دواین هەواڵ

2024-09-07 ڕادەستکردنەوەی بێهزاد خەسرەوی مەحکووم و شەرمەزار دەکەین 2024-09-05 ڕاگەیەندراوی پارتی ئازادیی کوردستانPAK سەبارەت بە ڕاگوێزانی زۆرەملیی دانیشتوانی کەمپەکانی لایەنەکانی کۆمەڵە 2024-08-30 مامۆستایەکی ئایینی بە پازدە مانگ زیندانیییکردن حوکم درا. 2024-08-22 راگەیەندراوی کومیتەی ناوەندی PAK بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک مەسعوود فەریقی 2024-08-18 په‌یامی سه‌رۆكیPAKو فه‌رمانده‌ی گشتیی سپای میللیی كوردستان به‌ بۆنه‌ی 45هه‌مین ساڵی جیهادی خومه‌ینی دژی كورد و به‌ره‌نگاریی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان 2024-08-12 کوژرانی کۆڵبەرێک لە سنووری سەردەشت 2024-08-12 پێشمەرگەیەکی پێشووی پارتی ئازادیی کوردستان لە شاری شنۆ کۆچی دوایی کرد. 2024-08-06 حوکمی لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی جێبەجێ کرا 2024-08-05 بەیاننامەی پارتی ئازادیی کوردستانPAK بە بۆنەی دەیەمین ساڵوەگەڕی دامەزران لە بەرەکانی جەنگ دژی داعش 2024-07-31 ئیسماعیل هەنیە لە تاران کوژرا 2024-07-30 بۆکان؛ دەسبەسەرکرانی ئەحمەد حەسەنزادە و سۆلماز حەسەنزادە بنەماڵەی شەهید محەممەد حەسەنزادە 2024-07-24 چالاکێکی ژینگەپارێزی خەڵکی کامیاران بەهۆی سووتانەوە گیانی لەدەست‌دا 2024-07-24 کامیاران؛ دەسبەسەرکرانی ژمارەیەک چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێز 2024-07-24 نوێنەرایەتیی پارتی ئازادیی کوردستان لە دەرەوەی وڵات پاڵپشتیی خۆی لە بڕیاری داخستنی ناوەندە تیرۆریستییەکانی ئێران لە ئاڵمان رادەگەیەنێ 2024-07-18 سەقز؛ کوژرانی شێخ ئازادی شەهابی و دوو لە دەروێشەکانی

ڕاگەیەندراو

بەیاننامەی پارتی ئازادیی کوردستانPAK بە بۆنەی دەیەمین ساڵوەگەڕی دامەزران لە بەرەکانی جەنگ دژی داعش

05/08/2024

بەیاننامەی پارتی ئازادیی کوردستانPAK
بە بۆنەی دەیەمین ساڵوەگەڕی دامەزران لە بەرەکانی جەنگ دژی داعش
 
ڕۆڵەکانی نەتەوەی گەورەی کورد!
کوردستانیانی ڕاهاتوو بە خەبات و قوربانییدان!
 
