دواین هەواڵ

2025-01-19 ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا 2025-01-12 ​ بانگەوازی پارتی ئازادیی کوردستان بۆ رێگرییکردن لە حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی " با رێ لە ئێعدامی کچەکانمان بگرین" 2024-12-29 ئەندامێکی PAK و پێشمەرگەیەکی پێشووی سپای میللیی کوردستان تێرۆر کرا 2024-12-08 ​ ڕاگەیەندراوی پارتی ئازادیی کوردستانPAK بەبۆنەی ڕمانی دەسەڵاتی بەشارئەسەد لە سووریا 2024-12-07 بەیاننامەی پارتی ئازادیی کوردستانPAK سەبارەت بە رووداوەکانی سووریا و دۆخ و داهاتووی رۆژاوای کوردستان 2024-11-20 هونەرمەند برایم قادری کۆچی دوایی کرد 2024-11-18 ڕاگەیاندراوی هەواڵگری و ئاسایشی سپای میللیی کوردستان سەبارەت بە دەورێکی تازە ئەڕا پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی دوژمن 2024-11-01 راگەیەندراوی پارتی ئازادیی کوردستانPAK سەبارەت بە داخستنی کونسولخانەکانی ئێران لە ئاڵمان 2024-10-27 راپۆرتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی بەرەی نەتەوەکان بۆ مافی دیارییکردنی چارەنووس-ئێران لە ئاڵمان 2024-10-26 ئیسراییل هێرشی راستەوخۆی کردەسەر ئێران 2024-09-29 راگەیەندراوی پارتی ئازادیی کوردستانPAK سەبارەت بە کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا 2024-09-28 حیزبوڵڵا، کوژرانی حەسەن نەسروڵڵای پشتڕاست کردەوە 2024-09-15 ٢٥ی خەرمانان؛ دیمەنەکانی ئەمڕۆی مانگرتن لە بەشێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان 2024-09-15 کوردستان بەردەوامە لە ململانێ بۆ سەروەریی نەتەوەیی راگەیەندراوی پارتی ئازادیی کوردستان بەبۆنەی سەرکەوتنێکی دیکەی کوردستان بەسەر تاران دا 2024-09-10 بەیاننامەی PAK بە بۆنەی دووهەمین ساڵوەگەڕیی راپەڕینی ژینا

