دواین هەواڵ

2025-07-25 حەمید مورادی چووە ریزی شەهیدانی ژینگە و پاراستنی سروشتی کوردستانەوە 2025-07-25 ژین و ژینگەی کوردستان؛ سووتاوی دەستی ئێران ڕاگەیەندراویPAK سەبارەت بە خۆپیشاندان و دروشمە نەتەوەییەکانی ئەمڕۆی سنە 2025-07-25 شەڕی دەوڵەت لە گەڵ نەتەوەیەک لە «مێژووی ٢٥ ساڵەی ئەڕتەشی ئێران»دا مەزنیی سمکۆ و عەزەمەتی قەڵای چارییە لە گێڕانەوەی مێژوونووسی دەوڵەتی فارس دا 2025-07-21 دیداری نێوان رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان و تیپی تەوارەکانی ئازادیی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات. 2025-07-21 دیداری نێوان رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان و تیپی تەوارەکانی کوردستان لەگەڵ رێکخراوی ژنانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان 2025-07-21 ⭕️ئەو برینەی ساڕێژ ھەڵناگرێ! 2025-07-19 لە دیداری نێوان رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان و تەوارەکانی ئازادیی کوردستان دا، پێ لەسەر دەورگێڕانی زیاتری ژن داگیرا. 2025-07-19 لە سنەوە بۆ سوەیدا سنوورەکانی دەوڵەت، سەروەریی و ئاسایشی مرۆڤیی 2025-07-15 دەسبەسەرکرانی باوکی کەژاڵ ساڵحی لە بجنورد. 2025-07-14 راگەیەندراوی PAK سەبارەت بە لێدوانەکانی نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا 2025-07-12 رۆڵەکانی رۆژهەڵاتی داگیرکراو لە بەرەنگاریی و پاراستنی ژینگەی کوردستاندا 2025-07-09 راگەیاندنی هاوبەش لە بارەی شەپۆلی نوێی سەرکوت لە ئێران و کوردستان 2025-06-26 ​ راگەیەندراوی پارتی ئازادیی کوردستان لەمەڕ لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی کورد، بەتۆمەتی هاوکاریی مۆساد. «تاران تۆڵەی شکستیی شەڕ؛ لە کوردستانییان دەکاتەوە» 2025-06-13 🔻"ئۆپەراسیۆنی هێزی شێر"🔻 هێرشی ئیسراییل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد: 2025-06-13 بەیاننامەی پارتی ئازادیی کوردستانPAKبەبۆنەی بەرپەلامارکەوتنی ئێران

سەرۆکایەتیی

شەڕی دەوڵەت لە گەڵ نەتەوەیەک لە «مێژووی ٢٥ ساڵەی ئەڕتەشی ئێران»دا مەزنیی سمکۆ و عەزەمەتی قەڵای چارییە لە گێڕانەوەی مێژوونووسی دەوڵەتی فارس دا

15 کاتژمێر پێش ئێستا

 

شەڕی دەوڵەت لە گەڵ نەتەوەیەک لە «مێژووی ٢٥ ساڵەی ئەڕتەشی ئێران»دا
مەزنیی سمکۆ و عەزەمەتی قەڵای چارییە لە گێڕانەوەی مێژوونووسی دەوڵەتی فارس دا
 
پێشەکیی
 ڕەنگە بکرێ بگوترێ،«ڕەزا ماکسیم»- «سەردار سپا»- «رەزا شا» و کار بەدەستانی سپایی و سیاسی و کارگێڕیی دەوڵەتەکەی، مەزنیی سمکۆ و شۆڕشەکەیان لە خودی نەتەوەکەی سمکۆ باشتر فام کردووە. هەر بۆیە ڕۆشنبیر و خاوەنڕای ئێرانیی لە هەردوو رێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیی دا، حەولێکی زۆری سیستەماتیکیان داوە، وەها کەسایەتیی سمکۆ و شۆرشەکەی و حوکمڕانییەکەی شڵوێ بکەن کە نەبنە سەرچاوەی بیری سیاسیی کورد و ئیلهامی ڕۆحیی و مەعناییی ڕۆڵەکانی کوردستان. بەڵام بەو حاڵەشەوە مەزنیی سمکۆ و جەنگ و بەرنگاییەکانی لە نووسین و پەیڤەکانیاندا هەمیشە بۆنەشاردراوەتەوە و بەجۆرێک هەر دەریان بڕیوە.