   ١٠ساڵ لەمەوبەر پاش ئەوەی بە فیت و پلانی تاران، دەوڵەتی خەلافەی داعش ڕووی شەڕ و هێرشەکانی لە شارەکانی عێڕاقەوە بەرەو باشوری کوردستان وەرگێڕاو پەلاماری شنگالی دا ؛ هێزێک لە رۆڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بڕیار و چەک و تفاقی خۆیەوە، گیان لەسەر دەست و تژیی لە حەماسە، ملی بەرەو بەرەکانی جەنگی پاراستنی کوردستان و کیانە سیاسییەکەی نا و بە گەیشتنی بە بەرەکانی هەرە پێشەوەی جەنگ ئازایانە ئامبازی هێزە پەلاماردەرەکانی داعش بوو.ئەو هێزە هەڵکەوتووە، سەرکردە و کادر و پێشمەرگەکانی پارتی ئازادیی کوردستان بوون. 
     لە ماوەی سێ ساڵی ڕەبەقی شەڕدا، ئەوەی لە تەواوی هەڵمەت و بەرگرییەکاندا لە هەموو بەرەکان و قۆڵەکانی شەڕدا هێزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان تۆماریان کرد، تەنیا و تەنیا سەرکەوتن، نەشکان، سەربەرزیی و دەسکەوت بوو. شانازیی دوا نەبەردی نێوان داعش و پێشمەرگەش لەو قۆناغەدا بە هێزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان بڕا  کاتێ سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٩ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧، لە سنووری ڕۆژاوای کەرکووک هەڵمەتیان بردە سەر دەستەیەک لە هێزەکانی داعش کە بە تەمای پەڕینەوە بۆ ناو شاری کەرکووک بوون. کۆی ئەم ڕۆڵ و لێهاتووییە پارتی ئازادیی کوردستانی کردە جێی متمانە و دڵخۆشیی نەتەوەی گەورەی کورد و مۆدێلێکی دیکەی لە حیزبایەتیی و سەرکردایەتیی و پلە و پایەی حیزبیی بەرهەمهێنا. هەروەها جێی سەرنج و ڕێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی و ناو و ناوبانگی جیهانیی بۆ دروست کرد.شانازیی و سەرکەوتنەکانی پارتی ئازادیی کوردستان لە نەبەرده‌كانی شەڕی ٣ ساڵەی داعش دا، بە خوێنی ١٧ شەهید و ٣١ بریندار تۆمار کران. 
ئەو بڕیار و دەور و دەسکەوتەی کە پارتی ئازادیی کوردستان لە ماوەی سێ ساڵ شەڕی داعشدا گێڕای، تەنیا ڕووکار و ناوەرۆکی لەشکریی نەبوو، بەڵکوو ئاوێنەی ناسنامەی ڕوونی نەتەوەیی و سیاسەتی دروستی کوردستانیی و عەشق و بیر و ئاواتی سەربەخۆیی کوردستان بوو.پارتی ئازادیی کوردستان بەو هیوایە بوو کە لەو شەڕەدا وێڕای تێکشکاندنی هێزەکانی داعش، خاکی تەعریب کراوی کوردستان بۆ خاوەنی ڕاستەقینەی دەگەڕێتەوە و هاوکات دەرفەتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی باشووری کوردستان، هەڵدەکەوێ.هەموو ئەو شەو و شەونخوونیی و خوێن و خەباتەی کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هەتا ساڵی ٢٠٢٣ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرەکانی جەنگ دا لە باشووری کوردستان،کێشایان و پێشکەشی کوردستانیان کرد، بە بێ مووچە و بەرات و خەڵات و تەنیا لەو ڕێگا پیرۆزەدا بوو.
     پارتی ئازادیی کوردستان لە مێژ بوو لەو باوەڕ و قەناعەتەدا بوو کە ماف و ئازادیی و سەروەریی و ئاسایش و بەختەوەریی خەڵکی باشووری کوردستان(هەروەک پارچەکانی دیکەی نیشتمانی داگیرکراومان) لە هیچ فۆرمێک بێجگەلە سەربەخۆیی و دەوڵەتدا دابین و دەستەبەر نابێت و دەستوور و یاسا و واژۆ و ڕێککەوتنەکان بۆ سیاسەتمەدارانی نەتەوەی سەردەست هیچ بایەخێکی نییە و بە گۆڕانی تەرازووی هێز لە نێوان کورد و ئەواندا، پشت لە هەموو ئەوانە دەکەن و دەگەڕێنەوە سەر ڕێچکە مێژووییەکەیان کە بریتییە لە داگیرکردن و تاڵان کردنی کوردستان و حەولدان بۆ نەهێشتنی ناسنامەی کوردستانیی.بۆیە بەو تەرزە بە سەر و ماڵەوە لە دەرفەتی شەڕدا بۆ سەربەخۆیی کوردستان تێوەچوو.

