپەروەرەوە، ڕۆژی ٣٠ مانگی گوڵانی ساڵی ١٩٩١ ، ڕێک ٣١ ساڵ لەمەوبەر درا و ڕێکخراوێکی نەتەوەیی لەدایکبوو، کە سەرەتا ناوی یەکیەتی شۆڕشگێڕانی کوردستان بوو پاشان ناوی نرا پارتی ئازادی کوردستان. پارتی ئازادی کوردستان ئەگەرچی لە سەرەتای سازبوونی دا لەگەڵ گیرووگرفتێکی زۆر ڕووبەڕوو بوو و کەوتە بەر هێرش و پەلامار و سەعید یەزدانپەنا، وەک ڕچەشکێنی ئەم ڕێگایە و دامەزرێنەر و دارێژەری بیرۆکەکە چوار مانگ پاش ڕاگەیاندنی حیزبەکە بەدەست تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید کرا، هەروەها ١٧ کادر و پێشمەرگەیان لە لایەن دوو هێزی کوردی باشوور و باکوورەوە شەهید کران بەڵام لەسەر ئەساسی ئەوەی کە شەڕی براکوژی و کوردکوژیی کرابووە هێڵی سووری کار و بەرنامەی حیزبەکە، تاقە یەک فیشەکیشیان بە بکوژەکانی خۆیانەوە نەنا و ئەوە یەکەمین و گرینگترین و گەورەترین بڕیار بوو کە لە دەستپێکی سازبوونی ئەم حیزبە دا درا، کە پێویستە هەتا هەتایە شانازی پێوە بکرێ و هەر ئەو سیاسەتەش درێژە پێ بدرێ. ٣٠ی گوڵانی ئەمساڵ ٣١ساڵ بە سەر دامەزرانی پارتی ئازادی کوردستان دا تێدەپەڕێ. لە ماوەی ئەم ٣١ ساڵە دا ئەم حیزبە توانیوییەتی لەژێر بەرچاوڕوونی مانیفیستی ئازادی کوردستان، کە لە یەکەم کۆنگری پاک دا نووسراوە و پەسەند کراوە، بە بڕیاری دروست، لەسەر ئەساسی کورد بوون نەک ئیرانی بوون، باس لە سوپای داگیرکەری ئێران و خاکی داگیرکراوی کوردستان بکات، باس لە ڕێفڕاندۆمی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران بکات، باس لە ئاڵا و لە سەروەری سیاسی و پێکهێنانی دەوڵەتی کورد بکات و خەباتی ڕزگاریخوازی کورد لە ناو ئەو بازنە و گیژاوەی تێیکەوتبوو ڕزگار بکات و هەنگاوێک بەرەو پێشی بەرێت. پارتی ئازادی کوردستان لەسەر ئەساس و بنەڕەتی بەرگرتن بە تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆنی نەتەوەی کورد بوونی خۆی ڕاگەیاندبوو، هەربۆیە لە ماوەی ٣١ ساڵی ڕابردوودا، حەولی زۆری داوە بۆ یەکڕیزیی کورد و پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی و دامەزراندنی سوپای نەتەوەیی و بەرەی نەتەوەیی کورد و بەم بیرەوە لە سەرەتای سازبوونێوە تا ئێستا حەولی داوە کە خۆی پڕ چەک بکات بۆ شەڕی ڕزگاریی نەتەوەیی و هەر بەم ڕێگە پیرۆزەش دا دەڕوا و بەردەوام دەبێت. کاتێک داعەش پەلاماری باشووری کوردستانی دا، سەرەڕای تەواوی ئەو کەندووکۆسپە یاساییانەی بۆ بەشداری لە شەڕی دژی داعش بۆی ساز کرا، کۆڵی نەدا و لەم شەڕە پاشەکشەی نەکرد و شان بەشانی پێشمەرگە و کوردی باشوور بەربەرەکانی لە باشووری کوردستان کرد و پاش خەیانەتەکەی کەرکووک، ئەگەر لەخۆبوردوویی ڕۆڵە قارەمانەکانی پارتی ئازادی کوردستان لە شەڕی پردێ نەبوایە، دەوڵەتی عێراق و حەشد و سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران لەوانەبوو گەیشتبانە هەولێر و چارەنووسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاقارێکی دیکەدا رۆیشتبا. نەهێشتنی قەیرانی هووییەتی و ناسنامەیی لە ڕۆژهەڵات، کە کورد خۆی پێ کورد بێ و نەک ئێرانی، هەنگاوێکی گەلێک گرینگە و ئیستا