کتێبی (تاریخ ٢٥سالە ارتش شاهنشاهی ایران )(مێژووی ٢٥ ساڵەی ئەرتەشی شاهەنشاهی ئێران) نووسینی«زەبیحۆڵاهی قەدەمی» کە لە خەزەڵوەری ١٣٢٦ هەتاوی( نوامبری١٩٤٧)، لە ٢١ فەسڵ دا چاپ کراوە،فەسڵی یازدەهەمی تەرخان کراوە بۆ گێڕانەوەی شەڕ لە گەڵ کورد و هێرشەکانی ئەڕتەشی ئێران لە ژێر چاودێری «سەردار سپا» دا بۆ گرتنی قەڵای چارییە ناوەندی فەرماندەیی شۆڕشی کوردان.هەر لەم فەسڵەدا وتەکانی ڕەزا شا کە هێشتا نەببووە شا و وەزیری جەنگ بوو، لە چاپ دراوە. وتەکانی سەردار سپا، بەڵگەیەکی دیکەی مەزنیی سمکۆ و گرینگی شۆڕشەکەی دەردەخەن. هیواداەرم لە دەرفەتی داهاتوودا بتوانم وتەکانی بە کوردیی وەرگێڕم و بڵاوی بکەمەوە.
لە وەرگێڕانی ئەو دەقەدا حەولم داوە ڕۆحی وشە و پەیامەکان وەک خۆیان بپارێزم و حەز و هەڵوێستی خۆمی لە گەڵ تێکەڵاو نەبێت. ئەوەی خوارەوە دەقی وەرگێڕدراوەی بەشێک لە فەسڵی یازدەی ئەو کتێبەیە:
فەسڵی یازدەیەم
سەرکەوتنی درەوشاوەی ئەڕتەش لە دامرکاندنەوەی ئاژاوەی کوردانی ئازەربایجان
    هەروەک لە فەسڵی کوودەتادا باسمان کرد،سەرتیپ حەبیبۆڵڵاخان بە پلەی فەرماندیی گشتیی لەشکری ئازەربایجان بە هێزی پێویستەوە بۆ لەناو بردن و ڕیشەکێشکردنی کوردەکان بەرەو تەورێز کەوتە ڕێ. کوردەکان بە هۆی هاندانی  بێگانەوە بە تەما بوون ئازەربایجان سەربەخۆ بکەن و حکومەتی  خودموختاری کوردیی  پێکبهێنن. تیمسار ئەمانۆڵڵا جیهانبانی کە لەو کاتەدا سەرۆکی ئەرکانی ئەرتەش بوو، بەرەو ئازەربایجان وەڕێکەوت.سمایل ئاغای سمکۆ بێبەزەییانە لەوپەڕی دڵڕەقیی دا، قەڵای قایمیی چاریەی کردبووە ناوەندی ئۆپەراسیۆن و مەئوای خۆی. ئەو لەگەڵ سوارە دڵڕەقەکانی خۆی، تەواوی شارەکانی ئازەربایجانی خستبووە بن سمی ئەسپەکانیان. ئاڵۆزیی و ئاژاوە و یاخییبوون سەرلەبەر  ئازەربایجانی داگرتبوو و بەرەو ئەوە دەچوو ئەم پارچە ئالتوونزایەی ئێران  کە سەری ئێران پێکدەهێنی، بەرە بەرە بکەویتە بەر فەرمان و دەسەڵاتی سمایلی سمکۆ و بە هاندانی بێگانە لە حکوومەتی ئێران جیا بکریتەوە.
