دواین هەواڵ

2024-03-01 ڕۆژهەڵاتی داگیرکراو دیسان ناسنامە و پرس و کۆڵنەدانی خۆی نواندەوە! راگەیەندراوی پارتی ئازادیی کوردستان PAK بەبۆنەی شکستی تاران لە کوردستان 2024-02-25 دیداری نێوان پارتی ئازادیی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان 2024-02-25 کۆچی دوایی تێکۆشەری ڕێبازی سەربەخۆیی و شاعیری نەتەوەیی کوردستان، کاک پۆڵا نانەوازادە 2024-02-25 کۆچی دوایی تێکۆشەری ڕێبازی سەربەخۆیی و شاعیری نەتەوەیی، پۆڵا نانەوازادە ڕاگەیەندراوی پارتی ئازادیی کوردستانPAK 2024-02-24 دیداری نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی ئازادیی کوردستان 2024-02-21 سەدەیەک ململانێ نێوان داگیرکەران و کوردستان لە سەر سڕینه‌وه‌ و مانەوەی زمانی کوردیی به‌یاننامه‌یPAKبه‌ بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایكیی 2024-02-18 سەردانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە پارتی ئازادیی کوردستان 2024-02-16 «ئاسۆ ڕوونە» ھۆنراوەی تێکۆشەر و شاعیری نەتەوەیی پۆڵا نانەوازادە 2024-02-13 بانگەوازی پارتی ئازادیی کوردستان PAK بۆ تەحریمی چالاکانەی هەڵبژاردنەکانی 11ی ڕەشەمەی دەوڵەتی داگیرکەر 2024-02-11 بەیاننامەی پارتی ئازادیی کوردستانPAK بە بۆنەی چل و پێنجەمین ساڵی ڕووخانی حکوومەتی پاشایەتی لە ئێران 2024-02-10 دەوڵەتی داگیرکەری ئێران حوکمی لەسێدارەدانی بەسەر مامۆستا محەممەد خزرنژاد سەپاند 2024-02-07 کۆچی دوایی شێخ عوسمان خالیدی تێکۆشەری دێرین و کەسایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان . 2024-02-06 کۆمەڵە و پارتی ئازادیی کوردستان کۆبوونەوە 2024-02-06 راگەیەندراوی سپای میللیی کوردستان سەبارەت بە هێرشی درۆنی سپای پاسداران بۆ سەر هەسەدە 2024-02-03 دیداری نێوان پارتی ئازادیی کوردستان و حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هیتر

بەیاننامەی پارتی ئازادیی کوردستانPAK بە بۆنەی حەفتاوشەشەمین ساڵوەگەڕی ئێعدامی سەرکۆمار پێشەوا قازی محەممەد و هاواڵانی؛ڕۆژی شەهیدانی کوردستان

31/03/2023

بەیاننامەی پارتی ئازادیی کوردستانPAK
 بە بۆنەی حەفتاوشەشەمین ساڵوەگەڕی ئێعدامی سەرکۆمار پێشەوا قازی محەممەد و هاواڵانی؛ڕۆژی شەهیدانی کوردستان