ئیتر کوردی ڕۆژهەڵات زۆر چاک دەزانێ کە دێمۆکراسی بۆ قوم و کاشان نە پێوەندی بە کوردەوە هەیە و نە بە کوردیش جێبەجێ دەبێ. ئێستا چاک دەزانێ کە لە تەواوی ئێران دا کەسێکی وەک ئیسماعیل بێشکچی نییە کە بەڕاستی بڕوای بە مافی چارەنووسی کۆرد هەبێ و وەک ئەو ئەم مافە بە کورد ڕەوا ببینێ و خەباتی بۆ بکا و پشتیوانی لە پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بکا( ئەگەر کەسێکی وا هەیە با ئەو لایەنانەی بڕوایان بە دێمۆکڕاتیزەکردنی ئێران هەیە ناوی بهێنن و ئێمەش بیناسین). پتر لە ٩٩ لەسەتی ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی وەک حکوومەتەکانی شا و خومەینی دژی مافی نەتەوەیی و بەدەوڵەتبوونی کوردن، هەر بۆیە پاک بڕوای بە پێکهێنانی بەرە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیی نییە. بەپێچەوانەوە بە تەواوی هێز و تواناوە تێدەکۆشێ بۆ پێکهێنانی بەرەی کوردستانیی لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە پێناو ڕزگاری کورد دا خەبات بکەن و ئامانجیان ڕزگاربوونە لە دەست ئێرانی داگیرکەر. هەروەها تێدەکۆشێ بۆ پێکهێنانی بەرە لەگەڵ نەتەوەکانی تری ژێردەستی ئێران کە ئامادەی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بن. لە ماوەی سەت ساڵی ڕابردوودا، دوای شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی، هەروەها دوای ڕووخانی شا و سەددام، چەندین جار دەرفەت بۆ کورد هەڵکەوت کە خۆی لەدەست داگیرکەرانی کوردستان ڕزگار بکات و دەوڵەتی خۆی دابمەزرینی، بەڵام بەداخەوە کەڵکی دروست لە دەرفەتەکان وەرنەگیرا. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا لە حاڵی گۆڕان دایە و دیسان خەریکە دەرفەت هەڵدەکەوێ، بەڵام ئەمجارەیان بۆ پارچەیەکی کوردستان نییە بەڵکوو دەرفەتی ئەمجارە بۆ کوردی سی پارچەی کوردستانە. بۆ ڕۆژهەڵات، بۆ باشوور و بۆ ڕۆژئاوا کە بەیەکەوە دەوڵەتێکی کوردی دابمەزرێنن و لە ڕۆژئاواوە بگەنە سەر دەریا. تەنیا یەکڕیزیی و بڕیاری دروستی کوردە کە دەتوانێ ئەم هەلە زێڕینە بقۆزێتەوە و دەوڵەتێکی بەهێزی کوردی لەدایک ببێت. هەر بۆیە لە هەلوومەرجی ئێستا دا، پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی، سوپای نەتەوەیی و بەرەی نەتەوەیی لە ژێر یەک ئاڵا دا گرینگییەکی یەکجار زۆری هەیە و کورد لە سەرکەوتن نێزیک دەکاتەوە. کەڵک وەرنەگرتنی دروست لەم دەرفەتەی ئێستا وەک ئەوەیە بازێکمان لەسەر نیشتبێ و نەیگرین و هەڵبفڕێ. ئەرکی پاک و هەموو خەڵک و حیزبەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ئەوەیە بڕیاری دروست بدەن و کۆتایی بێنن بە ئەنفالەکان و کۆمەڵکوژییەکان و ژێنۆسایدەکانی سەت ساڵی ڕابردوو. ئەرکی سەرشانی پاک بۆ پێکهێنانی یەکڕیزی نێو ماڵی کورد و حەول بۆ پیکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی و ئەگەر نەکرا پێکهێنانی بەرەی سەربەخۆییخوازان، ئەرکی هەنووکەیی یەکجار گرینگن کە پێویستە هەنگاوی بنەڕەتیان بۆ بهاوێژرێ.
پیرۆز بێت ٣٠ گوڵان، ٣١ەمین ساڵی دامەزرانی پارتی ئازادی کوردستان. 
پۆڵا ـ ستۆکهۆڵم ـ ٢٠٢٢،٥،١٨

سەرەوە