پەیڕەو و پڕۆگرام

مانیفێستی ئازادیی کوردستان
پرۆگرامی "پارتی ئازادیی کوردستان"
په‌سندکراوی کۆنگره‌ی یه‌که‌م، کۆنگره‌ی "سه‌قامگیرکردنی پرێنسیپه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان"
18تا20 ره‌زبه‌ری 2706
(10تا12 ئۆکتۆبری2006)
پێناسه و پێشه‌کی‌:
   کوردستان نیشتمانی کورده‌ و پێنجسه‌د هه‌زار کیلۆمیتری چوارگۆشه‌یه‌. له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌کی زایینیدا، حه‌شیمه‌تی ده‌گا‌ته‌ چل ملیۆن که‌س و له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له‌ باری رێژه‌ی حه‌شیمه‌ته‌وه‌ پاش عه‌ره‌ب دووهه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌.
   کوردستان به‌ پێی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ته‌ مه‌زنه‌کانی جیهان، بێڕه‌زامه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی کورد، به ‌دوو قۆناخی جیاواز، له‌ نێوان 4 ده‌وڵه‌تی عێراق، ئێران، تورکیا‌ و سووریادا ‌ دابه‌ش و داگیرکراوه‌. جاری یه‌که‌م پاش شه‌ڕی "چاڵدێران" له‌ نێوان دوو ئیمپراتۆری سه‌فه‌ویی و عوسمانیدا به‌ کرده‌وه‌ دابه‌شکرا.‌ ساڵی 1639 ئه‌و دابه‌شکردنه‌ به‌ پێی "رێککه‌وتنی زه‌هاو" بوو به‌ فه‌رمی و نه‌ته‌وه‌ی کورد نیری کۆیله‌تی ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ی خرایه‌ مل. جاری دووهه‌م پاش بڕانه‌وه‌ی شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م‌ ساڵی 1923 به‌ پێی رێککه‌وتننامه‌ی "لۆزان"، دابه‌شکرایه‌وه‌، پارچه‌ی ژێرده‌ستی ئێران وه‌ک خۆی مایه‌وه‌ و پارچه‌ی بنده‌ستی عوسمانی به‌ سه‌ر ده‌وڵه‌ته‌کانی تورکیا، عێراق و سوریادا، دابه‌شکرا.
  سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی کوردستان له‌ نێو‌ان ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا دابه‌شکرا، هیچکامیان دانیان به‌ بوونی خاکێک به‌ ناوی کوردستان دانه‌نا و به‌مجۆره‌ کوردستانی دابه‌ش و داگیرکراو ته‌نانه‌ت حیسابی وڵاتێکی کۆلۆنی کراوی ئاسایی بۆ نه‌کرا. ده‌وڵه‌تی تورکیا حاشای نه‌ک هه‌ر له‌ "کوردستان" به‌ڵکوو له‌ کوردیش کرد و به‌ "تورکی کێویی" ناو دێری کرد. ئێرانییه‌کان کوردیان به‌  یه‌ک له‌" ئه‌قوامی ئێران" و "لقێک" له‌ فارس دانا.‌ ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی سووریا نه‌ک هه‌ر دانی به‌ بوونی کورد و کوردستاندا نه‌نا، به‌ڵکوو مافی ناسنامه‌ی ده‌وڵه‌تی سووریاشی نه‌دانێ. له‌ عێراقدا، له‌ کاتی دروستبوونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا، حکومه‌تی ناوه‌ندی دانی به‌ بوونی کورددا نا‌. هه‌روه‌ها له‌ ده‌ستووری کاتی 1970دا، "گه‌لی عێراق"‌ پێکهاتوو له‌ دوو نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌کی عه‌ره‌ب و کورد، پێناسه‌ کرا‌‌، به‌ڵام هاوکات عێراق به‌ به‌شێک له‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌‌ب دانرا. هه‌ر بۆیه‌ عێراقییه‌کان، کوردستان به‌ "باکووری عێراق" ناو ده‌به‌ن. له‌ یه‌ک وشه‌دا کوردستان و کورد به‌ فه‌رمی به‌ نه‌بوو دانران و له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسیی جیهان سڕانه‌وه‌!
   کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی که‌ونارایه‌  و له‌ پێکهێنانی ژیاری و شارستانییەت و داهێنانی ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤایه‌تی بۆ‌ کۆمه‌ڵگای به‌شه‌ری، سه‌ربه‌خۆ و له‌گه‌ڵ گه‌لانی دیکه‌ به‌شداریی کردووه‌.
   کورد خاوه‌نی زمان، کو‌لتوور، فه‌رهه‌نگ، هونه‌ر و داب و نه‌ریتی سه‌ربه‌خۆیه‌. نیشتمانی کورد جوغرافیایه‌کی یه‌کگرتووی دانه‌بڕاو به‌یه‌که‌وه‌یه‌ و ئابوور‌ییه‌که‌ی له‌ هه‌موو پارچه‌کاندا به‌ گه‌شه‌نه‌کردوویی ماوه‌ته‌وه‌.
  داگیرکه‌رانی کوردستان بۆ به‌ کۆلۆنیی هێشتنه‌وه‌ و له‌ ناوبردنی یه‌کجاریی کوردستان، کانگاکانی کوردستانیان تاڵان کردووه، داهات و وزه‌ و هێزی کوردیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان به‌کارهێناوه و نه‌ته‌وه‌ی کوردیان له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی و ئابووری، بێبه‌ش کردووه‌. له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی کورد که‌وتووه‌‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه؛ به‌ چه‌شنێک که‌ سیاسه‌تی ئاسیمیله‌کردنی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ له‌ لایان داگیرکه‌رانی کوردستانه‌وه‌ له‌ هێندێ شوێنی کوردستاندا  سه‌رکه‌وتوو بووه‌.
   به‌شێکی به‌رچاو له‌ رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌ پێی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ته‌ داگیرکه‌ره‌کان له‌ کوردستان دوور خراونه‌ته‌وه‌ و له‌ شوێنگه‌لی دوور له‌ کوردستان، یان له‌ میترۆپۆله‌کان نیشته‌جێ کراون. بۆ نموونه‌  به‌شێک له‌و کوردانه‌ له‌ سه‌رده‌می پاشاکانی تورک، به‌تایبه‌تی شاسمایل و شاعه‌باس سه‌فه‌وی ، بۆ رۆژهه‌ڵاتی ئێران و بۆ پارێزگه‌ی خۆراسان راگوێزراون. به‌شێکی دیکه‌ش بۆ باکووری ئێران دوور خراونه‌ته‌وه‌.  له‌ تورکیا ئه‌و سیاسه‌ته‌ توندتر به‌ڕێوه‌ چووه‌.
  سیاسه‌تی  کۆمه‌ڵکوژی، بێسه‌روشوێنکردن و سڕینه‌وه‌ی مۆرک و شوێنه‌واری کورد، به‌ ده‌ست ده‌وڵه‌ته‌کانی تورک و روس و ئێران و عه‌ره‌ب  له پاش شه‌ڕی چاڵدێرانه‌وه‌، به‌ ملیۆنان کوردی له‌ نێوبردووه‌:  له‌ شه‌ڕی چاڵدێرانه‌وه‌ تا 3 سه‌ده‌ دواتریش هه‌موو شه‌ڕ و پێکدادانه‌کانی نێوان سه‌فه‌وی و عوسمانییه‌کان له‌ سه‌ر خاکی کوردستان و زۆر جار به‌خه‌رج و خوێنی کورد روویانداوه. هێرش بۆ سه‌ر قه‌ڵای دمدم، کوشتاره‌که‌ی ناسراو به‌ موکری قڕان و قه‌ڵاچۆی عێلی مه‌نگۆڕ، کوشتاره‌کانی سه‌رده‌می قه‌جه‌ره‌کان، کوشتاری کوردان له‌ جه‌رگه‌ی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی له‌لایان هێزه‌کانی رووس و عوسمانییه‌وه‌ و کوشتاره‌که‌ی 1915 و 1916، راگوێزانی ئه‌و 700 هه‌زار کورده‌ی به‌ فه‌رمانی سوڵتانی عوسمانی له‌و ساڵانه‌دا، نیوه‌یان له‌ سه‌رمان و له‌ برسان قڕیان هات، قات و قڕییه‌که‌ی شه‌ڕی یه‌که‌م  که‌ به‌ هه‌زاران کوردی له‌ نێو برد، هێرشه‌کانی سوپای تورکیای ئه‌تاتورک و ئێرانی ره‌زاخان بۆ سه‌ر کوردستان و له‌ سه‌رده‌می نوێدا زیان و خه‌ساره‌ته‌ مرۆڤییه‌کانی پیلانی ئه‌لجه‌زایر و شه‌ڕی ئێران- عێراق و کوژرانی هه‌زاران کورد له‌ په‌لاماره‌کانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر کوردستان، گرتن و کو‌شتنی هه‌زاران کورد له‌ رۆژاوای کوردستان به‌ ده‌ستی رێژیمی سوریا، کوشتاری کوردان له‌ باکووری کوردستان له‌ چاره‌گه‌ سه‌ده‌ی رابردوودا و 182000 ئه‌نفالکراوی گه‌رمیان و 8200 بارزانی و 5000 فه‌یلی و کیمیابارانی حه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌رده‌شت و ناوچه‌کانی دیکه‌ به‌ ده‌ستی رێژیمی به‌عسی عێراق، ئه‌و کاره‌ساتانه‌یه‌ که‌ به‌ سه‌ر هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه‌ به‌م ته‌رزه‌ نه‌هاتووه‌.‌ ئه‌م کاره‌ساتانه‌ ئاکامی کۆلۆنی بوون و سیاسه‌تی ته‌فر و تووناکردنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد و سڕینه‌وه‌ی خاکه‌که‌ی له‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان بووه . سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ته‌ داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان دژ به‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد هه‌ر چه‌ند به‌ رواڵه‌ت و شێواز جیاواز بووه‌،‌ به‌ڵام له‌ ناوه‌رۆک و ئامانج دا هه‌موو له‌ خزمه‌ت ئه‌م ستراتیژییه‌دا بووه‌.
   هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌و شه‌ڕ و ململانێیه‌ی کوردستان له‌ کۆنه‌وه‌ تووشی بووه‌ و هۆکاری دابه‌ش و داگیرکرانی، هه‌ڵکه‌وته‌ ستراتیژییه‌ گرینگه‌که‌ی بووه‌ که‌ وه‌ک ناوچه‌یه‌کی وشکایی هه‌موو ده‌روازه‌ ده‌ریاییه‌کانی به‌ یه‌کتر به‌ستووه‌‌ته‌وه‌ و له‌ کۆنه‌وه‌ رێگای به‌یه‌کگه‌یاندنی رۆژهه‌ڵات و رۆژاوا بووه‌. دۆزینه‌وه‌ی په‌ترۆل بایه‌خی هه‌ڵکه‌وته‌ سترا‌تیژییه‌که‌ی زیاتر کردووه‌ و هاوکات شوێنه‌ ستراتیژییه‌که‌ش بایه‌خی تایبه‌تی به‌ په‌ترۆڵه‌که‌ی داوه‌.
    کورد بۆ رزگاری له‌ کۆلۆنیالیزم و سیاسه‌تی سرینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، زیاتر له‌ هه‌موو گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بۆ ئازادی خه‌باتی کردووه‌ و قوربانی داوه‌ . راپه‌ڕینه‌کانی میر‌ به‌درخان، شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری و شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی، حوکمڕانی شێخ مه‌حمود، شوڕش و ده‌سه‌ڵاتداریی چه‌ند ساڵه‌ی سمکۆ، راپه‌ڕینی شێخ سه‌عیدی پیران، شۆڕشی ئاگری و شۆڕشی ده‌رسیم و شۆڕشه‌کانی بارزان و جمهوری کوردستان و شۆڕشی ئه‌یلوول‌ ئه‌و زنجیره‌ شۆڕش و راپه‌ڕین و ده‌سه‌ڵاتدارییه‌ بوون که‌ بۆ ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و مافه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌رپاکران.
   گه‌لێ هۆکاری ورد و درشت له‌ پشت سه‌رنه‌که‌وتنی کورد له‌ رێی پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییداهه‌بوون‌ که‌ ده‌کرێ ئه‌م چه‌ن خاڵه‌به‌ 3 هۆکاری سه‌ره‌کیی دابنرێن‌:
- سروشتی وڵات و بایه‌خی ستراتیژیی کوردستان: به‌ هۆی سروشتی کوردستان، کورد له‌ نێوخۆدا نه‌یتوانیوه‌ پاڵوێکدا و به‌ هۆی شاخ و رووباره‌کانه‌وه‌ له‌‌ چه‌ندین هه‌ڕێمی لێک دوور نیشته‌جێ بووه‌. هه‌روه‌ها به‌ هۆی بایه‌خی ستراتیژیی بۆ زلهێزه‌کان، به‌تایبه‌ت بریتانیا، نه‌ک هه‌ر یارمه‌تیی نه‌دراوه‌ ببێته‌ ده‌وڵه‌ت،به‌ڵکوو خه‌بات و تێکۆشانی بۆ به‌ ده‌وڵه‌تبوون په‌کخراوه‌.
- سیسته‌می سیاسی جیهان و نه‌بوونی دۆستی ستراتیژیی: ئه‌و سیسته‌مه‌ سیاسییه‌ی که‌ به‌ سه‌ر جیهان و به‌ سه‌ر پێوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌ته‌ زلهێز و بڕیار به‌ ده‌سته‌کاندا زاڵ بووه‌، دژ به‌ ئازادیی کورد و به‌ده‌وڵه‌تبوونی که‌وتووه‌ته‌وه. کورد دۆستی ستراتیژیی نه‌بووه‌ و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌ته‌ ناکۆکه‌کان، له‌ سه‌رکوت و دامرکاندنه‌وه‌ی راپه‌ڕینه‌کانیدا  کۆک بوون. ئه‌گه‌ر جار و بار یه‌کیان لایه‌کی له‌ شۆڕشی کورد کردبێته‌وه‌ ته‌نیا هه‌ڵوێستێکی کاتی و تاکتیکی بووه‌.
- تێپه‌رینی هێندێک ده‌رفه‌تی ره‌خساو: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌ دوو فاکته‌ری پێشتر  به‌ دژی رزگاریی نه‌ته‌وه‌یی کورد، ئاماده‌ بوونیان هه‌بووه، ‌به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ هێندێک ده‌رفه‌ت که‌ ره‌خساون نه‌قۆزراونه‌ته‌وه. ناشاره‌زایی له‌ سیاسه‌تی نێوده‌و‌ڵه‌تی، ناکۆکیی و کێشه‌ی نێوخۆیی کورد و نائاماده‌یی له‌ مه‌یدانی ململانێی سیاسیدا، هۆکاری ئه‌وه‌ بوون. پاش شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی ده‌رفه‌تێک بۆ کورد هه‌ڵکه‌وت ببێته‌ ده‌و‌ڵه‌ت، به‌ڵام ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ به‌و هۆیانه‌وه‌ له‌ ده‌سچوو.
   د‌ابه‌شکرانی کوردستان له‌ جاری یه‌که‌مدا، زه‌بری قورسی له‌ یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی کورددا و دۆخێکی ناله‌بار و ئاڵۆزی تووش کرد. به‌ڵام شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م بێجگه‌ له‌ نه‌هامه‌تییه‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌‌کانی، ئاکامه‌ سیاسییه‌کانی که‌ بریتی بوون له‌ پارچه‌ پارچه‌کردنی کوردستان و پێکهێنانی ژماره‌یه‌ک ده‌وڵه‌تی تازه‌ که‌ هه‌رکام یه‌کێ له‌ پارچه‌کانی کوردستانی پێوه‌لکێنرا و به‌ هه‌مووان گه‌مارۆی کوردستانی دابه‌شکراویان دا؛ باری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری کوردیان چه‌ند قات خراپترکرد. ئیتر له‌وه‌ به‌ولاوه‌، 4 ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ر، یه‌کگرتووانه‌ کوردستانی دابه‌شکراویان چاودێری ده‌کرد و هه‌ر جموجۆڵێ له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌ک سه‌ری هه‌ڵدابا به‌ هه‌مووان گه‌له‌کۆمه‌کیان لێده‌کرد. له‌ لایه‌کی دیکه‌‌وه‌، ناسیۆنالیزمی کورد له‌ ژێر کاریگه‌ریی ئه‌و دۆخه‌ داسه‌پاوه‌دا، به‌ سه‌ر 4 که‌رتدا، دابه‌ش بوو. ئێتر‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی رابردوه‌وه‌ که‌ شۆڕشه‌کانی کورد سنووری عوسمانی و ئێرانیان ده‌به‌زاند،  بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌ک مه‌حکووم‌ بوو به‌وه‌ی له‌ سنووری ئه‌و پارچه‌یه‌دا ببزوێ؛ هه‌ر پارچه‌یه‌ک حیزبی تایبه‌ت به‌ خۆی لێ دامه‌زرا، دروشمی تایبه‌تی خۆی هه‌ڵگرت و تاکتیک و ستراتیژی خۆی دیاریی کرد. له‌ سا‌ڵه‌کانی 1932 تا 1939 گه‌له‌کۆمه‌کی داگیرکه‌ران قۆناخێکی پڕ مه‌ترسیی بۆ کورد خوڵقاند. په‌یمانی سه‌عداباد لووتکه‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ بوو.
    له‌ شه‌ڕی دووهه‌می جیهانیدا ده‌رفه‌تێک بۆ کورد هه‌ڵکه‌وت بتوانێ له‌ به‌شێک له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، " دەوڵەتی جمهووریی کوردستان" دابمه‌زرێنێ. دامه‌زرانی دەوڵەتی جمهووریی کوردستان گرینگترین رووداوی سه‌رده‌می نوێی کورد بوو. هه‌روه‌ها له‌ ده‌یه‌ی حه‌فتای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا شۆڕشی ئه‌یلوول توانی گوڕوتینێکی گه‌وره‌ به‌ بزاڤی ناسیۆنالیزمی کورد بدا و هێندێک ده‌سکه‌وت له‌ باشووری کوردستان به‌ده‌س بێنێ. هه‌ر دوو ده‌سکه‌ت بوونه‌ قوربانیی سات و سه‌ودای جیهانی دووجه‌مسه‌ریی و هه‌ره‌سیان هێنا.
    سه‌رده‌می "شه‌ڕی سارد"یش بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد، هه‌ر درێژه‌ی ته‌رتیباته سیاسییه‌‌که‌ی پاش شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی بوو. دۆستی ستراتیژیی نه‌بوو؛ به‌ کۆلۆنی و کۆیله‌یی مایه‌وه‌.
   هاوکات له‌گه‌ڵ شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و دابه‌شکردنه‌وه‌ی کوردستان، رێژیمی تێزاری روسییه‌ رووخاو و یه‌کێتی سۆڤیه‌ت دامه‌زرا. دراوسێتی کوردستان و یه‌کێتی سۆڤیه‌ت کوردستانی خسته‌ به‌ر کاریگه‌ریی ئه‌و گۆڕانکارییه‌. به‌ له‌ دایکبوونی سۆڤیه‌ت، ئایدۆلۆژیای مارکسیزم – لینینیزم له‌ کوردستان په‌ره‌ی ئه‌ستاند و بۆ ده‌یان ساڵ بووه‌ ئایدیۆلۆژیایه‌کی کاریگه‌ر و شوێندانه‌ر له‌ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کورد و تێکۆشه‌ره‌کانی له‌ هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان.
   یه‌کێتی سۆڤیه‌ت نه‌ک هه‌ر نه‌بووه‌ پاڵپشتی کورد و بزوتنه‌وه‌ رزگاریخوازییه‌که‌ی، به‌ڵکوو یه‌که‌م ده‌وڵه‌ت بوو که‌مالیسته‌کانی به‌ڕه‌سمی ناسی و بووه‌ پاڵپشتی هه‌ردوو رێژیمه‌که‌ی مسته‌فاکه‌مال و ره‌زاخان. ده‌وڵه‌تی سۆڤییه‌ت بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردی به‌ بزووتنه‌وه‌ی کۆنه‌ په‌ر‌ستانه‌ و خێڵه‌کی دانا؛ ئه‌گه‌ر جاروبار سووکه‌ لایه‌کی له‌ کورد ده‌کرده‌وه‌ تاکتیکیی و کورتخایه‌ن بوو. له‌ ده‌قه‌کانی خودی مارکسیزم – لینینیزمیشدا هیچ جێگایه‌کی تایبه‌ت وسه‌ربه‌خۆ بۆ پرسی نه‌ته‌وه‌ و نه‌ته‌وایه‌تی ته‌رخان نه‌کراوه‌ و له‌ باشترین حاڵه‌تدا دۆزی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌بنده‌سته‌کان، کراوه‌ته‌ پاشکۆی خه‌باتی چینی کرێکار و له‌ ره‌وژه‌نی خه‌باتی چینایه‌تی و سوسیالیزمه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ پرسی نه‌ته‌وه‌یی. پراکتیکی زۆربه‌ی حیزب و رێکخراوه‌ مارکسی- لینینیه‌‌کانیش له‌ کوردستان و ئه‌و وڵاتانه‌ی کوردیان پێوه‌لکێنراوه له‌ لێکدانه‌وه‌یه‌کی گشتییدا کورد و بزووتنه‌وه‌که‌ی تووشی زیان و گێره‌ و کێشه‌ی زۆر کرد؛ تا جێگایه‌ک که‌ یه‌کێ له‌ فاکته‌ره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی نێوخۆیی و دژایه‌تیکردنی ناسیۆنالیزمی کورد و ته‌نانه‌ت هێندێکجار پشتیوانیی له‌ ده‌وڵه‌ته‌ داگیرکه‌ره‌کان، بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. به‌ گشتی کورد و بزووتنه‌وه‌ رزگاریخوازییه‌که‌ی له‌ سۆنگه‌ی سیاسه‌تی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و په‌ره‌گرتنی ئایدۆلۆژیای م. ل له‌ کوردستان و پراکتیکی ژماره‌یه‌ک له‌ حیزب و رێکخراوه‌ مارکسیستییه‌کانی‌ کورد و ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی کوردستانیان پێوه‌لکێنراوه‌، تووشی خه‌ساره‌تی  زۆر هاتووه‌.
  له‌ پاڵ ئه‌وه‌دا داگیرکه‌رانی کوردستان  له فره‌ ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌که‌ی کورد بۆ ئاسمیله‌کردن و سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی که‌ڵکیان وه‌رگرتووه. پارێزگاکانی کرماشان،  ئیلام ، لۆرستان و ده‌وروپشتی هه‌مه‌دان که ده‌بوو ناوه‌ندی به‌ربه‌ره‌کانی دژی سیاسه‌تی ته‌فر و توونا کردنی کورد و کوردستان بن، به هۆی  پچڕانی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان و نه بوونی رێکخستنی سیاسی کارامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی،  ئه‌و به‌شه‌ی له خه‌باتی سیاسی – نه‌ته‌وه‌یی دوور خسته‌وه. ئێستا هه‌لو مه‌رجه‌که گۆڕاوه، سیاسه‌تی دابه‌شکردنی کورد  له روی ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌وه‌ کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆی نه‌ماوه.