    ١٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣کوردی، حەفتاوشەش ساڵ لە ئێعدامی سەرکۆماری دەوڵەتی جمهووریی کوردستان پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێکانی، بە بڕیاری حەمەڕەزا شای پەهلەوی تێپەڕ دەبێت.برینێک کە تەنیا بە ڕاماڵینی یەکجاریی داگیرکەر و سەربەخۆیی کوردستان، ساڕێژ دەبێت.
پێشەوا قازی محەممەد بێجگە لەو دەورەی کە بەر لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی جمهووریی کوردستان وەک کەسایەتییەکی پایەبەرزی کۆمەڵایەتی و ڕووناکبیرێکی هەڵکەوتوو و قازییەکی دادگەر هەیبوو؛ بە بەدەستەوە گرتنی ڕێبەرایەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی جمهووریی کوردستان، گەورەترین هەنگاوی سیاسیی کوردستانیی ئەو سەردەمەی هەڵگرتەوە و ئاواتی بەرزی ڕێبەرانی نەتەوەیی پێش خۆی وەدییهێنا. تێکەوە پێچانی دوا پێگەکانی دەوڵەتی داگیرکەر، هێنا خوارەوەی ئاڵای شێروشمشێرنیشانی ئێران و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، نەچوونە بن باری پلانی یەکێتیی سۆڤییەت بۆ لکاندنی کوردستان بە کۆماری ئازەربایجان و هاوپەیمانیی نەتەوەیی لە گەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان و سەرەنجام هەڵگرتنی تەوقی سەروەریی فارس لە سەر کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێڕنی کوردستانی و ئەو گشتە دەسکەوتەی لە ماوەی یازدە مانگ دا بەدیهات، تەنیا بە هەبوونی گەورە سەرکردەیەکی وەک پێشەوا و گوتارێکی نەتەوەیی ئەوتۆ لە کردن دەهات.
   بۆیە پێشەوا قازی محەممەد هەرگیز بە پەت و سێدارەی پەهلەوی کۆتایی نەهات. بەڵام حاشا هەڵنەگرە کە ئێعدامی پێشەوا خەساری گەورەی ستراتیژیی بە نەتەوەی کورد و بزاڤە سیاسییەکەی گەیاند. بە شەهید کرانی قازی محەممەد و ڕووخاندنی کۆمار، ناسیۆنالیزمی کورد زەبرێکی ستراتیژیی وێکەوت و بزاڤی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێڕەوەی دروست و نەتەوەیی خۆی ترازا. فەلسەفە و  ئایدۆلۆژیای نامۆ و بێگانە کرانە سەرچاوەی مەعریفە و بیری سیاسیی و کەلتوور و پڕاکتیکی تێکۆشانی تاک و حیزب و جووڵانەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەر لە بەر ئەوەش بوو کە کاتێ کە ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی بنەماڵەی پەهلەوی، دەرفەتێکی لەباری ڕەخساند بۆ خەباتی ڕزگاریخوازیی کوردستان، ڕێبەران و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە، نە میراتی فیکری و سیاسیی پێشەوا و کۆماریان بۆ کۆمەڵگای خرۆشاوی کوردستان گوێزایەوە، نە چرای جمهووریی کوردستانیان دایساندەوە. ئەو دەرفەتە بێ دەسکەوت، بە تێچووی ڕووبارێک ڕەنج و مەینەت و قوربانیی، بارێک هەڵە و خەرمانێک برین و کەلێن و لێکترازان تێپەڕی.
برینی رووخانی کۆمار و ئێعدامی پێشەوا و دەرچوونی بزاڤی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دیسکۆرس و ڕێرەوە نەتەوەییە کوردستانییەکەی و ئەو قەیرانانەی لێی کەوتنەوە، لە ماوەی ڕاپەڕینی ژینا و لە بەرەبەری ٧٦ ساڵەی ئەو کارەساتە نەتەوەییەدا، لە هەڵسوون هێنانەوەی هێڵی ئێرانچیتی لە بزاڤی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە ڕوونی دەبیندرێت. لە کاتێکدا گەوهەری ڕاپەڕینی ژینا لە کوردستان، ڕزگاریخوازانە و دژە کڵۆنیالیستیی و سەروەریی ودەوڵەتخوازە، هێڵی ئێرانچییەتی بە گوتاری مهساوە تێکۆشاوە ئەو ڕۆحە لە چوارچێوەی