    ئەمیر لەشکر ئیسماعیلی ئەمیر فەزڵی کە فەرماندەی لەشکری ڕۆژئاوا بوو، لەلایەک و خاڵو قوربان لەگەڵ چوار هەزار چەکداری خۆی و ژمارەیەک سەرباز و، سەرهەنگ روحۆڵڵا میرزای جیهانبانی(سەرلەشکر کەیکاووسی) سەرۆک ئەرکانی ئەو هێزە لە لایەکی دیکەوە، ماوەیەکی زۆر لە حەولی داگیر کردنی سەنگەرەکانی بەرگریی چارییەدا بوون،بەڵام بەهۆی ئەو ڕووداوانەی وا بوونە هۆی پاشەکشەی هێزەکانی لندبرک و لاسن[ئەم دوو کەسە لەوە دەچێ لە ڕاوێژکارە ئاڵمانیی یان نەمساوییەکانیان بووبن] و نایب سەرهەنگ پۆڵادینی، ئۆپەراسیۆنێکی ئەوتۆ بەڕێو نەدەبرا.
لەم بەینەدا سەید تەها کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵا، لە هاوکارەکانی سمکۆ، لە شەوێک دا بە ٨٠٠ سوارەوە بە نیازی شەڕ بەرەو مۆڵگەی خاڵۆ قوربان دەچێ. خاڵو قوربان لە کوردانی لە ڕادەبەدەر ئازا و یەکێک لە یارانی دیاری میرزا کوچەک خان بوو. لە کاتی چوونی سەردار سپا بۆ گیلان، ئەو خۆی ڕادەست کرد و دواتر لەگەڵ چەکدارەکانی، ئەرکی زەنجان و تەورێزی پێ سپێردرا.خاڵۆ قوربان لەم شەڕەدا لەبەردەم سەرۆک ئەرکان سەرهەنگ رووحۆڵلا میرزا کەیکاووسی ، تیرێک دڵی  ئەنگاوت و تەختی عەرزی کرد و چەکدارەکانیشی بڵاوەیان لێکرد. 
سەرهەنگ کەیکاوسی و بەهادۆروڵسەڵتەنە ژن برای فەرمانفەرما و سەرهەنگ شەهاب، بە هیچ شێوەیەک نەیانتوانی هێزی چریک کۆ بکەنەوە. هەروەها شکانی هێزی خاڵۆ قوربان، هەمووانی لە کۆتاییهێنان بە ئاژاوەی سمکۆ، هیوا بڕاو کرد. عالیجناب سەردار سپا کە بە سەرنجە وردەکانییەوە چاودێریی بارودۆخەکەی دەکرد، سەرۆک ئەرکانی خۆی سەرتیپ  ئەمانۆڵڵا میرزا جەهانبانی بە پلەی  فەرماندەیی گشتیی هێزی ئازەربایجان بۆ کۆتاییهێنان بە ئاژاوەی سمکۆ، ئەرکدار کرد و سەرتیپ شەیبانی بۆ تاران گێڕایەوە.
  
یەکەمین شەڕی ئازەربایجان
ژمارەی هێزەکانی کوردان: زانیاریەکی تەواو لە ژمارەی هێزەکانی سمایل ئاغای سمکۆ لە بەردەست دا نییە،بەڵام دەکرێ عەزەمەتی هێزەکەی لەوەڕا بزاندرێ کە تەواوی شارە گەورەکانی سەڵماس، رەزاییە،هەموو لێوارەکانی ڕۆژئاوای دەریاچەی رەزاییە و تەواوی شاخە بەرزەکانی ئەو پارێزگایە، لە دەست هێزە عەزیمەکەی سمائیل ئاغای سمکۆدا بوو. 
ژمارەیەکی زۆر لە سەربازە هەڵاتووەکانی عوسمانی کە شارەزاییان لە چەکی جۆراوجۆر هەبوو، بە چەک و چۆڵە فرە جۆرەکانی خۆیانەوە،چووبوونە ڕێزی هێزەکانی سمکۆ.هەروەها ئەو کوردەی هەمیشە بە چەکێکەوە هێزەکانی دەوڵەتیان تێکدەشکاند، ئێستا بە کۆمەڵێ تۆپ و ژمارەیەک تیرباری سووک و قورس و ئەو چەکانەی لە هێزەکانی دەوڵەتیان گرتبوو تەیار بوون و شارەزای تەواوی ناوچەکە و شەڕکەری لێهاتوون. ئەوانە هێزەکانی دوژمنیان پێکدەهێنا و خاوەنی ورەی زۆر بەهێز بوون.
