دواین هەواڵ

2024-04-21 خۆکوژیی بەندکراوێکی ڕاپەڕینی ژینا 2024-04-21 سۆما پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی بە ١١ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە حوکم درا 2024-04-20 بەرپرسێکی پلە بەرزی ئەمریکی: فڕۆکەیەکی ئیسراییلی بە سێ هاژەک پێگەی راداری پەدافەندی ئاسمانیی ئێرانی لە نزیک ئەسفەهان تێکشکاند 2024-04-14 کوژرانی دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران 2024-04-05 هونەرمەند عەلی زەندی کۆچی دوایی کرد 2024-04-01 کوژرانی ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسدارانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران 2024-03-28 پەیامی سەرۆکیPAK بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە و سێزدەبەدەری کوردستان: 2024-03-27 کوردستان چۆن نەوڕۆژی خۆی لە نوروز ئێرانیی جیا کردەوە؟ 2024-03-27 ئاواتی نەتەوەکەمان و ئەرکی ھێزە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان: 2024-03-24 هونەرمەند حەسەن کاکایی بەهۆی خوێندنی سروودی نەتەوەیی، لەلایان هێزەکانی بەرفەرمانی تارانەوە دەسبەسەرکرا 2024-03-23 کۆڵبەرێک لە سنووری نەوسوود بەتەقەی هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەر، کوژرا 2024-03-16 ناوی سەردارانی شەھیدی لوڕستان ھەرمانە و تاوانی دەوڵەتی فارسیش لەبیر نەکراو 2024-03-16 پەیامی نەورۆزیی بەڕێز حسەین یەزدانپەنا سەرۆکی PAK: 2024-03-16 پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران تیرۆر کرا 2024-03-15 کۆڵبەرێکی کورد ٩ رۆژ دوای بریندارکرانی گیانی لەدەست‌دا