  به‌ رووخانی دیواری به‌رلین له‌ نوامبری 1989 وتێکڕمانی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت له‌ ئۆکتۆبری 1991دا، شه‌ڕی سارد و جیهانی دووجه‌مسه‌ریی کۆتایی پێهات. خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌کان بۆ ئازادیی و کیانی نه‌ته‌وه‌یی، تێکۆشان له‌ پێناو ئازادیی و دیمۆکراسی و چوونه‌ سه‌رێی بایه‌خه‌کانی مافی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، له‌ هۆکاره‌ ناوخۆییه‌کانی ئه‌و گۆڕانکارییه‌ مه‌زنانه‌ بوون. به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ له‌ سه‌ر په‌ره‌گرتنی ئه‌و بایه‌خ و چه‌مکانه کاریگه‌ر و شوێندانه‌ر بوون.  
    له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد و جیهانی دووجه‌مسه‌رییدا، هێزی ده‌وڵه‌ت به‌ پێوه‌ری توانای نیزامیی ده‌پێورا؛ فاکته‌ری نیزامیی ئاراسته‌ی ململانێکانی دیاریی ده‌کردو هه‌ر دووجه‌مسه‌ری رۆژاوا و رۆژهه‌ڵات به‌ پێی پار‌سه‌نگی هێز،‌ ناوچه‌کانی به‌ر نفوزی خۆیان دابه‌ش کردبوو‌.  ئه‌مڕۆ به‌ کۆتایی هاتنی جیهانی دوو جه‌مسه‌ریی و شه‌ڕی سارد، ده‌وری فاکته‌ری نیزامیی و ئایدۆلۆژیا لاواز بووه‌ و توانای ئابووریی گرینگترین ره‌گه‌زی هێزی ده‌وڵه‌ته‌ و ده‌سه‌ڵات و جێگه‌و پێگه‌ی هه‌ر ده‌وڵه‌تێک له‌ سیسته‌می نوێی جیهانیدا دیاریی ده‌کا. بۆیه‌ له‌ لۆژیکی ده‌سنیشانکردنی ناوچه‌ ژئۆپۆلیتیکی و ژئۆستراتیژییه‌کاندا گۆڕانکاریی روویداوه‌ و ئه‌و ناوچانه‌ به‌ پێی فاکته‌ری نیزامیی دیاریی ناکرێن و به‌ پێی توانای ئابووریی و بوونی سه‌رچاوه‌ی‌ سروشتیی دیاری ده‌کرێن. فاکته‌ری نیزامیی وه‌ک هێزی پاڵپشتیکردنی ئامانجه‌ ئابوورییه‌کان به‌ حیساب دێ. پاش له‌به‌ریه‌کترازانی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت، پارسه‌نگی هێز روومایه‌کی له‌ جیهانی نوێ نه‌خشاند که‌ چه‌ند جه‌مسه‌رێک له پێشبڕکێ و ململانێ و هاوکارییدا بوون له‌گه‌ڵ یه‌کتر و دووجه‌مسه‌ریی جێی خۆی دایه‌ چه‌ن جه‌مسه‌ریی. شه‌ڕی یه‌که‌می که‌نداو گۆڕانی له‌ ته‌رازووی هێز پێکهینا و به‌ چوونه‌ سه‌رێی هێژموونی سیاسیی ئه‌مریکا، جیهانی ئێستا وه‌ک سیسته‌مێکی سیاسیی "یه‌ک – چه‌ند جه‌مسه‌ریی" ده‌خوێندرێته‌وه‌. واته‌، چه‌ن جه‌مسه‌ری گه‌وره‌ی سیاسی – ئابوریی هه‌ن که‌ ئه‌مریکا له‌ نێویاندا باڵا ده‌سته‌ و زیاترین ده‌سه‌ڵات و توانای له‌ ئاراسته‌کردنی ره‌وتی روداوه‌کاندا هه‌یه‌. له‌م جیهانه‌دا، ئه‌م جه‌مسه‌رانه‌، له‌ بازنه‌یه‌ک له‌ هاوکاری، کێبه‌رکێ و ململانێدا جێیانگرتووه‌.
   ئه‌م سیسته‌مه‌ سیاسییه‌ و پێویستییه‌کانی، جیهانی ئه‌مڕۆی به‌ هه‌موو به‌شه‌کانییه‌وه‌ تووشی گۆڕان کردوه‌ و چه‌مکه‌کانی  "سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌ت" و سنووری ده‌وڵه‌تانی له‌ق و تووشی گۆڕ‌ان و سه‌ر له‌ نوێ پێناسه‌ و داڕشتنه‌وه کردووه. یه‌کێک له‌ نیشانه‌ هه‌ره‌ دیاره‌کانی له‌رزۆکبوونی " سه‌روه‌ریی ره‌های ده‌وڵه‌تان"‌،له‌ جیهانی دوای شه‌ری سارد دا، دوکتورینی "ده‌ستێوه‌ردانی مرۆڤی" UN ه‌‌‌ که‌ تا ئێستا ژماره‌یه‌ک نه‌ته‌وه‌ی له‌ کوشتار و قڕکردنی زیاتر پاراستووه؛ له‌ وانه‌ کورد له‌ باشووری کوردستان ، سۆمالی، رواندا، بۆسنیا، کۆسۆڤۆ ، هاییتی و ...هتد. بریاری مێژوویی 688 UN و دانانی "هه‌رێمی ئاسایش و دژه‌ فرین" له‌ باشووری کوردستان، نه‌ته‌نیا بوو  به‌ هۆی ئه‌وه‌ی سنوورێک بۆ سیاسه‌تی قڕکردنی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری عێراق دژ به‌ کورد دابندرێ، به‌ڵکوو به‌ هۆی ئه‌م بڕیاره‌وه‌ ده‌سپێک و وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره‌ش له‌ ژیان و چاره‌نووسی به‌شێک له‌ نه‌ته‌وه‌ دابه‌شکراوه‌که‌مان روویدا. کورد توانی به‌ ئیراده‌ی خۆی و به‌ که‌ڵکوه‌رگرتن له‌و پرێنسیپه‌، به‌ کرده‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی نه‌ته‌وه‌یی خۆی دابمه‌زرێنێ. هه‌ر له‌وێوه‌ پیرۆزیی سنووره‌کانیش درزی تێکه‌وت و ژماره‌یه‌ک نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست یه‌ک به‌ داوی یه‌کدا ،‌ ته‌لبه‌ندی سنووره‌ ده‌سکرده‌کانیان پچڕاند و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان پێکه‌وه‌نا. به‌ له‌به‌رچاوگرتنی گشت ئه‌م دیاردانه ‌، ده‌توانین بڵێین به‌ بڕانه‌وه‌ی شه‌ری سارد و کۆتاییهاتنی جیهانی دووجه‌مسه‌ریی، گه‌لێک چه‌مک و به‌ها و پرێنسیپ ، هه‌ر له‌و کاته‌دا ، ده‌ره‌تان و ده‌رفه‌تی نوێ بۆ نه‌ته‌وه‌ ژێرده‌سته‌کان هه‌ڵکه‌وتووه‌ که‌ ده‌توانن به‌ پشتبه‌ستن به‌ پرۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی بۆ‌ به‌ ئاکام گه‌یاندنی سه‌رکه‌وتوانه‌ی خه‌باته‌که‌یان،که‌ڵکی لێوه‌ربگرن.
  پێبه‌پێی له‌ بار بوونی فاکته‌ره ‌نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، له‌ ئاستی نه‌ته‌وه‌ییشدا،به‌شێوه‌یه‌کی بێوێنه‌ ره‌وتی خۆناسینی نه‌ته‌وه‌یی و گرینگیدان به‌ ناسنامه‌ و خۆجیاکردنه‌وه‌ له‌ وی دیی، له‌ نێو رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد دا له‌ گه‌شه‌کردن و به‌ هێزبووندایه‌. گرینگی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ‌ پرسه‌کانی پێوه‌ندییدار به‌و چه‌مکه‌ ، هیچکات وه‌ک ئێستا بۆ تاکی کورد گرینگی و بایه‌خی نه‌بووه‌. ئه‌م ره‌وته‌ تایبه‌ت به‌ شار و ناوچه‌ و مه‌ڵبه‌ندێکی کوردستان نییه‌؛ خۆ به‌ کورد زانیین و گه‌ڕان به‌ دوای ناسنامه‌ و سیمبۆل و هێما نەتەوەییەکان، خۆشه‌ویستی ئاڵا و ئاره‌زووی سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی ، به‌ پانتایی جۆغرافیای کوردستان هه‌موو لایه‌کی گرتووه‌ته‌وه‌ و بوونه‌ته‌ به‌شێک له‌ هه‌ست و نه‌ست و بیری تاکی کورد. بۆ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و هه‌ل و ده‌رفه‌تانه‌، بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی کورد پێویستی به‌  به‌خۆداچوونه‌وه‌ له‌ دروشم و ئامانج و رێبازی تا ئێستای دایه‌. شێوه‌ی رێکخستن و ئه‌ده‌بیاتی سیاسی و رێگا چاره‌سه‌ره‌کانی سه‌رده‌می شه‌ری سارد،چیدیکه‌ ناتوانن وه‌لامده‌ره‌وه‌ی ئه‌م هه‌لوومه‌رجه‌ نوێیه‌ بن. پێویسته‌ سه‌رده‌می پاشه‌کشه‌ و خۆ ماتکردنی ناسیۆنالیزمی کورد به‌ مه‌به‌ستی مانه‌وه‌ و خۆ پاراستن، کۆتایی بێ‌ و بزووتنه‌وه‌ی کورد  به‌ ئاشکرا  و به‌ بێ هیج ترس و له‌رزێکی سیاسی له‌ ستراتیژیی سیاسیی- نه‌ته‌وه‌یی خۆی، واته‌ سه‌روه‌ریی سیاسی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بدوێ. ‌ وه‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ پێویستی به‌ گه‌ڵاڵه‌، پرۆژه‌ و ئیراده‌ی لێبڕاوی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌.
  رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌رێمێکی ژئۆستراتیژی و ژئۆئێکۆنومی جیهانه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ بایه‌خێکی گرینگ و ژیاریی هه‌یه‌ بۆ جیهان و ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌کان.  هاوکات ناوه‌ندێکی گه‌رمی قه‌یرانی سیاسی و بارگرژی نێوان ده‌وڵه‌ت و لایه‌نه‌کان و مه‌ڵبه‌ندی تێکچرژانی به‌رژه‌وه‌ندیییه‌ دژ به‌ یه‌که‌کانه‌. توند و تیژی و شه‌ڕ و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کیی شێوازی گۆڕانکارییه‌کان له‌م هه‌رێمه‌دا بووه‌. ته‌رتیبات و ئارایشی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هی شه‌ڕی یه‌که‌می جهیانییه‌ که‌ له‌ سه‌ر بناخه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتانی رۆژاوایی به‌تایبه‌ت ئینگلیس و فه‌رانسه‌ به‌بێ له‌ به‌رچاوگرتنی ویست و ئیراده‌ و  به‌رژه‌وه‌ندی و مافه‌کانی  نه‌ته‌وه‌ی کورد رێکخراوه‌. ئه‌و وڵاتانه‌ ژماره‌یه‌ک ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌ی توتالیتێریان دامه‌زراند که‌ دواتر بوونه‌ ده‌وڵه‌تی مافیایی و کاری تاڵان و رادانی سامانی کوردیان بۆ مسۆگه‌ر کردن. ئه‌مرۆ هاوکێشه‌کانی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه‌. ئه‌گه‌ر تا بڕانه‌وه‌ی شه‌ری سارد،گۆرانکاری ته‌نیا ویستی نه‌ته‌وه‌ و گه‌له‌ بنده‌سته‌کانی هه‌رێمه‌که‌ بوو،ئه‌مرۆ ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان و له‌ ترسیی تێرۆر و له‌ نێوچوونی ئاسایشی ولاته‌کانیان،ده‌ستیان به‌ گۆڕانکاری له‌ رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست کردووه‌. کورد به‌ گشتی و باشوری کوردستان به‌ تایبه‌تی به‌ به‌شداری له‌و گۆرانکاریانه‌دا و هاوپه‌یمانیی سیاسی له‌ گه‌ل ئه‌مریکا قازانجی کردووه‌. پرسی تێکۆشان دژی تێرۆریزم ئه‌و پێوه‌ندییه‌ توند و تۆڵتر ده‌کا. به‌ بێ هه‌ڵته‌کاندنی ئه‌و ته‌رتیباته‌ سیاسییه‌ کۆنه‌ی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست و ئازادیی نه‌ته‌وه‌ی کورد، هیچکام له‌و وڵاتانه‌ی کوردستانیان پێوه‌لکێنراوه‌ هێمنی و ئاسایش به‌ خۆیانه‌وه‌ نابینن، رێگای دیمۆکراسی و سه‌قامگیری له‌ رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستدا ناکرێته‌وه‌ و هه‌موو جیهان باجی بارگرژی و ئالۆزییه‌کان ده‌دا.‌ کێشه‌ی کورد گرفتی گرووپێکی ئیتنیکی بچووک نییه‌ که‌ به‌ زه‌بر و زه‌نگ بنه‌بڕ بکرێ؛ پرسی نه‌ته‌وه‌یه‌کی 40 میلیۆنییه‌ که‌ به‌ بێ ره‌زامه‌ندیی خۆی دابه‌شکراوه‌. ئازادیی کورد کلیلی دیموکراسی و سه‌قامگیریی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌.
    ئێران یه‌کێک له‌ ده‌وڵه‌ته‌‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته که‌ له‌ یه‌کگرێدانی به‌ زۆری چه‌ند نه‌ته‌وه‌ و  خاکی لێکجیاواز پێکهاتووه‌‌. بێجگه‌ له‌ کورد 4 نه‌ته‌وه‌ی دیکه‌ش به‌ بێ مافیی له‌ بنده‌ستی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌دان‌.  فارسه‌کان خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی ئیرانن.
   ئێرانی ئه‌مڕۆ وه‌ک ده‌وڵه‌ت، ئه‌و قه‌واره‌ سیاسیه‌یه‌ که‌ ره‌زاخان پاش لادانی ئاخرین شای قاجار، پێکه‌وه‌ی نا. ره‌زاخان به‌ لاسایی کردنه‌وه‌ی نمونه‌ی ئوروپایی" نه‌ته‌وه‌ سازیی" وه‌ک مسته‌فا که‌ماڵ ئه‌تاتورک ، به‌ پشت به‌ستن به‌ ئه‌رته‌ش و زه‌بر و زه‌نگی بێسنوور، که‌وته‌ په‌لاماردانی هه‌ر ده‌سه‌ڵات و ده‌یارده‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ نه‌فارسه‌کان و به‌ناوی " میلله‌تی ئێران" ه‌وه‌، تێکۆشا وڵاتێکی‌ ‌ خاوه‌ن یه‌ک نه‌ته‌وه‌، یه‌ک شوناس، یه‌ک زمان و یه‌ک کولتوور ساز بکا. ره‌زاخان له ماوه‌ی 20 ساڵ فه‌رمانڕه‌واییدا، شۆڤینیزمی فارسی کرده‌ سیاسه‌تی ره‌سمی ده‌وڵه‌ت، زمان و جل و به‌رگ‌ و نه‌ریت و هه‌موو بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ نه‌فارسییه‌کانی دایه‌ به‌ر هێرش، قه‌ده‌غه‌ی کردن و هه‌موو دام و ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌تی بۆ تواندنه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ له‌ بۆته‌ی نه‌ته‌وه‌ی فارسدا، به‌کارهێنا. حه‌مه‌ڕه‌زاشای کوڕی هه‌ر ئه‌و رێچکه‌ و رێبازه‌ی گرته‌به‌ر و ‌ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆش به‌ سیسته‌مێکی توتالیتێره‌وه‌،‌ هه‌ر  پا‌رێزه‌ری ئه‌و قه‌واره‌یه‌ و شۆڤێنیزمی فارسن.
   ئێرانی ئه‌مڕۆ چ وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی ساده‌ و چ وه‌ک سیسته‌مێکی سیاسی توتالیتێر، نه‌ له‌ روانگه‌ی کورده‌وه‌ شه‌رعییه‌تی هه‌یه‌‌، نه‌ له‌گه‌ڵ سیسته‌می جیهانی ده‌گونجێ .  رێژیمی کۆماری ئیسلامی به‌ رێکخستنی  تاقم و گروپه‌ توندڕه‌و و تیرۆریستییه‌کان له‌ وڵاتانی موسوڵمان و عه‌ره‌بی  و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ پڕۆسه‌ی ئاشتی نێوان فه‌له‌ستین و ئیسرائیل و ده‌ستێوه‌ردان له‌ کاروباری عێراق و به‌ حه‌ولدان بۆ به‌رهه‌مهێنانی چه‌کی ئه‌تۆمی، ئاشتی جیهانیی له‌ مه‌ترسیی هاویشتووه‌ و بووه‌ته‌ له‌مپه‌رێکی سه‌ره‌کیی له‌ رێی ته‌بایی و ئاشتی و سه‌قامگیریی له‌ ناوچه‌که‌دا.
    رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، پارچه‌یه‌کی کوردستانه‌ که‌ له‌ پاش شه‌ڕی چاڵدێرانه‌وه‌ به‌ پێی "رێککه‌وتننامه‌ی زه‌هاو" خرایه‌ سه‌ر ئیران. سنووری جوغرافیی له‌ رێژگه‌ی ئاوی گوندی "په‌هناوه‌ر"ه‌وه‌ که‌ ده‌ڕژێته‌ ئاراسه‌وه‌ ده‌سپێده‌کا، له‌گه‌ڵ ئاراسدا به‌ ته‌نیشت چیای ئاراراته‌وه‌ به‌ره‌و خوار درێژ ده‌بێته‌وه‌ تا باشوری ده‌ریاچه‌ی ورمێ، له‌ وێڕا به‌ره‌و خوارتر ده‌کشێ و مه‌ڵبه‌نده‌‌کانی موکریان و ئه‌رده‌ڵان ده‌بڕێ و هێندێک له‌ ناوچه‌کانی پارێزگای هه‌مه‌دان ده‌گرێته‌وه‌ و به‌ره‌و کرماشان و ئیلام ده‌ڕوا و ده‌گاته‌ هه‌رێمه‌کانی لوڕ و به‌ختیاری و تا سه‌ر که‌نداو درێژ ده‌بێته‌وه‌. به‌ وته‌یه‌کیتر رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ پێی مێژوو و جوغرافیا به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی بریتیه‌ له‌ هه‌موو ئوستانه‌کانی ئێستای رۆژاوای ئێران بێجگه‌ له‌ خووزستان. هه‌روه‌ها‌ له‌ پارێزگاکانی خوراسانی باکووری و خوراسانی ره‌زه‌ویی هه‌رێمگه‌لێک هه‌ن که‌ کوردیان لێ نیشته‌جێیه‌ و کوردستانێکی پچووکیان لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌‌ . له‌وانه‌ ئیسفه‌راین، بجنوورد، شیروان، قووچان، ده‌رگه‌ز، چناران، باجگیران. فاکته‌ره‌ مێژوویی، جوغرافی و کولتوورییه‌کان و ویست و ئیراده‌ی دانیشتوان، پێوه‌ره‌کانی دیاریکردنی سنووری نه‌ته‌وه‌یی کوردستانن. ئه‌و مه‌ڵبه‌ند و شوێنانه‌ی تووشی ئاسمیلاسیۆن هاتوون و باری دیمۆگرافییان شێوێندراون، فاکته‌ره‌ مێژوویی و جوغرافییه‌کان یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی بڕیاری دیاریکردنی سنووری نه‌ته‌وه‌ییانه‌.
    رۆژهه‌ڵاتی کوردستان تا ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی 19 به‌ کرده‌وه‌ ملی به‌ بنده‌ستی نه‌داوه‌ و له رێگه‌ی میرنشینه‌کانی لوڕ و ئه‌رده‌ڵان و موکریان و برادۆسته‌وه‌، سه‌ربه‌خۆیی خۆی پاراستووه‌. به‌ڵام سه‌ربه‌خۆییه‌که‌ی پاش رووخانی میرنشینه‌کان له‌ ده‌سداوه‌ و ته‌وقی کۆیله‌تی و بنده‌ستی ده‌وڵه‌تی فارسی که‌وتووه‌ته‌ مل. بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌و‌ی، بۆ تواندنه‌وه و ئاسمیله‌کردنی کورد، بێجگه‌ له‌ قه‌ده‌غه‌کردنی جل و به‌رگ و زمانی کوردی و په‌لامار و سه‌رکوتی شۆڕش و راپه‌ڕینه‌کانی کورد، نیشتمانه‌که‌یان که‌رت که‌رت  کرد و به‌ سه‌ر چه‌ند پارێزگادا، دابه‌شیانکرد.
   نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ، له‌ دابه‌ش و داگیرکرانی نیشتمانه‌که‌یه‌وه‌‌ تا ئێستا له قۆناغی جیاجیا به‌ شێوازی جۆراوجۆر بۆ رادانی داگیرکه‌ر له‌ نیشتمان و به‌ ده‌سته‌وه‌ گرتنی چاره‌نووسی سیاسی خه‌باتی کردووه‌. قۆناخی تازه‌ی ئه‌و خه‌باته‌، له‌ روخانی رێژیمی په‌هله‌وی و هاتنه‌ سه‌رکاری کۆماری ئیسلامییه‌وه‌‌ ده‌ستی پێکردووه‌ که‌ تا ئه‌مڕۆ به‌ شێوه‌ی جه‌ماوه‌ریی، پێشمه‌رگه‌یی، مه‌ده‌نی و تێکه‌ڵاو درێژه‌ی هه‌یه‌.
   خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان خه‌باتێکی رزگاریخوازییه‌ و به‌شێکه‌ له‌ تێکۆشانی گشتیی نه‌ته‌وه‌ی کورد بۆ ڕاماڵینی داگیرکه‌ران و ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی و یه‌کگرتنه‌وه‌ی خاک و نه‌ته‌وه‌.
  کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌روه‌ک چۆن به‌شه‌کانی دیکه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ ژیان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی تورک و عه‌ره‌ب له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ک ده‌وڵه‌تدا، ئه‌زموونی تفت و تاڵیان هه‌یه‌؛ له‌ ژیان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی فارس له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێکدا، ئه‌زموونی کاره‌ساتبار و پڕ تراژیدیای هه‌یه‌. بۆیه‌ ئه‌سته‌مه‌ به‌ورابردووه‌وه‌، پێکه‌وه‌ ژیان له‌ ناو یه‌ک ده‌وڵه‌تدا سه‌رکه‌وتوو بێ. ژیانی به‌ ئاشتی و دوور له‌ توند و تیژیی ته‌نیا به‌ دابینکرانی مافی سیاسیی نه‌ته‌وه‌یی یه‌کسان ده‌لوێ‌.
   پارتی ئازادیی کوردستان که‌ تا کۆنگره‌ی یه‌که‌می به‌ ناوەکانیی یەکێتی شۆڕشگێڕانی گەلی کوردستان" و "یه‌کێتی شۆرشگێرانی کوردستان"ه‌وه‌ له‌ خه‌باتدا بووه‌، دابه‌ش و داگیرکردنی کوردستان به‌ ناڕه‌وا ده‌زانێ؛ بۆ هه‌ڵته‌کاندنی ئه‌و ته‌رتیباته‌ سیاسییه‌ی به‌ سه‌ر کورددا سه‌پێنراوه و سەربەخۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، له‌ ساڵی 1991ه‌وه‌ پێیناوه‌ته‌ مه‌یدانی‌ خه‌باتی رزگاریی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ و پێشه‌نگی بزاڤی ناسیۆنالیزمی ئازادیخوازی کوردییه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان.