ژمارەی هێزەکانی دەوڵەت: هێزەکانی دەوڵەت لە ٨ هەزار پیادە و ١ هەزار سوارە و ٥ هەزار چریک و هەزار نەفەر شەڕکەری دەرەوەی سیستەمی لەشکریی پێکهاتبوون کە بە گشتی نزیکەی ١٥ هەزار کەس دەبوون.
سەرەتا پایۆرەکانی دەریاچەی رەزاییە، بە پێی فەرمانی تیمسار جیهانبانی بە خۆیان و چەک و چۆڵەکانیانەوە کەوتنە کار و هێرش دژی سمکۆ دەستی پێکرد. لە ٤ ی گەلاوێژی ١٣٠١(٢٦ ژووئیەی١٩٢٢ز)، لە ئاکامی هێرشی ئازایانەی ئەرتەشدا ، کلیمانخانە و بەدوایدا سەڵماس و دیلمقان یەک بە دوای یەک لە دەست کوردان دەرهێنران و کەوتنە دەست ئەرتەش. 
فەرمان بە هەموو هێزە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەت لە بەندەر سەنگی کازم درا کە لە ڕێگا شاخاوییەکانی ناوچەی ئەرسبارانەوە بەرەو قەڵای چارییە بجووڵێن. پاشان فەرمان بۆ تەواو هێزەکانی جێگیر لە شەرەفخانە دەرچوو کە لە باکوری دەریاچەی ئورومییەوە بەرەو قەڵای چارییە هێرش بکەن و ئەو قەڵایەی دڵێ هێزێ کوردان بوو، بگرن.بەمجۆرە قەڵای چارییە لەلایەنی دوو قافڵە هێزی دەوڵەتییەوە گەمارۆ درا و پؽشبینی دەکرا لەکەمترین ماوەدا، بگیرێ. 
  
فەرمانی ئۆپەراسیۆنی جەنگیی
ئەلف: قافڵەی گارد برییتی لە هەنگی پیادەی پەهلەوی، هەنگی پیادەی رەزا پوور، یەکەی سوارانی شناسایی، یەکەی تۆپخانە و چوار عەرەبانەی تایبەتی شاخ، لەژێر فەرمانی سەرتیپ فەزڵوڵڵا خان زاهیدی(بەسیر دیوان) دەبوو بەسەر بەرزاییەکانی قزڵداغ و مێشووداغ دا بەرەو قەڵای چارییە، پێشڕەوی بکەن.
ب: قافڵەی باکوری رۆژئاوا بریتی لە هەنگی پیادەی لەشکری ئازەربایجان، یەکەی سوارانی شناسایی ، یەکەی تۆپخانە و چوار عەرەبانەی ڕووسیی شاخ، لەژێر فەرمانی سەرتیپ حسەین موقەدەم دا، دەبوو بەسەر بەرزاییەکانی شەکەربازیی دا ، بەڕەو قەڵای چارییە بڕۆن. 
ج. شەڕکەرەکانی دەرەوەی سیستەمی لەشکریی( جنگجویان غیرنظامی) کە لەبەر فەرمانی ئەفسەرانی ئەرمەنی دا پێکهاتبوون، لەسەریان بوو لە تەختایی باکوری نێوان دەریاچەی ئورومییەوە بەرەو پێش پچن و خۆیان بگەیننە قەڵای قایمی چاریە.
د. ئۆپەراسیۆنی قافڵەی جێگیر لە بەندەری سەنگی کازم بە فەرماندەیی سەرهەنگ ئەبوولحسەینی پورزەند، دەبوو لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی هێزی جێگیر لە بەندەری شەرەفخانە بەباشیی هاوئاهەنگ بن و هەر دوولا لە یەک رۆژدا جووڵە بکەن. 