ڕاگەیەندراو

بەیاننامەی پارتی ئازادیی کوردستان، سەبارەت بە مەنشووری مهسا

11/03/2023

بەیاننامەی پارتی ئازادیی کوردستان، سەبارەت بە مەنشووری مهسا

دوێنێ هەینی ١٩ی ڕەشەمەی٢٧٢٢، ڕێکەوتی ١٠ی مارسی ٢٠٢٣ زاینیی، شەش کەس لە گرووپی ناسراو بە جۆرج تاون بە سەرکردایەتیی ڕەزا پەهلەوی، دەقێکیان بە ناوی مەنشووری هەمبەستەگی بۆ ئازادیی ئێران-مهسا، واژۆ و بڵاو کردەوە.
  بناغە وئامانج و ڕێکارەکانی ئەو مەنشوورە کە بە وشە و دەستەواژەی ورد و ڕواڵەت خەڵەتێن داڕژاوە، لە بەستێنی دەوڵەتدا حەولدانە بۆ پاراستن، بەردەوامیی و ساخکردنەوەی دەوڵەت- نەتەوەی قەیرانگرتووی ڕەزاخانیی فارس و لە بەستێنی سیستەمی سیاسیی دا، بۆ گەڕاندنەوەی سیستەمی پاشایەتیی و دەستاودەست کردنی دەسەڵات لە تاران لە خامنەیی رەهبەرەوە بۆ شا ڕەزا پەهلەوی ئامادە کراوە. بە قەوم و ئیتنیک دانانی نەتەوەکان و داماڵینی ناسنامەی نەتەوەیی لێیان، لە سەر ئەو بنەمایە و لە پێناو خۆ بواردن لە داننان بە مافی سەروەریی و مافی چارەنووسیی سیاسییانە.
   رۆحی مەنشووری مهسا، ڕاست بە پێچەوانەی ڕۆحی ڕاپەڕینی ژینا کە گەیشتن بە ئازادیی و ڕەتکردنەوەی پێوەندیی کۆڵۆنیالیستیی نێوان دەوڵەتی فارس و نەتەوە بندەستەکانە، نوسخەیەک لە تیۆری و ڕێکارە فاشیستییەکانی ڕۆشنبیرانی سەردەمی سەردار سوپا، وەک بەرڵینییەکان و نووسەرانی کاوە و ئێرانشارە کە یەک سەدە  لەمەوبەر ڕێگایان بۆ باپیری ڕەزا پەهلەوی دانا تا لە پێناو دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێڕندا بە ناوی سەرکوتی سەربزێویی خێڵ و عەشیرەتەکان، بۆ قەلاچۆ و ژێنۆسایدی زمانیی و ناسنامەییان لەشکرکێشی بکاتە سەر هەموو نەتەوە نافارسەکان بە گشتیی و نەتەوەی مەزنی کورد لە لوڕستاناتەوە تا باکووری ڕۆژهەڵاتی نیشتمان بە تایبەتیی.
  مەنشووری گرووپی جۆرج تاوان، لە بەنەبوو دانانی نەتەوەکان و نەدیتنی فرەنەتەوەیی بوونی ئێران، خۆ بواردنی ئاشکرا لە داننان بە مافی دیارییکردنی چارەنووسی نەتەوەکان، پێداگریی لە سەر چەمکی پاراستنی سەرزەوینیی ئێران و هاوکات هێشتنەوەی هێزە لەشکرییەکانی سوپای پاسداران و ئەڕتەشی داگیرکەر و سپاردنی ئەرکی پاراستنی تەواوییەتی سەرزەوینیی ئێران پێیان، هەر لە ئێستاوە لەشکری بەرەنگار بوونەوەی سەربزێوییە خێڵەکییەکانیان( واتە نەتەوە نافارسەکان) لە سیستەمە دێموکراتییە سێکۆلارەکەیان، دەست نیشان کردووە. بۆیە گونجاندنی هێندێ وشەی  وەک:حوکمڕانی دێموکراتیک، سیستەمی دێموکراتیی سێکۆلار، هەڵبژاردنی ئازاد، ناوەندییەت داماڵین لە دەسەڵات( نەک لە سیستەمیش)،فرەچەشنی و دەربەستیی بە پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ لە لایان داڕێژەر و واژۆکەرانی ئەو مەنشوورەوە، تەنیا یاریی بە وشە و دەستەواژەی سارد و پاسیڤە بۆ داپۆشینی ئامانجی ڕاستەقینەی مەنشوورەکە بە گشتیی و ڕەزا پەهلەویی بە تایبەتیی.
   پارتی ئازادیی کوردستان ئەو مەنشوورە بە بەڵگەی بەردەوامیی سەردارێتیی فارس و کۆیلایەتیی نەتەوەیی نافارسەکان دەزانێت؛ ڕەتی دەکاتەوە و بەربەرکانێ لە گەڵ هەر سیاسەت و هەنگاوێک دەکات کە ئامانجی دیار و شاراوەی ڕزگار کردنی دەوڵەت-نەتەوەی فارس لە قەیران و هەڵەسوون هێنانەوەی بیر و سیاسەتی ئێرانچێتی بێت لە کوردستان. پارتی ئازادیی کوردستان لەم پێناوەدا پێ لەسەر کۆدەنگیی هەموو پارت و لایەنە کوردستانییەکان دادەگرێت و جارێکی دیکە ڕوو لە پارت و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی داگیرکراو دەکات بۆ دەست بەکاربوونی خێرا و بێدواکەوتن بۆ ئامادەکارییەکانی  پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی لە سەر بنەمای مافی سەروەری و چارەنووسی سیاسیی کورد و کوردستان.
پارتی ئازادیی کوردستان داوا لە کەسایەتی و دەستەبژێری مافناس، ئاکادیمیک،لەشکریی و سیاسیی کوردستان و هەموو ئەوانەی خەونی گەورەی ئازادییان هەیە دەکات، ڕێگا نەدەن خوێن و خەباتی زۆر و لەمێژینەی کورد بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی لە کوێرەڕێیی دێموکراتیزەکردنی دەوڵەتی داگیرکەردا قوربانیی بکرێت.

پارتی ئازادیی کوردستانPAK
٢٠ی ڕەشەمەی٢٧٢٢ک
١١ی مارسی٢٠٢٣ز

سەرەوە