***

پارتی ئازادیی کوردستان
پرێنسیپ ، ئامانج و سیاسه‌ته‌کانی

    پارتی ئازادیی کوردستان، که‌ له‌ ساڵی 2691  ک(1991ز) تا کۆنگره‌ی یه‌که‌می به‌ ناوەکانی "یەکێتی شۆڕشگێڕانی گەلی کوردستان" و "یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان"ه‌وه‌ له‌ خه‌بات دابووه‌‌، درێژه‌ده‌ری تێکۆشانی رابردووی نه‌ته‌وه‌که‌مانه‌ بۆ ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و خۆی به‌ میراتگری رۆحیی و هه‌ڵگری په‌یامی رێبه‌رانی شه‌هیدی نه‌ته‌وه‌که‌مان ده‌زانێ. سنووری تێکۆشانی PAK رۆژهه‌لاتی کوردستانه‌. پارتی ئازادیی کوردستان تێده‌کۆشێ ببێته‌ مه‌کۆی تێکۆشه‌رانی نه‌ته‌وه‌یی و رێکخه‌ری هه‌موو چین و توێژه‌کانی کوردستان بۆ رزگاری له‌ کۆلۆنیالیزم و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی.
    پارتی ئازادیی کوردستان خۆی به‌  پارێزه‌ری مافی هه‌موو کوردێک  له‌ هه‌ر کوێیه‌ک ده‌زانێ و له‌م روانگه‌یه‌وه‌ هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌کی ئابووری، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، زاراوه‌یی، ئایینی و مه‌زهه‌بی، له‌ نێو کۆمه‌ڵگای کوردییدا، نابێ ببێته‌ هۆی لێکدابڕانی هیچ تاک و کۆمه‌ڵێکی کوردی له‌ بنه‌ماڵه‌ی مه‌زنی کورد.  ئه‌و کوردانه‌ی له‌ ئاکامی سیاسه‌تی داگیرکه‌رانه‌وه به‌ره‌و ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خاکی کوردستان وه‌ک رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای خۆراسان و هێندێک شوێنی دیکه‌راگوێزراون، به‌شێکی جیانه‌بووه‌وه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌‌ی کوردن.
     پارتی ئازادیی کوردستان دابه‌ش و داگیرکردنی کوردستان به‌ ناره‌وا ده‌زانێ‌ ، دان به‌ هیچ رێککه‌وتننامه‌یه‌کدا که‌ کورد و کوردستانی پێ دابه‌ش و داگیرکرا بێ نانێ و بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌، یان له‌ کارخستنی فه‌رمی یان عه‌مه‌لیی‌‌ هه‌موو ئه‌و رێککه‌وتننامانه‌‌ی له‌ شه‌ڕی چاڵدێرانه‌وه‌ تا شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و دواتر بۆ دابه‌شکردن وله‌ ناوبردنی کوردو کوردستان به‌ستراون، به‌ شێوه‌ی سیاسی و قانوونی له‌ هه‌موو ئاسته‌کاندا،تێده‌کۆشێ.‌ دابه‌ش و داگیرکردنی کوردستان به‌ بڕیار و ئیراده‌ی کورد نه‌بووه‌ و به‌ زه‌بر و زه‌نگ به‌ سه‌ریدا سه‌پێنراوه‌. داسه‌پاندنی ئه‌و ناڕه‌واییه‌ له‌ رابردوودا و درێژه‌ کێشانی تا ئێستا، ره‌وایی و قانوونی بوونی پێنابه‌خشێ. نه‌وه‌ی نوێی کورد ته‌نیا له‌ سه‌ر ئیراده‌ی ئه‌مڕۆی راده‌وه‌ستێ و چاره‌نووسی خۆی بۆ چۆن ژیان و هه‌ڵبژاردنی سیسته‌می حقوقی سیاسیی و جۆری پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی دراوسێی، خۆی دیاریی ده‌کا.