     پاش دەسپێکی دەرکردنی فەرمانی شەڕ و ئۆپەراسیۆن لەلایەن تیمسار جیهانبانی و ناردنی بۆ هەموو فەرماندەکانی قۆڵەکان؛ ڕۆژی عاشورای ساڵی ١٣٠١، ئۆپەراسیۆنی سەرانسەری بەوپەڕی خێرایی و توندی لە دژی کوردان دەستی پێکرد. لە جەنگەی شەڕەکەدا، تیمسار جیهانبانی ئاگادار کرا کە باری قورسی شەڕەکە لەسەرر قافڵەی گاردە کە دەبوو بە سەر بەرزاییەکانی قزڵداغ و بزداغ دا پێشڕەوییان کردبا.بە پێی زانیارییەکان هەنگەکانی پیادەی ئەو قافڵەیە لە بەرزاییەکانی قزڵداغ لەگەڵ کوردان بەیەک گەیشتوون. کوردان بە ئازایەتی و سەرسەختیی لە ڕادە بەدەر شەڕ دەکەن و توانیویانە هێزەکانی ئێمە دووکەرت بکەن و کەلێنی قووڵیان لە نێواندا درووست بکەن و لە سەرکەوتندان. هەروەها هەواڵ هات کە ئاگری توندی تۆپخانەی دوژمن بووەتە هەڕەشە لەسەر هەر دوو قافڵەی گارد و باکووری رۆژئاوا و مەترسیی ئەوە لە ئارادایە کە پێوەندی نێوان قافڵەکان بپچڕێت و یەک یەک لە بەرزاییەکانی قزڵداغ دا گەمارۆ بدرێن و تەفر و توونا بکرێن. 
     تیمسار جیهانبانی بە بیستنی ئەو زانیارییانە ، دەستبەجێ فەرمانی دا  قافڵەیەکی سوارە کە وەک ئیحتیات لە ژێر فەرمانی فەرماندەیی دا بوو، بە خێرایی لە نێوان هەر دوو بەشی هەنگە پیادەکان پێشڕەوەیی بکات و تا  بۆیان دەکرێ ئەو کوردانەی هێزەکانی دەوڵەتیان دووکەرت کردوە، بەرەوە پاش ڕا بدەن. هەروەها تۆپخانە، بارانی تۆپ بە سەر کوردان دا ببارێنێ و تێکیانبشکێنن. 
    شەو و رۆژێک ٢٤ ساعەت نەبەردێکی زۆر سەخت ڕوویدا.کوردەکان بە لە خۆ بوردووی و ئازایەتی لە ڕادەبەدەر حەولیان دەدا پێگە و سەنگەرەکانیان بپارێزن و ئەو کەلەبەرەی خستبوویانە نێوان هێڵێ هێزەکانی دەوڵەتەوە، هەر چۆنێ بێ ڕابگرن. بەڵام سەرەنجام توانای ئاگر و هێرشی توندی هێزی سوارە کە لەکاتێکی زۆر گونجاودا دەستی پێکردبوو، پاش نەبەردێکی خوێناوی و سەرسووڕهێنەر، کوردانی شکست دا و ناچار کران بەرەو شاری سەڵماس و قەڵای چارییە پاشەکشە بکەن.
پاش دوو رۆژ و هێندێک پێکدادان، شارستانی سەڵماسیش بە هۆی خێرایی جووڵەی هێزەکانەوە، گیرا و کوردان ناچار کران بەرەو قەڵای چارییە دوا پەناگای خۆیان بڕۆن. لەم کاتەدا فەرمان بە تەواوی هێزەکان درا کە کەڵک لە سەرکەوتنەکانیان وەربگرن و بەبێ کەمتەرخەمیی هێرش بکەنە سەر قەڵای چارییە.