دیسکۆرسی دێموکراتیزە کردنی دەوڵەتی داگیرکەردا لە قالب بدات و لە تایبەتمەندیی ڕزگاریخوازییە نەتەوەییە سەروەرییخوازییەکەی دایماڵێت. لە کاتێکدا کوردستان مەکۆی لەدایکبونی ڕاپەڕینی ژینایە و خۆی ناوەند و مەحوەرە، هێڵی ئێرانچێتی خۆیان داوەتە پاڵ جەمسەرە جیاوازە ڕەتێنراوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی فارس. لە دەمێکدا شکستی هەر دوو مۆدێلی پاشایەتی و کۆماری و تایبەتمەندییەکانی جیهانی گلۆبال، دەوڵەت- نەتەوەی فارسی نوقمی قەیران کردووە و بواری هەڵوەشانەوەی ڕەخساندووە، هێڵی ئێرانچێتی کراوەتە ئامراز و کەرەستەی دەست گرووپە فاشیستییەکانی فارس بۆ ساخکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی. لە حاڵێکدا کوردستان بۆ سەرکەوتنی ڕاپەڕینی ژینا، پێویستی بە یەکڕیزی یان ڕێککەوتن و هاوپەیمانیی گشتگیری سیاسییە، هێڵی ئێرانچییەتی لە ژێر دەواری میراتگرانی ڕێژیمی پەهلەوی جێگای خۆش کردووە.لە بارودۆخێکدا جیهان خەریکە ئێران وەک جوغرافیایەکی سیاسیی فرە نەتەوە دەناسێ، هێڵی ئێرانچێتی نەتەوەکەی خۆی بۆ ئاستی قەوم و ئیتنک دادەبەزێنێ و مافی دیارییکردنی چارەنووسی لێ دەستێنێتەوە. لە کاتێکدا خۆین و خەباتی نەتەوەی کورد دژی داگیرکەری ئێرانیی هێڵێکی سووری تۆخی ١٠٠ ساڵەیە، کەچی هێڵی ئێرانچێتی هێڵی سوور لە گەڵ پاشماوەکان و میراتگرانی ژێنۆساید و کۆمەڵکوژی و زمانکوژیی دژی کورد و نەتەوە کۆڵۆنیی کراوەکانی دیکەی بندەستی ئێران، ناناسن. لە هەلومەرجێکدا دەبوو ئێعدامی سەرکۆماری کوردستان لە حەفتاوشەشەمین ساڵیدا بکرێتە دادخواستی نەتەوەیەک دژ بە دەوڵەتێک، کەچی نوێنەرانی هێڵی ئێرانچێتی لە لایەک لە پێشەوا دەدوێن و لەلایەک لە بن ئەو ئاڵایە و لە سەر ئەو سفرەیە دادەنیشن کە بۆنی خوێنی ئەوی لێدێت.
   پارتی ئازادیی کوردستان لە سێ دەیە تێکۆشانی بێوچاندا بە هەڵگرتنی دیسکۆڕسی دەوڵەت و سەربەخۆیی و زیاترین توخم و هێما و بایەخەکانی بیری پێشەوا و کۆمار، میراتگر و درێژەدەری شێلگیری ئەو ڕێباز و ئەزموونە پڕشنگدارە بووە و هیوادارە بەو ڕێباز و  دیسکۆرسەوە ببێتە تەوەرێکی بەهێزی بزاڤی پان و بەرینی سەربەخۆییخوازیی کوردستان.
لە حەفتاوشەشەمین ساڵهاتی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەد دا، سەری ڕێز لە حاست ڕۆحی پاکیدا نەوی دەکەین و سڵاو و ڕێز پێشکەشی برا و ئامۆزای شەهیدی سەدری قازی و سەیفی قازی دەکەین. سڵاوی خۆڕاگری و کۆڵنەدان پێشکەش ئەو فەرماندە و پێشمەرگانەی دەوڵەتی جمهووری کوردستان دەکەین کە  لە بەرەکانی جەنگ لە  پارێزگاریی لە کۆمار و بەرەنگاربوونەوەی ئەڕتەشی ئێراندا گیانیان بەخت کرد. سڵاو دەنێرین بۆ ئەو پۆلە ئەفسەر و تێکۆشەرەی لە مەهاباد و بۆکان و سەقز لە داری بێدادی دران. سڵاوی ئەمەگ و وەفا پێشکەشی ژێنێڕاڵ بارزانی و  شەهیدانی لەشکرە حەماسە خوڵقێنەکەی و چوار ئەفسەرە شەهیدەکەی باشووری نیشتمان دەکەین.
هەر لەم بۆنەیەدا، سەری ڕێز لە حاند سەرکردە شەهیدەکانی نەتەوە مەزنەکەمان لە ئاگرییەوە هەتا دوا بنارەکانی زاگرۆس: شێخی نەهری، سمکۆی مەزن، سەردار عێوەزخان، داودخانی کەلهووڕ، قەدەمخێر، عەلیمەردانخانی بەیراوەند، شامحەممەدی مەلەکشایی، شێرعەلیمەردانخانی بەختیاریی هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادیی و سەربەخۆیی نەتەوەکەمان دادەنەوێنین.

پارتی ئازادیی کوردستانPAK
10ی خاکەلێوەی2723 کوردی
30 مارسی2023 زاینیی

سەرەوە