    پارتی ئازادیی کوردستان، رێکه‌وتننامه‌ی سیڤێر، ده‌سه‌ڵاتداریی چه‌ند ساڵه‌ی سمکۆ، حوکمڕانی شێخ مه‌حمود، کۆماری کوردستان و خه‌باتی مۆدێڕن و هاوچه‌رخی کورد و حکومه‌تی باشوری کوردستان به‌ "ئورگانه‌کانی به‌رجه‌سته‌کردنی که‌سایه‌تی یاسایی نێونه‌ته‌وه‌یی" کورد و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و مافی ره‌وای بۆ گه‌یشن به‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی نه‌ته‌وه‌یی داده‌نێ و خه‌باتی بۆ ده‌کا.
     پارتی ئازادیی کوردستان راماڵینی سه‌ر له‌به‌ری هێز و داموده‌زگای ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری ئێران له‌ کوردستان و وه‌دیهێنانی سه‌ره‌وه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی و راگه‌یاندنی دەوڵەتی جمهووریی کوردستان و داگرتنی ئاڵای داگیرکه‌ر و هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان له‌ هه‌موو خاکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ ئه‌رکی سه‌ره‌کی و له‌ پێشی خۆی داده‌نێ. خاشه‌بڕکردن و سڕینه‌وه‌ی هه‌موو شوێنه‌وار و ئاسه‌واره‌کانی شێواندنی ناسنامه‌ و کولتور و که‌سایه‌تی تاکی کورد، له‌ ئه‌رکه‌ به‌ په‌له‌کانی کۆماری کوردستانه‌. هه‌ر رێگایه‌کی دیکه‌ی وه‌ک سیسته‌می  فیدرالی بۆ چاره‌سه‌رکردنی پرسی کورد، ته‌نیا ده‌توانێ کاتی، بۆ قۆناخێک و له‌ به‌ر پارسه‌نگی هێز ره‌چاو بکرێ. PAK له‌ حاڵی حازردا پێکهێنانی "ده‌وڵه‌تی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات" وه‌ک جێگره‌وه‌ی حاکمییه‌تی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری ئێران له‌ کوردستان، به‌ پێویستییه‌کی سیاسی و پرۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی داده‌نێ.
    پارتی ئازادیی کوردستان بۆ راماڵینی داگیرکه‌ران و رزگارکردنی کوردستان و دامه‌زراندن و پاراستنی دەوڵەتی جمهووریی کوردستان، که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ هه‌ر که‌ره‌سه‌ و تێکنیکێکی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ بۆ به‌چۆکداهێنانی دوژمنانی کورد و به‌رگریی له‌ کوردستان به‌ مه‌رجێ به‌ده‌ر له‌ تێرۆر و‌ ره‌شه‌کوژی بێ، به‌ڕه‌وا داده‌نێ؛ له‌ هه‌موو شێوه‌کانی خه‌بات و یه‌ک له‌وان خه‌باتی چه‌کدارانه‌ و جه‌نگی ئازادیبه‌خشی وڵات و به‌ ده‌وڵه‌تبوونی کورد، که‌ڵک وه‌رده‌گرێ.
    پێشمه‌رگه‌ هێزی رادانی داگیرکه‌ر، به‌رگریی له‌ نیشتمان و پاراستنی کۆماری کوردستانه‌. پارتی ئازادیی کوردستان بۆ یه‌کخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان‌ له‌ به‌ر فه‌رمانی فه‌رمانده‌ییه‌کدا، تێده‌کۆشێ و له‌ بارودۆخی له‌باردا بۆ گه‌شه‌پێدانی به‌ ئه‌رته‌شێکی مۆدێرن و رێکووپێک، حه‌ول ده‌دا.
    پارتی ئازادیی کوردستان دژی له‌تکردنی نه‌ته‌وه‌ی کورد‌ به‌ چین و توێژ و ره‌گه‌زی دوژمن به‌ یه‌کترن. PAK بۆسڕینه‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌کانی چه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤ، هه‌ڵگرتنی هه‌ڵاواردنی ره‌گه‌زیی، دابینکردنی یه‌کسانی نێوان ژن و پیاو، ته‌بایی و ئاشتی، یه‌کێتی و دادگه‌ریی و مرۆڤ سالاریی له‌ کوردستان تێده‌کۆشێ. PAK  شه‌ڕی براکوژی له‌ نێوان رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌دا‌ به‌ حرام ده‌زانێ و بۆ پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتووی کوردستانی تێده‌کۆشێ.  به‌ره‌ی کوردستانی پێشمه‌رجێکی گرینگی که‌ڵکوه‌رگرتن له‌ ده‌رفه‌ته‌کان و سه‌رکه‌وتنی خه‌باتی رزگاریخوازیی کوردستانه‌.
   پارتی ئازادیی کوردستان، به‌ چاوێکی ئازاد و بێلایه‌نانه‌ ده‌ڕوانێته‌ بنه‌ما ئابوورییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌، دژی پێکهێنانی کارتێل و تراست و پاوان و قۆرخکردنه‌، له‌ سه‌ر دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی پێداده‌گرێ و که‌ڵک وه‌رگرتنی دروست له‌ کانگاکان و سامانی  ژێرزه‌ویی کوردستان و دانانی ژێرخانی ئابووریی و پیشه‌سازیی و پڕۆژه‌ی به‌رهه‌مهێن و میکانیزه‌کردنی کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵداری و دابه‌شکردنی دادپه‌روه‌رانه‌ی سه‌روه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و په‌یڕه‌وکردنی سیسته‌مێکی ماڵیاتیی گونجاو، به‌رێگاکانی به‌رقه‌راریی دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و خاشه‌بڕکردنی  هه‌ژاری و نه‌داری ودابینکردنی ژیانێکی ئاسووده‌ بۆ هاووڵاتیانی کوردستان ده‌زانێ . PAK له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه‌ که‌ ده‌بێ ئابووری کوردستان له‌ سه‌ر بنه‌مای دادگه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و تایبه‌تمه‌ندیی ناوچه‌یی بێ‌.  سیسته‌می کۆکردنه‌وه‌ی ئابووریی له‌ ناوه‌ند ره‌ت ده‌کاته‌وه‌و لاگیریی له‌ سیسته‌مێکی ئابووری ده‌کا که‌له‌ سه‌ر تایبه‌تمه‌ندیی ناوچه‌کان و به‌پێی که‌ره‌سه‌ی خاوێ که‌ له‌ کانگاکاندا هه‌یه‌، کارخانه‌ و بنکه‌ پیشه‌ییه‌کان دابمه‌زرێ. سیسته‌می ئابووری کوردستان ده‌بێ له‌ خزمه‌ت پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی کورددا بێ. له‌لایه‌که‌وه‌ به‌شێک بێ له‌ سیسته‌می جیهانی که‌ نه‌زمی نوێ دابه‌شی ده‌کا و له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندی خۆشی هه‌بێ بۆ  گه‌شه‌کردن له‌و بوارانه‌دا که‌ له‌ ناوچه‌که‌دا رکه‌به‌ریی له‌گه‌ڵ ناکرێ.
     دەوڵەتی جمهووریی کوردستان به‌رپرسی دابینکردنی بژێوی هه‌ر‌ دانیشتوو‌یه‌کی کوردستانه‌ که‌ له‌ هه‌لومه‌رجی بێکاری ، بێداهاتی یان که‌مئه‌ندامی و په‌ککه‌وته‌ییدا بێ.  هه‌موو که‌س ده‌بێ له‌ بیمه‌ی ده‌رمانی و بیمه‌ی پیری و په‌ککه‌وته‌یی و  که‌مئه‌ندامی که‌ڵک وه‌ربگرێ. هیچکه‌س نابێ له‌ برسان بمرێ و بێئه‌نوا و شوێنی حه‌سانه‌وه‌ ‌بێ. هه‌بوونی کان و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌کانی کوردستان و داهاتی نه‌فت و سیسته‌مێکی ماڵیاتیی گونجاو،  ئه‌و ده‌ره‌تانه‌ بۆ کۆماری کوردستان پێکدێنێ که‌ بودجه‌ی تایبه‌تی بۆ هه‌ژاران و بێده‌رامه‌تان ته‌رخان بکا.  دابینکردنی لانی که‌می بژێوی ژیان بۆ نه‌داران ده‌بێته‌ هۆی جێگیر بوون و مانه‌وه‌ی خه‌ڵک له‌ گونده‌کان و پێش به‌ ره‌و‌ی به‌ کۆمه‌ڵی خه‌ڵک و گوشارهێنان بۆ شاره‌کان و زیاد بوونی فه‌ساد و گه‌نده‌ڵکاری له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌گرێ.
    پارتی ئازادیی کوردستان له کۆماری کوردستاندا‌ له‌ رێگای دامه‌زراندنی سیسته‌می پارلمانی، پلۆرالیستی ، فره‌حیزبی، حکومه‌تی قانوون و قانوونی بنه‌ڕه‌تی نووسراو، جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌ یه‌کتر و سیسته‌می قه‌زایی سه‌ربه‌خۆ، بۆ دیمۆکراتیزه‌کردنی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی تێده‌کۆشێ. هه‌روه‌ها له‌ رێی به‌هێزکردنی گیانی هاوکاری و ‌ ته‌ساموح و لێبوردن له‌ نێوان چین وتوێژه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، پێڕه‌وانی ئایین و مه‌زهه‌‌به‌ جۆراوجۆره‌کان، ژن و پیاو،  گوندنشین و شارستانی، لاو و به‌ساڵاچوو، ساخ و په‌ککه‌وته‌، خاوه‌ن مۆڵک و کرێچی، قوتابی و مامۆستا، شاگرد و وه‌ستاکار، هه‌روه‌ها به‌ پاڵپشتیکردنی NGO ‌کان و رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بۆ دیمۆکراتیزه‌کردنی کۆمه‌ڵگه‌ و پێوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان تێده‌کۆشێ.
    پارتی ئازادیی کوردستان، به‌ خه‌بات بۆ دابین و ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کانی مرۆڤ ( ده‌سنیشانکراو له‌ راگه‌یه‌ندراوی جیهانیی مافه‌کانی مرۆڤدا) مافی هاووڵاتی بوون و مافی ده‌نگدانی ئازاد، نهێنی و گشتی و ئازادییه‌کانی: دین و مه‌زه‌ب، خاوه‌ندارێتی، ئه‌ندێشه‌ و باوه‌ڕ ده‌ربڕین، پێکهێنانی کۆڕ و کۆمه‌ڵ و ئه‌نجومه‌نی پیشه‌یی و سیاسی، پێوه‌ندیی و تێکه‌ڵاویی، سه‌فه‌ر و نیشته‌جێ بوون و ئازادی چاپه‌مه‌نیی، بۆ چه‌سپاندنی سه‌روه‌ریی و ده‌سه‌ڵاتدارێتی خه‌ڵک تێده‌کۆشێ.
    پارتی ئازادیی کوردستان رێز له‌ ئایینه‌ ئاسمانییه‌کان ده‌گرێ. ده‌سته‌به‌رکردنی ئازادی و دابینکردنی ئه‌منییه‌ت بۆ په‌یره‌وانیان له‌ به‌جێهێنانی رێوره‌سمه‌کانیان و پاراستنیان له‌ به‌کارهێنانی ئامرازیی ده‌سته‌ و تاقمه‌کان و رێگه‌نه‌دان به‌ ده‌ستێوه‌ردانی داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت و ئایین له‌ کار و باری تایبه‌تی یه‌کتر، به‌ ئه‌رکی حکومه‌تی کوردستان ده‌زانێ.PAK تێده‌کۆشێ ناسیۆنالیزمی کورد ببێته‌ ئاڵقه‌ی قایمی یه‌کێتی گشت رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ به هه‌موو ئایین و دین مه‌زه‌ب و ته‌ریقه‌تێکه‌وه‌.‌ 
   پارتی ئازادیی کوردستان تاک به‌ بنه‌ما و خێزان به‌ شیرازه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ ده‌زانێ و مه‌رجی گه‌شه‌ و پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵ له‌ گه‌شه‌ی تاک و خێزانی ساخ و سڵامه‌تدا ده‌بینێ. بۆیه‌ بۆ پاراستنی ماف و ئازادییه‌کانی تاک، ده‌رفه‌ت دان به‌ پشکووتنی به‌هره‌کانی و رێکردنه‌وه‌ بۆ داهێنانه‌کانی له‌ هه‌موو بواره‌کاندا و مافی پێکه‌وه‌نانی خێزان وئاسانکاری بۆی و دابینکردنی پێداویستیه‌کانی گه‌شه‌ و سڵامه‌تییان، خه‌بات ده‌کا.
     له‌ کۆماری کوردستاندا مافی خوێندن هه‌مووانییه، هه‌موو که‌س له‌ هه‌ر پله‌یه‌ک و له‌ هه‌ر ته‌مه‌نێکدا ده‌بێ بخوێنێ. په‌روه‌رده‌کردنی مرۆڤی کورد و پاراستنی سڵامه‌تی له‌ش و فیکری هه‌موو دانیشتوانی کوردستان له‌ ریزی پێشه‌وه‌ی ئه‌رکه‌ گرینگه‌کانی کۆماری کوردستانه‌‌.  خوێندن و  وه‌رزش و راهێنان له‌ هه‌موو بواره‌کانی سه‌ره‌تایی و مام ناوه‌ندی و زانستگه‌دا به‌له‌به‌رچاوگرتنی ویست و هۆگریی خوێندکار و به‌رنامه‌ی ئابووری  و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی کۆمه‌ڵگای کوردستان و به‌ که‌ڵکوه‌رگرتن له‌ تێکنۆلۆژی سه‌رده‌م رێکده‌خرێ.  په‌روه‌رده‌کردنی مناڵ به‌ شیوه‌یه‌کی باش و سه‌رده‌میانه‌ و قه‌ده‌خه‌کردنی کار پێی، له‌ پرۆگرامه‌کانی حکومه‌تی کوردستانه.‌‌‌
     زمانی کوردی زمانی ره‌سمی‌ ده‌وڵه‌تی کوردستانه‌. زمان ئه‌له‌مێنتێکی گرینگی شوناسی نه‌ته‌وییه‌ و  بژارکردن و گه‌شه‌ پێدانی تا ئاستی دروستبوونی زمانێکی ستاندارد و یه‌کگرتوو  بابه‌تێکی ژیاری و گرینگه‌. پاراستنی زمانی کوردی له‌ تێکدان و شێواندن، ئه‌رکی حکومه‌تی کوردستانه‌. په‌ره‌پێدانی فه‌رهه‌نگ و رۆشنبیری نه‌ته‌وه‌یی له‌ رێی رمێندان به‌ هونه‌ره‌کانی شانۆ و سینه‌ما، موسیقی و گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕکێ، خۆشنووسی و په‌یکه‌رتاشی و شێوه‌کاری، ئه‌و پرسه‌ فه‌رهه‌نگی و کولتووریانه‌‌ن که‌ پارتی ئازادیی کوردستان بایه‌خیان پێده‌دا و له ریزی‌ ئه‌رکه‌ گرینگه‌کانی کۆماری کوردستانیان داده‌نێ.
      پارتی ئازادیی کوردستان له‌ کۆماری کوردستاندا له‌سه‌ر ده‌سته‌به‌رکردنی یه‌کسانی و دابینکردن و چه‌سپاندنی ماف و ئازادییه‌کانی هه‌موو  دانیشتوان و نه‌ته‌وه‌ نه‌کورده‌کان و که‌مایه‌تییه‌ ئایینی و مه‌زهه‌بیه‌کانی‌ کوردستان پێداده‌گرێ و بۆ پته‌وکردنی پێوه‌ندیی هاونیشتمانی له‌ نێوان کورد و ئه‌واندا تێده‌کۆشێ.  شار و گونده‌کانی کوردستان که‌ خه‌ڵکی نه‌کوردیشی تێدا نیشته‌جێن، به‌ شێوه‌ی کانتونه‌کانی سویس،  به‌ڕێوه‌ بردنیان له‌ سه‌ر بناخه‌ی دیاریکردنی رێژه‌ی زۆرایه‌تی نفوس ده‌بێ. 
    پارتی ئازادیی کوردستان پاراستنی خاک و ژینگه‌ و پاراستن و راگرتن و په‌ره‌ پێدانی دارستان و لێره‌واره‌کان و سامان و سه‌رچاوه‌ ئاوی و ژێرزه‌وییه‌کان  که‌ سامانی نه‌ته‌وه‌یین و دروستکردنی نیشتمانێکی سه‌وز و په‌روه‌رده‌ و  په‌ره‌پێدانی رۆشنبیریی ژینگه‌ پارێزیی و پاراستنی شوێنه‌واره‌کان و ئاساره‌ کۆن و مێژووییه‌کانی کورد و حه‌ولدان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌شه‌ دزراوه‌کانی به‌ ئه‌رکی خۆی و حکومه‌تی کوردستان و هه‌موو تاکێکی کورد ده‌زانێ.
    پاراستنی پاقژی و بنه‌بڕکردنی نه‌خۆشییه‌ مه‌ترسیداره‌کان و قه‌لاچۆکردنی ماده‌سڕکه‌ره‌کان و ئاشناکردنی رۆڵه‌کانی کورد له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنه‌کانی زانست ‌ بۆ سڵامه‌تی و  ژیانیکی پاقژ، کۆنتڕۆڵی خۆراک و پاراستنی مرۆڤ له‌ به‌کارهێنانی هۆ‌رمۆنی قه‌ڵه‌وکردنی حه‌یوان و په‌له‌وه‌ر و ‌ داووده‌رمانی کیمیاویی له‌ نێوبردنی په‌تای گیاو ده‌غڵ و دان و کونترۆڵی رێژه‌ی نفوس به‌پێی به‌رنامه‌یه‌کی زانستی و به‌له‌به‌ر چاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌رکی حکومه‌تی کوردستانه‌.
    له‌ روانگه‌ی پارتی ئازادیی کوردستانه‌وه‌، پرسی نه‌ته‌وه‌یی کورد، پرسێکی نێوده‌وڵه‌تییه‌. هه‌ر بۆیه‌ فاکته‌ری نێوده‌وڵه‌تی کاریگه‌رترین شوێنه‌واری له‌ سه‌ر چاره‌نووسی کوردستان هه‌یه‌. له‌م رووه‌وه‌ پارتی ئازادیی کوردستان پێوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی به‌ له‌ به‌رچاوگرتنی ئه‌م راستییه‌ و به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی رێکده‌خا. PAK  له‌م‌ قۆناخه‌دا، بۆ که‌ڵک وه‌رگرتن له پرێنسیپی"ده‌ستێوه‌ردانی مرۆڤی"  و دانانی هه‌موو خاکی رۆژهه‌لاتی کوردستان به‌"هه‌رێمی دژه‌فرین"، تێده‌کۆشێ. به‌کارهێنانی پرێنسیپی ده‌ستێوه‌ردانی مرۆڤی و دانانی هه‌رێمی دژه‌ فرین، له‌ سالی 1991ه‌وه‌ ژماره‌یه‌ک نه‌ته‌وه‌، یه‌ک له‌وان کوردی له‌ باشوری کوردستان له‌ ده‌سدرێژیی و به‌رده‌وامیی کوشتار و قڕکردن پاراست و ده‌رفه‌تی سیاسی له‌ باری بۆ کرده‌وه‌.
     پارتی ئازادیی کوردستان، بۆ پێکهێنانی نوینه‌رایه‌تییه‌کی کوردستانی هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان بۆ ده‌ربڕینی ده‌نگ و ئیراده‌ی یه‌کگرتووی کورد له‌ئاستی نێونه‌ته‌وییدا تێده‌کۆشێ. نوێنه‌رایه‌تییه‌کی ئه‌وتۆ ده‌توانێ داوای  ئه‌ندامه‌تی له‌ رێکخراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و یه‌ک له‌وان ئه‌ندامه‌تی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بکا. نوێنه‌رایه‌تییه‌کی ئه‌وتۆ پێکهاته‌ و سترۆکتۆری سه‌ربه‌خۆ له‌ کار و باری حیزبایه‌تی ده‌وێ. هاوکات بۆ  پێکهێنانی کۆنگره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی  هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان بۆ یه‌کخستنی گوتاری نه‌ته‌وه‌یی ونیشتمانی و رێکخستنی پێوه‌ندی و دیاریکردنی ئه‌رک ومافه‌کانی نێوان بزاڤی پارچه‌کانی کوردستان تێده‌کۆشێ.
   پارتی ئازادیی کوردستان له‌ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌کانی ئێران بۆ دیاریکردنی مافی چاره‌نووس و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان پشتیوانی ده‌کا، له‌ قۆناخی ئێستادا بۆ به‌ هێزکردنی هاوکاری و له‌ داهاتوودا بۆ ره‌چاوکردنی بنه‌ماکانی دراوسێتیی باش له‌سه‌ر بنه‌مای رێزی به‌رانبه‌ر، ده‌ستێوه‌رنه‌دان له‌ کاروباری یه‌کتر و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش تێده‌کۆشێ.
   پارتی ئازادیی کوردستان زانیاری و دیکۆمێنته‌کانی تاوانه‌کانی کوردقڕان و ژینۆسایدی کورد و تاڵانی سامان و داراییه‌کانی کۆده‌کاته‌وه‌، رێکیان ده‌خا و له‌ کات و هه‌لی له‌باردا بۆ پێکهێنانی دادگایه‌کی نێوده‌وڵه‌تی که بۆ بژاردن و قه‌ره‌بووکردنه‌وی خه‌ساره‌ته‌ گیانی و مادیی و مه‌عنه‌وییه‌کان،‌ به‌رپرسایه‌تی بخاته‌ ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌تی ئێران و به‌رعۆده‌ی بناسێ، تێده‌کۆشێ.