   هێزەکانی ئەرتەش پاش پێوانی خێرای هەشت فەرسەخ ڕێگە و بانی شاخاویی، بە دەم جەنگەوە خۆیان گەیاندە دەور و بەری قەڵای چارییە و گەمارۆیاندا. کوردان کە لە خێرایی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی دەوڵەت خافڵگیر ببون، لە چارییەیش بەرنگارییەکی ئەوتۆیان نەکرد و دوای پێکدادانێکی کورت شکان و بڵاوەیان لێکرد. 
رۆژی ٢٠ گەلاوێژی ١٣٠١ کە دەروازەی قەڵای چارییەکرایەوە و سمکۆ شکا ، ئەم تێلێگرافە لە لایەن سەرتیپ ئەمانۆڵڵا میرزا جیهانبانیەوە بۆ وەزیری جەنگ نێردرا:
 لە چاڕییەوە، ژمارەی ٦٤١، خاوەن شکۆ وەزیری جەنگ و فەرماندەی گشتی لەشکرەکان گەورەییتان بەردەوام؛ ئاماژە بە ڕاپۆرتی ژمارەی ١٧١، بە ئاگاداریی مبارەکتان دەگەیەنم هێزەکانمان لەبەدوادا چوونی دوژمن دا، ئەمڕۆ ٢٠ بورجی ئەسەد، ساعەت ١١ی بەیانیی قەڵای چارییەیان گرت و ئەو تۆپ و چەکانەی لەو ماوەیەدا لە هێزەکانی دەوڵەتیان گرتبوو، بۆمان گەڕایەوە. دوژمن شکاو پڕش و بڵاو بووە و وڕایکردوە. هێزەکانمان بە خێرایی بە دوای دوژمنەوە پێشڕەوی دەکەن. فەرماندەی لەشکری ئازەربایجان سەرتیپ ئەمانوڵڵا.
     ئەو سەرکەوتنە پڕشنگدارە وەها لە تەواوی ئێران دەنگی دایەوە کە ناوبانگی گەیشتە هەموو جێگایەک و لە هەموو لایەکەوە لافاوی تێلێگرافی پیرۆزبایی بۆ سەرکردە و دامەزرێنەری گەورەی سەربەخۆیی و ئەرتەشی ئێران دەنێردرا.هەموو گەورە پیاوانی شارستانەکان ئەم فەتحە گەورەیان لە خاوەن شکۆ بە خامە و ڕەستەی جوان و پڕمانا و سۆزدارانە، پیرۆز کرد.هەروەها لە هەموو گۆشە و قوژبنی ئێران چراخانی و جەژن و گۆڤەند بەرپا کرا . لە هەموو شوێنێک وێنەی سەردار سپای وەزیری جەنگ بە گوڵ و رێحانە وگڵۆپی ڕەنگاوڕەنگەوە شەقامەکانیان پێڕازایەوە. 
فەرماندەکانی لەشکر و سەربازەکانی شاهەنشاهیی لەسەرلەبەری ئێراندا جەژن و بەزم و شاییان گێڕا. هەروەها لەلایەن سەرۆکایەتی مەجلیسی شۆرای میللیی ئێرانەوە، نامەی پیرۆزبایی بۆ سەردار سپا نێردرا کە لە مێژووی پەرلەمانیی دا، بایەخی شایانی سەرنجی هەیە. 
لە تارانیش رۆژی ٢٨ گەلاوێژی ١٣٠١ چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی نەتەوە، جەژنێکی یەکجار ڕازاوەیان لە گۆڕەپانی راهێنان واتە باغی میللیی،بە شانازیی فتوحاتی ئازەربایجان بەرپا کرد . لەو جەژنەدا تەواوی ئەفسەرانی ئەرتەش و کەسایەتی و گەورەکان بانگهێشت کرا بوون. هاوکات ژمارەیەکی زۆر بەرەو ماڵی سەرداری سەرکەوتوو و گەورەی ئێران خاوەن شکۆ، لنگیاندا و بەسەر سەر و دەستەوە بەرەو گۆڕەپانی جەژنەکە هاوردیان.