    پارتی ئازادیی کوردستان لەو ساڵانەدا تەنیا لە شەڕ و ململانێی داعش دا نەبوو، بەڵکوو هاوکات لە هەناوی شەڕ و بەرگرییدا، وزەیەکی زۆری بۆ بەرپەرچدانەوەی پیلانگێڕییەکانی تاران تەرخان کرد. تاران کە بەشی شێری لە دژایەتی یەکێتی  و یەکگرتوویی نەتەوەی کورد پێدەبڕێ، هەر لە رۆژەکانی یەکەمی دامەزرانی هێزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان لە بەرەکانی جەنگ، بە هەموو رێگاو ئامرازێکەوە کەوتە تەقەلا و پیلانگێڕان بۆ ئەوەی رۆڵەکانی رۆژهەڵاتی نیشتمان ئەو دەورە نەگێڕن. لەم پێناوەشدا، حەول و خەرجێکی زۆر و بێ پسانەوەی بە گوشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان، تێرۆر، پێشگرتن لە هاتنی لاوانی ڕۆژهەڵات بۆ ریزەکانی پێشمەرگە ، گرتن و زیندانی کردنی بنەماڵەی پێشمەرگەکان، شەڕی دەروونیی و  بڵاو کردنەوەی دەنگۆ و دروستکردنی سیناریۆی فێڵبازانە لە دژی پارتی ئازادیی کوردستان و سەرکردایەتیی و فەرماندە و پێشمەرگەکانی و بێدەنگ و رەنگ کردنیان لە میدیاکانی باشووری کوردستان، بەکار هێنا.
   ڕووداوە سیاسیی و لەشکرییەکانی ئەو قۆناغە تەنیا بە شەڕی داعش و شکستیان لە بەرەکانی شەڕ کۆتایی نەهات.هاوکات دەوری پارتی ئازادیی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەشی بە سەرکەوتن بەسەر داعش دا تەواو نەبوو.
ڕووداوەکانی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ بارودۆخی گەیاندە شوێنێک کە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتیی و گەلەکۆمەیەکی هەرێمی بۆ داگیرکردنی هەولێر و کۆتاییهێنان بە قەوارەی هەرێمی کوردستان هاوکێشە سیاسی- لەشکرییەکانی گۆڕی.ئەوە بوو کە سپاکانی ئێران و عێڕاق پێکهاتوو لە هێزەکانی لەشکری یەکی قەرارگای ڕەمەزانی هێزی قودس و حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدڕاڵی عێڕاق بە فەرماندەیی عەلی ئێقباڵپوور لە پردێ و سەید موختار لە سحێلا لە ژێر سەرپەرشتیی گشتیی قاسم سولەیمانی دا، لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢٦ی ئۆکتۆبری ئەو ساڵەدا، یەکەمجار لە  پردێ و پاشان لە سحێلا و مەحموودییەوە، بە ئامانجی داگیرکردنی هەولێر، دوو هێرشی گەورەیان دەست دایە. بەڵام شکستێکی گەورەیان لە هێزەکانی پێشمەرگە خوارد. ده‌وری مێژوویی و له‌خۆبوردوانه‌ی هێزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان له‌ نه‌به‌ردی  چاره‌نووسسازی “پردێ”دا، بووه‌ تاج و لووتكه‌ی سه‌رکەوتن و سەربەرزییەکانی.
   ئەمڕۆ کە ١٠ ساڵە لەو ڕۆژە مێژووییە تێدەپەڕێ، پارتی ئازادیی کوردستان و سەرکردە و تێکۆشەرانی، سەرەڕای هەموو کۆسپ و ئاستەنگەکان، بە هەمان هەناسە و باوەڕ و ئیرادەوە رێگای خەبات و تێکۆشان لە پێناو سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونی کوردستاندا دەبڕن و لە گەڵ کوردستانی خۆشەویست و نەتەوەکەمان و شەهیدەکانمان لە سەر شەرتی خۆی بەردەوامە و ئاسۆی سەرکەوتنی کوردستان بەسەر داگیرکەران و ئەستاندنی ئازادیی و سەربەخۆیی ڕوون دەبینێ.

شەکاوە بێ ئاڵای خەبات لە پێناو دەوڵەت و سەربەخۆیی کوردستاندا
سڵاو لە تێکۆشەرانی کۆڵنەدەری ڕیزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان و سپای میللیی کوردستان لەم یادە مێژووییەدا

پارتی ئازادیی کوردستانPAK

١٥ی گەلاوێژ ٢٧٢٤ ک
٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٤ز

سەرەوە