******************

په‌یڕه‌وی ناوخۆی پارتی ئازادیی کوردستان PAK
په‌سند کراوی کۆنگره‌ی یه‌که‌م
18-20 ره‌زبه‌ری 2706
(10-12 ئۆکتوبری2006)

ماده‌ی یه‌که‌م: ناو و نیشانی پارتی
1- ناو: پارتی ئازادیی کوردستانPAK ‌.
2- ئاڕم: بریتییه‌ له‌ دوو چوارگۆشه‌ی تێکهه‌ڵکێشراو له‌ سه‌ر ته‌ختینێکی سپی که‌ ناوه‌نده‌که‌ی بازنه‌یه‌کی زه‌رده‌ و به‌گشتی له‌ سه‌ر ته‌ختێکی نارنجی دانراون. ئه‌م ئاڕمه‌ له‌ ده‌س‌چنه‌ هه‌ره‌ کۆنه‌کانی کورد وه‌رگیراوه‌، هێمایه‌که‌ بۆ یه‌کێتی و یه‌کگرتنی نه‌ته‌وه‌ی گه‌وره‌ی کورد.  ئاڵای نه‌ته‌وه‌یی کورد، به‌شێک له‌ ناسنامه‌ی سیاسیی و رێکخراوه‌یی پارتییه‌.
3- ره‌نگ: نارنجی
4- سروود: سروودی نه‌ته‌وه‌یی کورد، ئه‌ی ره‌قیب
5- دروشمی سه‌ره‌کیی: دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی جمهوری کوردستان

ماده‌ی دووهه‌م: ده‌ستووری گشتیی
1- پارتی ئازادیی کوردستان، پارتێکی سیاسیی نه‌ته‌وه‌یی، دیمۆکرات و ئازادیخوازه‌‌، له‌ یه‌کگرتوویی رێکخراوه‌یی و ویست و داخوازی خۆ ویستانه‌ی تاکه‌ که‌سه‌کان بۆ تێکۆشان له‌ سه‌ربنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان (کورد و کوردستان) دامه‌زراوه‌. رادانی دواسه‌ربازی داگیرکه‌ر و وه‌ده‌سهێنانی سه‌روه‌ریی سیاسیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و یه‌کگرتنه‌وه‌ی پارچه‌کانی کوردستان، بنه‌مای فکری و ئامانجی ستراتیژیی پارتی ئازادیی کوردستانه‌‌. چوارچێوه‌ی خه‌بات و چالاکیی PAK رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌.
2- پارتی ئازادیی کوردستان هه‌موو چین و توێژ و که‌رته‌کانی کۆمه‌ڵ له‌ خۆ ده‌گرێ و دژ به‌ دیکتاتۆری و توتالیتاریزم، سه‌ره‌ڕۆیی و ملهوڕیی و سیسته‌می تاک حیزبییه‌.
3- پارتی ئازادیی کوردستان، له‌ هه‌ر داهێنان و رێگاچاره‌یه‌کی ئاشتیخوازانه‌ و هێمنانه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی دۆزی کورد پشتیوانی ده‌کا.
4- باوه‌ڕ به‌ ئازادیی و دیمۆکراسی، دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی، یه‌کسانی قانوونی ژن و پیاو، به‌یاننامه‌ و میساقه‌کانی پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤ، ژینگه‌ پارێزیی، ئازادییه‌ فه‌ردی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، روگه‌ی پارتی ئازادیی کوردستانن.
5- پارتی ئازادیی کوردستان، له‌ نێو بردنی خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت  و  ده‌سبه‌سه‌رداگرتنی سامان و که‌ره‌سته‌ی به‌رهه‌مهێنان له‌ لایان ده‌وڵه‌ته‌وه‌ یان به‌ سوود‌ی چینێکی تایبه‌تی کۆمه‌ڵ، ره‌ت ده‌کاته‌وه و مافی خاوه‌ندارێتی بۆ تاکه‌کان به‌ یه‌کێک له‌ بنه‌ماکانی ئازادی و دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ ده‌زانێ.

ماده‌ی سێهه‌م: شیوه‌ی تێکۆشان
 پارتی ئازادیی کوردستان بۆ راماڵینی داگیرکه‌ران له‌ کوردستان و دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی جمهوری کوردستان و به‌رگری لێی، که‌ڵکوه‌رگرتن له‌ هه‌ر که‌ره‌سته‌ و ته‌کنیکێکی ئه‌م سه‌رده‌مه‌، و هه‌موو چه‌شن و شێوه‌کانی خه‌بات، به‌ مه‌رجێ به‌ده‌ر له‌ تێرۆر و ره‌شه‌کوژی بن به‌ره‌وا ده‌زانێ و  که‌ڵکیان لێ وه‌رده‌گرێ. له‌ ده‌رفه‌تی قانوونیدا له‌ شێوه‌ قانوونییه‌کان که‌ڵک وه‌رده‌گرێ و له‌ کاتی هێرش و داگیرکارییدا، به‌ره‌نگاری هێرشکار و داگیرکه‌ر ده‌بێته‌وه‌ . خه‌باتی چه‌کداری و جه‌نگی ئازادیبه‌خشی نه‌ته‌وه‌یی یه‌ک له‌ شێوه‌کانی خه‌باتی پارتی ئازادیی کوردستانه‌.