کۆبەند و شیکاریی
   لە توێی گێڕانەوەکانی ئەم مێژووەدا، بە شێوەی تێگەیشتنی هێرمۆنیتیکی و لێکدانەوەی دەق، برێک ڕاستیی دەردەکەون کە ڕاستەوخۆ ئاماژەیان پێنەکراوە. هێندێک لەم ڕاستییانە بەمجۆرەن:
١-کوردستان و لوڕستانات گەورەترین لەمپەڕ و ئالنگاریی ڕێگای دامەزراندنی دەوڵەتی کلۆنیالیی فارس بوون.شۆڕشی سمکۆی مەزن لە باکووری ڕۆژهەڵات و موکریان و شۆرش و ڕاپەڕینەکانی باشووری ڕۆژهەڵات وەک ڕاپەڕینی گەورەی ئیلام بە سەرکردایەتی شا محەممەدی یاری،ڕاپەڕینی شێرعەلییمەردانخانی بەختیاری، بەرەنگارییەکانی عەلیمەردانیخانی بیرانوەند و داودخانی کەلهوڕ و قەدەمخێر، هەموو ملنەدان بوو بە بنیاتنانی قەوارەی ئیستیعماریی ئێران و لە پێناو سەربەخۆیی دا بوون. بنیاتنانی وڵاتی دەستکردی یەک نەتەوە و یەک ناسنامە و یەک زمانی ڕەزا شایی بە نێو ڕووباری خوێنی ئەواندا تێپەڕ بوو.
 ٢- ئامانجی سەرەکیی لە دامەزراندنی ئەڕتەشی ئێران،بەرەنگاربوونەوەی مەترسیی دەرەکیی نەبووە، بەڵکوو لە پێناو هێرش بۆ سەر کوردستان و لوڕستان و خاکی نەتەوەکانی دیکە بووە کە دەبوو بەزۆر بە ئێرانییی بکرێن و بخرێنە ژێر ڕکێفی دەوڵەتی فارسەوە. لەو کاتەدا ئێران هیچ دوژمنێکی دەرەکیی نەبووە و لە گەڵ هیچ دەوڵەتێک لە ململانێ دا نەبووە. ئێستاش کوردستان شار و شاخی میلیتاریزەیە.
٣- ئەو لەشکرکێشییەی بۆ گرتنی قەڵای چارییە و شکست دانی«اکراد» کراوە، لە ڕووی ڕێکخستن، بەڕێوەبردن، ژمارەی هێز و جۆری هێزەکان و جۆری چەکەکان و زمان و ئەدەبیاتی جەنگیی و بایەخدانی سەرکردایەتی سپا و دەوڵەت، لە ئاست جەنگ لە گەڵ دەوڵەتێک دا بووە.هەروەها  بە کارهێنانیی وشەی فەتح و فتوحات، قووڵایی ڕوانگەی ڕۆشنبیر و مێژوونووس و دەوڵەتداری ئێرانیی لە سەر کورد و کوردستان پیشان دەدا.ئەو وشانە هەر تەنیا واتای لەشکرییان نییە، بەڵکوو داننانێکی پەنەمەنییە بە سەربەخۆییی ناسنامە و مێژوو و خاکی کوردستان. چوونکە فەتح و فتوحات هەمیشە ڕوویان لە سەرزەوییەکی دیکە و ناسنامەیەکی دیکەو بەرەنگارییەکە. بەکارهێنانی ئەو وشانە پەردە لە سەر ڕوانگە و هەقییقەتێک هەڵدەماڵێ کە ئێرانییەکان هەمیشە ویستوویانە بیشارنەوە.ئێستاش گەورەترین سەربازگە و زیاترین ژمارەی هێزەکانی ئێران، لە کوردستان و لوڕستانات دامەزراون.