ماده‌ی چواره‌م: پرێنسیپه‌کانی پارتی ئازادیی کوردستان له‌ رێکخستن دا

1- گرێدان ،وه‌سه‌ریه‌کخستن و له‌ یه‌ک هه‌ڵپێکانی تاقه‌ت و تواناکانی یه‌ک به‌یه‌کی خه‌باتگێران و دروستکردنی ئیراده‌یه‌کی یه‌کگرتوو و پته‌و له‌ سه‌ر بنه‌مای باوه‌ر ، متمانه‌ ،راستگۆیی، خۆشه‌ویستی و هاوچاره‌نووسی ، دوور له‌ گه‌نده‌ڵی و فرت و فێل و درۆ و  پیلانگێری و ده‌سته‌به‌ندی و ناوچه‌گه‌ریی.  ‌
2- ئه‌سڵی هه‌ڵبژاردنی دیمۆکراتی: هه‌موو ئۆرگانه‌کانی PAK له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌  هه‌ڵده‌بژێردرێن.

3- عه‌قڵی به‌ کۆمه‌ڵ، به‌رپرسایه‌تی تاکه‌ که‌سیی: سه‌ر له‌ به‌ری پارتی ئازادیی کوردستان و هه‌موو ئۆرگان و دام و ده‌زگاکانی بڕیاردانی، پشت به‌ عه‌قڵ و رێبه‌رایه‌تی به‌ کۆمه‌ڵ ‌ ده‌به‌ستن، رێ به‌ تاکڕه‌ویی و سه‌ره‌‌ڕۆیی نادرێ و له‌ عه‌ینی کاتا به‌رپرسایه‌تی تاکه‌که‌سییه‌ و دابه‌ش ناکرێ.
4- ره‌چاوکردنی راوێژ وگفتوگۆ،قه‌ناعه‌ت و دروستکردنی بریاری یه‌کگرتوو : له‌ هه‌موو ئۆرگان و کۆمیته‌ و ده‌زگاکانی رێبه‌رایه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌رییPAK دابۆ دروستکردنی بڕیارات ره‌چاوی ئه‌سڵی گفتوگۆ و راوێژ و قه‌ناعه‌ت و گه‌یشتن به‌ بریاری هه‌مووانی ده‌کرێ.‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ توانای دروستکردنی بریاری نه‌بوو، ده‌نگی زۆربه‌(نیوه‌+1) بریار ساخده‌کاته‌وه‌.
5- راپۆرت و راپۆرتدانه‌وه‌: ئۆ‌رگانه‌کانی خواره‌وه‌ له‌ سه‌ریانه‌ راپۆرتی کار و چالاکییه‌کانیان بۆ سه‌ره‌وه‌ی خۆیان به‌رز بکه‌نه‌وه‌؛ ئۆرگانه‌کانی سه‌ره‌وه‌ش به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.
6- ره‌خنه‌ و ره‌خنه‌له‌ خۆگرتن: ره‌خنه‌ و ره‌خنه‌ له‌ خۆگرتن له‌ هه‌ڵه‌ و که‌م و کوڕییه‌کان، چه‌کی به‌ هێزی پێداچوونه‌وه‌ ، هه‌ڵه‌بڕی ، بژاری که‌مووکورییه‌کان و زامنی خاوێنیی و ئامرازێکی دیمۆکراتیزه‌‌ بوونی پێوه‌ندییه‌کان و پته‌و کردنی یه‌کێتی ریزه‌کانی PAK‌ ه‌‌.
7- ئه‌ندام بڕیاری رێکخراو، ئۆرگانه‌کانی خواره‌وه‌‌ بڕیاری ئۆرگانه‌کانی سه‌ره‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌که‌ن. ئۆرگانه‌کانی سه‌ره‌وه‌ له‌ دارشتن و ده‌رکردنی بڕیاردا بایه‌خ به‌ دید و بۆچوون و پێشنیاری ئه‌ندام و ئۆرگانه‌کانی خواره‌وه‌ ده‌ده‌ن.
8- که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ توانای پسپۆڕان و ناوه‌نده‌ زانستییه‌کان؛ ئۆرگان و دام و ده‌زگاکانی رێبه‌رایه‌تیPAK، بۆ گه‌ڵاڵه کردنی بڕیاراتی سیاسییان که‌ڵک له‌ توانا زانستی و پسپۆڕییه‌کانی تاکه‌ کانی کۆمه‌ڵ و ناوه‌نده‌ زانستییه‌کانی وه‌ک زانکۆکان وه‌رده‌گرن و راوێژیان پێده‌که‌ن.
9- ده‌رفه‌تی یه‌کسان، دیسیپلینی وه‌ک یه‌ک: له‌ ریزه‌کانی پارتیدا بۆ هه‌موو ئه‌ندامان ده‌رفه‌تی یه‌کسان هه‌یه‌ و بۆ هه‌مووانیش یه‌ک ده‌یسیپلین.
10- مافی تاکه‌کان له‌ هه‌بوون و ده‌ربڕینی بیروڕای سیاسی جیاواز:  له‌ ریزه‌کانی پارتی ئازادیی کوردستان دا، هه‌بوونی بیروڕای سیاسی جیاواز و ده‌ربڕینی ئازاده‌ و ده‌ره‌تانی بڵاوکردنه‌وه‌ و راگه‌یاندنی بۆ پێکده‌هێنرێ.
11- پلۆرالیسمی فکری: له‌ پارتی ئازادیی کوردستاندا، فکر و باوه‌ڕ و‌ بۆ هه‌موو ئه‌ندامان ئازاده‌ و هه‌موو که‌س مافی ده‌ربڕین و باسکردنی هه‌یه‌ و توتالیتاریسم له‌ هه‌موو شێوه‌کانیدا ره‌ت ده‌کرێته‌وه‌. بنه‌مای یه‌کگرتنی ئه‌ندامان یه‌کێتی هه‌ڵوێست و ئامانج و سیاسه‌ته‌.
تێبینی: فکر و باوه‌ڕێک که‌ کورد به‌ نه‌ته‌وه‌ دانه‌نێ ، کوردستان به‌ دابه‌شکرا و داگیرکراو نه‌زانێ و مافی سه‌ربه‌خۆیی و به‌ ده‌وڵه‌تبوون بۆ کورد نه‌سه‌لمێنێ، له‌ پارتی ئازادیی کوردستاندا جێی نابێته‌وه‌.

ماده‌ی پێنجه‌م: بنچینه‌ و ته‌لاری رێکخراوه‌یی PAK
 بنچینه‌‌ و ته‌لاری رێکخراوه‌یی پارتی ئازادیی کوردستان له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ به‌مجۆره‌یه‌:
1- ئه‌ندام
2- شانه‌
3- رێکخراو
4- کۆمیته‌ی ناوه‌ندی
5- مه‌جلیسی گشتی
6- کۆنفرانسی گشتی
7- سه‌رۆک
8- کۆنگره‌
9- ده‌سته‌ی دادوه‌ریی

تێبینی 1: هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان، یه‌کێک له‌ رێکخراوه‌کانی پارتی ئازادیی کوردستانه‌ که‌ به‌ پێی ئایینامه‌ی تایبه‌تی خۆی، رێکده‌خرێ و فه‌رمانده‌یی ده‌کرێ.
تێبینی2: رێکخراوه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی پارتی ئازادیی کوردستان، له‌ سه‌ر بنه‌مای بارودۆخی تایبه‌تی خۆیان رێکده‌خرێن و رێوشوێنی کار و چالاکییان  له‌ لایان مه‌جلیسی گشتییه‌وه‌ بۆ دیاریی ده‌کرێ.

ماده‌ی شه‌شه‌م: ئه‌ندامه‌تی
1- ئه‌ندامه‌تی له‌ پارتی ئازادیی کوردستاندا، دڵخوازانه‌یه‌.
2- ده‌سهه‌ڵگرتن له‌ ئه‌ندامه‌تی ئازادانه‌ و سه‌ربه‌ستانه‌یه‌. له‌م حاڵه‌ته‌دا پێویسته‌ ئۆرگان و ناوه‌ندی پێوه‌ندیداری PAK ئاگادار بکرێ و هه‌رکه‌لوپه‌ل و به‌ڵگه‌و ماڵ و داراییه‌کی که‌وتبێته‌ لا، بیگه‌ڕێنێته‌وه‌.
3- هه‌موو کوردستانییه‌ک له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان ده‌توانێ به‌م مه‌رجانه‌ی‌ خواره‌وه‌ ببێته‌ ئه‌ندامی پارتی ئازادیی کوردستان:
ئه‌لف: ته‌مه‌نی له‌ 18 ساڵ که‌متر نه‌بێ
ب: تاوانێکی قه‌ره‌بوونه‌کراوی کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌خوڵقاندبێ
ج: به‌رنامه‌ و پێڕه‌وی نێوخۆی PAK ی په‌سند کردبێ
د: له‌ یه‌کێ له‌ به‌ش و ئۆرگانه‌کانی PAK داچالاکیی هه‌بێ
ح: به‌کرێگیراو و سیخوڕی داگیرکه‌رانی کوردستان نه‌بوو‌بێ
ت: خوێنده‌واریی هه‌بێ و زمانی کوردی بزانێ
ی: ئابوونه‌ی ئه‌ندامه‌تی بدا
4- ئه‌ندامانی پارتی ئازادیی کوردستان، سه‌رمایه‌ی به‌نرخی ئه‌و پارته‌ن. PAK له‌ پاراستنی گیان و که‌رامه‌ت و دابینکردنی بژیو و گوزه‌ران و ئاسایشیان به‌رپرسیاره‌. له‌ حاڵه‌تی پیری و نه‌خۆشی و په‌ککه‌وته‌یی و مردن و شه‌هید بوون، یان زیندان و ئاواره‌ییدا به‌ ته‌نگ خۆیان و ماڵ و خێزانیانه‌وه‌ ده‌بێ.
تێبینی:  هاووڵاتیانی نه‌ کوردی کوردستان، به‌ مه‌رجی په‌سندکردنی به‌رنامه‌ و پێڕه‌وی ناوخۆ، ده‌توانن ببن به‌ ئه‌ندام و وه‌ک ئه‌ندامانی دیکه‌ هه‌موو مافه‌کانی ئه‌ندامه‌تییان هه‌بێ.

ماده‌ی حه‌وته‌م: چۆنیه‌تی و شێوه‌ی وه‌رگرتنی ئه‌ندامه‌تی پارتی ئازادیی کوردستان
   هه‌ر کوردستانییه‌ک که‌ مه‌رجه‌کانی سه‌ره‌وه‌ی تێدابێ، پاش تێپه‌ڕاندنی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی خواره‌وه‌ وه‌ک ئه‌ندامی پارتی وه‌رده‌گیرێ:
1- به‌ نووسراوه‌ داوای ئه‌ندامه‌تی بکا
2-  ئه‌ندامێک که‌ پێشینه‌ی 2 ساڵ ئه‌ندامه‌تی هه‌بێ پشتگیریی بکا
3-  له‌و کاته‌دائه‌ندامی هیچ حیزب و رێکخراوه‌یه‌کی سیاسیی دیکه‌ نه‌بێ
4- 6 مانگ تاقیکردنه‌وه‌ی، سه‌رکه‌وتوانه‌ بڕیبێ
 تێبینی: که‌سایه‌تییه‌کان و ئه‌ندامانی حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی دیکه‌ که‌ دێنه‌ ریزه‌کانی PAKه‌وه‌ ‌، به‌ پێی رێو شوێنێکی تایبه‌تی له‌لایان" مه‌جلیسی گشتی‌"یه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێن و جێگا و پله‌ی حیزبییان بۆ ده‌سنیشان ده‌کرێ.