٤- ئەوەی لە لایان تاران و دامەزراوەی سیاسیی وسپایی و میدیاییەوە،  بە دوژمن دانراوە، کۆی نەتەوەیەکە کە ئەوان پێیان گوتووە«اکراد»، نەک هەر سەرکردە و بزاڤێک. ئەم بنەمایە لە هەموو ئەو ١٠٠ ساڵەدا لە قووڵایی مێشکی ڕۆشنبیران و دەوڵەتدارانی ئێراندا بووە.بەڵام پاش پەهلەویی یەکەم، لە ڕووی میدیاییەوە بڕێک کاڵیان کردەوە.هاکات لە بەرەی کوردیشەوە، لادانێک لە خوێندنەوەی هاوکێشەی کوردستان-ئێران ڕووی دا.هەم لە ڕووی ناسنامەییەوە، هەم لە ڕووی تایبەتمەندیی پێوەندیی ئێران بە کوردستانەوە  و هەم لە ڕووی پڕۆژە و ستراتیژی سیاسییەوە.گەشەی ناسیونالییزمی کوردستانی و بیر و بزاڤی سەربەخۆییخوازیی کە پارتی ئازادیی کوردستانPAKپێشەنگایەتیی دەکات، خەریکە تێگەیشتن لە هەقیقەتی پێوەندیی نێوان تاران و کوردستان وەک پێوەندیی نێوان داگیرکەر و داگیرکراو، دەگەڕێنێتەوە جێگای خۆی.
٥- ئەوە تەنیا دەوڵەتی ئێران نەبوو بە چەک و چۆڵی دەوڵەتێکەوە لە گەڵ کوردان لە جەنگ دابوو. بەڵکوو نیوەی قانوون و نیوەی سیاسەت و نیوەی قۆرخانە و نیوەی پسپۆڕیی لەشکریی دنیا دژی کورد لە شەڕدا بوو. دەوری فەرماندە و شارەزایانی لەشکرییی بیانی لە ڕاوێژکاریی و پەرەوەردە و فێرکاریی ئەولاتر بوو. ڕاوێژکارانی لەشکریی ڕووسی و ئوروپایی ، لە مەیدانی شەڕەکاندا بوون. هەروەها ئەوەی لەشکری کوردانی شکاند، پسپۆڕیی و چەکە قورسەکان و تەقەمەنیی زۆر و زەوەندی ئەوان بوو. ئاگری ئەو تۆپانە بوو کە خۆیان و گوللەکانیان و تۆپهاوێژەکانیان بیانیی بوون.
٦- لەو کاتەدا هیچ دەوڵەتێک نە لە ڕووی سیاسیی و نە لە ڕوویی سپایی و نە چەک و چۆڵەوە یارمەتیی و پاڵپشتییان لە کورد نەکرد. تەنانەت ئەڕتەشی تورکیا لە کاتی پاشەکشەی سمکۆی مەزن و ماڵ و خێزانەکەی دا، خەسرەوی کوڕی و دایکی خەسرەو شەهید دەکەن و پەلاماری کاروانی سمکۆ دەدەن. چەک و چۆڵی کوردان بریتی بوون لە چەکە سادە و ساکارەکانی خۆیان و ئەو چەکانەی لە سەربازانی شکستخواردووی عوسمانییان کڕیبوو یان لە سەربازانی شکستخواردوو و ڕاکردووی ئێرانیان گرتبوو.
٧- ڕوانگە و ستراتیژ و لەشکرکێشیی ئێرانییەکان بۆ فەتحی خاکی کوردستان  و ڕاسان و بەرخۆدان و فیداکارییی سەرکردە و ڕۆڵەکانی کوردستان هەر لە چارییەوە هەتا سەنگەرە خوێناوییەکانی لوڕستانات،دەبێ لە هەست و نەست و حافیزەی گشتییی نەتەوەی کورد دا هەمیشە هەبن و بییر و ستراتیژیی سیاسیی و سپایی لێهەڵنجێنن. هەروەها بکرێنە بەشێک لە ڕەگەزە ڕۆحیی و مەعناییەکانی مرۆڤی کوردستانیی. یاد و ناوی سمکۆی مەزن و سوارچاکانی جەنگاوەری هەرمان و ئاوەدان  بێتەوە قەڵای چارییە و قەڵاکانی بەرخۆدانی نیشتمانی داگیرکراو.

حسەین یەزدانپەنا
٩٥ ساڵەی تێرۆری سمکۆی مەزن

زۆرترین خوێنراو

سەرەوە