ماده‌ی هه‌شته‌م: ئه‌رکه‌کانی ئه‌ندام
1- بۆ وه‌د‌یهێنانی ئامانجه‌کانی پارتی ئازادیی کوردستان که‌ له‌ به‌رنامه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه‌کانیدا دیارییکراون، لێبڕاوانه‌ تێبکۆشێ.
2- به‌ پێی په‌یڕه‌وی نێوخۆ، پابه‌ندی دیسیپلینی حیزبیی بێ، راسپارده‌ و بڕیاره‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رێ و به‌ ڕێکۆپێکی ئاماده‌ی کۆبوونه‌وه‌کانی بێ.
3- ئه‌رکه‌ پێ سپێردراو و دیاریکراوه‌کانی به‌باشی به‌ڕێوه‌ به‌رێ و راپۆرتی کاره‌کانی به‌ رێکوپێکی بۆ ئۆرگانی پێوه‌ندییدار به‌رز بکاته‌وه‌.
4- نهێنییه‌کانی PAK بپارێزێ و راستییه‌کانی لێ نه‌شارێته‌وه‌.
5- رێز له‌ شه‌هیدانی نه‌ته‌وه‌ وPAK بگرێ، سه‌روه‌رییه‌کانی نه‌ته‌وه‌ و PAK به‌رز راگرێ و بۆ زه‌حمه‌ت و خه‌بات و تێکۆشانی خه‌باتگێڕانی رێگای رزگاریی کوردستان و هاوسه‌نگه‌رانی دێرینی حورمه‌ت قایل بێ.
6- به‌ده‌ر له‌ مافه‌ دیاریکراوه‌کانی، ماڵ و دارایی و پله‌ و پایه‌ی رێکخراوه‌یی، بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆی به‌کار نه‌هێنێ.
7- بۆ به‌هێزکردنی که‌سایه‌تی  و بردنه‌ سه‌رێی پله‌ی هوشیاری و زانیاریی نه‌ته‌وه‌یی خۆی و بنه‌ماڵه‌ و هاووڵاتیانی تێبکۆشێ و  له‌ زانسته مرۆڤایه‌تییه‌ جۆراوجۆره‌کان که‌لک وه‌ربگری.
 8- یه‌کێتی سیاسیی و رێکخراوه‌یی PAK بپارێزێ. خۆ له‌ ده‌سته‌ و ده‌سته‌به‌ندی و ناوچه‌گه‌ریی و گرێدانی پێوه‌ندیی نهێنی به‌ دژی هه‌ڤاڵانی و ئۆرگانه‌کانی پارتی ئازادیی کوردستان ببوێری.
 9- ئه‌ندامی PAKله‌ سه‌ریه‌تی راستگۆ،خاکه‌ڕا، له‌ خۆبووردوو،ده‌س و داوێنپاک،روون و راشکاو و بێ پێچ و په‌نا بێ.
10- بڵاو کراوه‌کانی PAK بخوێنێته‌وه‌ و ئاگاداری تازه‌ترین هه‌ڵوێست و سیاسه‌ته‌کانی بێ و بیانباته‌ نێو هاووڵاتیانی شوێنی کار و ژیانییه‌وه‌.
11- سه‌باره‌ت به‌ پاراستنی سیسته‌می رێکخستن، نابێ به‌ بێ ئاگاداری ، شار، رێکخراو و وڵاته‌که‌ی به‌جێبێڵێ.
تێبینی: ئه‌و که‌سانه‌ی پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ PAK هه‌یه‌ و به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر هاوکاریی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن به‌ڵام ئه‌ندام نین، به‌ لایه‌نگری ته‌شکیلاتی ده‌ناسرێن.

 ماده‌ی نۆهه‌م: مافه‌کانی ئه‌ندام
 هه‌موو ئه‌ندامێکی پارتی ئازادیی کوردستان،  ئه‌م مافانه‌ی هه‌یه‌:
1- به‌ پێی رێسا دیاریکراوه‌کان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ نێوخۆییه‌کانیدا به‌شداری بکا‌ و له‌ هه‌موو ئاسته‌کاندا هه‌ڵبژێرێ و هه‌ڵبژێردرێ.
2- ده‌ربڕینی راوبۆچوون و شوێندانان له‌ سه‌ر پڕۆسه‌ی دروستبوونی بڕیاری سیاسیی و رێکخراوه‌یی، له‌ کۆبوونه‌وه‌ و ئۆرگانه‌کانی PAKدا .
3- ره‌خنه‌گرتن له‌ هه‌ر هه‌ڵوێستێک و له‌ هه‌ر به‌رپرس و کار به‌ده‌ست و ئۆرگانێکی حیزبیی، له‌ کۆبوونه‌وه‌، کۆنفرانس و کۆنگره‌کانی پارتی ئازادیی کوردستاندا.
4- دانی پێشنیار و گه‌ڵاڵه‌ی سیاسیی و رێکخراوه‌یی به‌ هه‌موو ئۆرگان و ده‌زگاکانی PAK.
5- مافی به‌رگریی له‌خۆکردن به‌رانبه‌ر هه‌ر ره‌خنه‌ و بوختان و تاوانبارکردنێ که‌ ئاراسته‌ی ده‌کرێ، به‌ شێواز و میتۆدی یاسایی رێکخراوه‌یی.
6- شکایه‌تکردن له‌ هه‌ر ئۆرگان و به‌رپرسێک لای ئۆرگانی سه‌روه‌تر سه‌باره‌ت به‌ پێشێلکرانی مافه‌کانی یان ره‌فتار و بڕیارێک که‌ به‌ شیاوی خۆی دانه‌نێ.

ماده‌ی ده‌هه‌م: شانه‌
1- شانه‌، یه‌که‌ی بنه‌ڕه‌تی رێکخستنی پارتی ئازادیی کوردستانه‌‌.  له‌ 3- 5 ئه‌ندام له‌ شوێنی کار و ژیانیان پێکدێ.
2- هه‌ر شانه‌یه‌ک له‌ شوێنی کار و ژیانی خۆی ئه‌رکی خه‌بات بۆ وه‌دیهێنانی ئامانجه‌کان و به‌ڕێوه‌بردنی بڕیاراتی حیزبی و پێوه‌ندیکردنی به‌ هاووڵاتیان و زانیاریدان و ئاگادار کردنی PAK ی له‌ سه‌ر شانه‌.

ماده‌ی یازده‌هه‌م‌: ڕێکخراو
1- رێکخراویPAK‌ له‌ دێ، ناوچه‌، گه‌ڕه‌ک، شار، شارستان و هه‌رێم  رێکخه‌ری ئه‌ندامان و کار و چالاکیه‌کانییه‌تی له‌و شوێنانه‌. هه‌ر کام له‌و ڕێکخراوانه‌ له‌ لایه‌ن کۆمیته‌یه‌که‌وه‌ رابه‌رایه‌تی ده‌کرێن که‌ له‌ لایان ئه‌ندامان، یان نوێنه‌رانی ئه‌ندامانی ئه‌و رێکخراوه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێ. ناوی ئه‌و رێکخراو و کۆمیتانه‌ به‌ پێی هه‌لومه‌رجی دیاریی کراو داده‌نرێ.
2- ئه‌رکی هه‌ر کام له‌ کۆمیته‌کان، رێکخستن و به‌ڕێوه‌بردنی کاروباره‌کان و جێبه‌جێکردنی بڕیاراتی PAK‌ له‌ سنووری جوغرافی دیاریکراویانه‌.
3- به‌رزترین ئۆرگانی هه‌ر رێکخراوێک کۆنفرانسی ئه‌و رێکخراوه‌یه‌ که‌ له‌ ماوه‌ی دیاریکراودا له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و رێکخراوه،‌ یان نوێنه‌رانیان پێکدێ.

ماده‌ی دوازده‌هه‌م: کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی
1- کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی ئازادیی کوردستان که‌ له‌لایان کۆنگره‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێ، به‌رزترین ئۆرگانی به‌ڕێوه‌به‌ریی یه‌ له‌ نێوان دوو کۆنگره‌دا و به‌ تاک و به‌ کۆ به‌رانبه‌ر کۆنگره‌ به‌رپرسیار و وه‌ڵامده‌رن.
2- کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی بڕیاره‌کانی کۆنگره و مه‌جلیسی گشتی‌ جێبه‌جێ ده‌کا، سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی PAK له‌ سه‌ر رووداو و بابه‌ت و پێشهاته‌کانی رۆژ دیاری ده‌کا، پێوه‌ندی PAK له‌گه‌ڵ هێزه‌ سیاسییه‌کان و ده‌وڵه‌تان رێکده‌خا، له‌ نێوخۆیدا کاروبار و به‌رپرسایه‌تییه‌کان دابه‌ش و دیاری ده‌کا و  بۆی هه‌یه‌ ده‌سته‌ و ناوه‌ندی پێویست له‌ نێوخۆیدا پێکبێنێ. چاو‌دێری کاروبار و چالاکی دام و ده‌زگاکانی به‌رفه‌رمانی خۆی ده‌کا و له‌ کۆبونه‌وه‌کانیدا، کاروچالاکییه‌کانی خۆی و ئه‌ندامانی ده‌خاته‌ به‌ر باس و و راپۆرتی خۆی بۆ کۆنگره‌ و کۆنفرانسه‌کان ئاماده‌ ده‌کا.
3- له‌ کاتی پێویست دا کۆبوونه‌وه‌ پێکدێنێ و  لانی که‌م ساڵی 4 جار کۆده‌بێته‌وه‌.
4- کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی ده‌توانێ سکرتێر یان کوردیناتۆرێک بۆ خۆی بۆ پێکهێنانی هاواهه‌نگی و پێکهێنانی کۆبوونه‌وه‌ و تۆمار کردنی کۆبوونه‌وه‌کان و بڕیارات و به‌ دواداچوونیان هه‌ڵبژێرێ.
تێبینی1: کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی ده‌توانێ له‌ نێو ئه‌ندامانی PAKدا ، به‌ ره‌زامه‌ندیی مه‌جلیسی گشتی ژماره‌یه‌ک یاریده‌ده‌ر ‌و راوێژکار چ وه‌ک تاک و چ وه‌ک ده‌سته‌یه‌کی راوێژکاری یان یاریده‌دری بۆ خۆی هه‌ڵبژێرێ.
تێبینی2: که‌سانێ ده‌توانن خۆ بۆ ئه‌ندامه‌تی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی بپاڵێون که‌ لانیکه‌م 10 ساڵ پێشینه‌ی ئه‌ندامه‌تی پارتی ئازادیی کوردستانیان هه‌بێ و‌ ته‌مه‌نیان له‌ 26 ساڵ که‌متر نه‌بێ.
تێبینی3: ئه‌وکه‌سایه‌تیانه‌ی دێنه‌ ریزه‌کانی پارتی ئازادیی کوردستانه‌وه‌، تێبینی ژماره‌2 نایانگرێته‌وه‌ و به‌ پێێ سه‌نگ و توانا و پێگه‌یان، له‌ لایان کۆنگره‌ یان مه‌جلیسی گشتیه‌وه‌ بڕیاریان له‌ سه‌ر ده‌درێ.

ماده‌ی سێزده‌هه‌م: مه‌جلیسی گشتیی
1- مه‌جلیسی گشتی له‌ لایان کۆنگره‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێ. به‌رزترین ئۆرگانی داڕشتنی سیاسه‌تی گشتی  و رێکخراوه‌ییه‌ له‌ نێوان دوو کۆنگره‌دا و به‌ تاک و کۆ به‌رپرسیار و وه‌ڵامده‌رن له‌ حاست کۆنگره‌ دا.
2- مه‌جلیسی گشتی چاودێری کاره‌کانی سه‌رۆک، کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی و ئۆرگان و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌کانی دیکه‌ی PAK ده‌کا و ده‌سه‌ڵاتی لێپرسیه‌نه‌وه‌ لێیانی هه‌یه‌.
2- مه‌جلیسی گشتی به‌ پێی گۆڕانکارییه‌کان و پێویستی خه‌بات، ئۆرگان و ده‌زگا رێکخراوه‌ییه‌کان پێکدێنێ یان گۆڕانکارییان تێدا ده‌کا و ئه‌ندامانیPAK  رێکده‌خا.
3- له‌ کۆبوونه‌وه‌کانیدا کار و تێکۆشانی PAK له‌ نێوان دوو کۆبوونه‌وه‌یدا تاوتوێ ده‌کا و بڕیار و ڕێنمایی پێویست ده‌رده‌کا.
4- پێڕاگه‌یشتن به‌ پرسی هاتنی ئه‌و که‌سایه‌تیانه‌ی خاوه‌ن سه‌نگ و پێگه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیانن، بۆ ریزه‌کانی PAK و دیاریکردنی پله‌ و به‌رپرسایه‌تیان.
5- لانیکه‌م ساڵی دوو جار کۆده‌بێته‌وه‌.
6- کات و رێوشوێن و پێویستیه‌کانی به‌ستنی کۆنگره‌ و کۆنفڕانسه‌کان دیاریی ده‌کا
7- مه‌جلیسی گشتی ده‌توانێ سکرتێر یان کۆردیناتۆرێک بۆرێکخستن و به‌رێوه‌بردنی کۆبوونه‌وه‌کان و خستنه‌ رووی خشته‌ی کاری کۆبوونه‌وه‌کان و تۆمار کردنی بڕیارات و به‌ دواداچوونیان هه‌ڵبژێرێ.
  تێبینی1: که‌سانێ ده‌توانن خۆ بۆ ئه‌ندامه‌تی مه‌جلیسی گشتی بپاڵێون که‌ لانی که‌م 10 ساڵ پێشینه‌ی ئه‌ندامه‌تی پارتی ئازادیی کوردستانیان هه‌بێ و‌ ته‌مه‌نیان له‌ 26 ساڵ که‌متر نه‌بێ.
تێبینی2: ئه‌وکه‌سایه‌تیانه‌ی دێنه‌ ریزه‌کانی پارتی ئازادیی کوردستانه‌وه‌، تێبینی ژماره‌1 نایانگرێته‌وه‌ و به‌ پێێ سه‌نگ و توانا و پێگه‌یان، له‌ لایان کۆنگره‌ یان مه‌جلیسی گشتیه‌وه‌ بڕیاریان له‌ سه‌ر ده‌درێ.


ماده‌ی چوارده‌هه‌م: کۆنفرانسی گشتی
1- کۆنفرانسی گشتی له‌ کاتێکدا ده‌به‌سترێ که‌ بارودۆخێکی سیاسیی تازه‌ خوڵقابێ یان دۆخێکی تایبه‌ت بۆ PAK هاتبێته‌ گۆڕێ و پێویست به‌ به‌شداریی ژماره‌یه‌کی زۆرتری ئه‌ندامانی له‌ دروستکردنی بڕیاری سیاسی و حیزبیدا ببێ و له‌عه‌ینی کاتیشدا ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تانی به‌ستنی کۆنگره‌ نه‌بێ.
2- کۆنفرانس له‌ سه‌رۆک و ئه‌ندامانی مه‌جلیسی گشتی و کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و یاریده‌ده‌ر و راوێژکارانی و به‌رپرسان و ئه‌ندامانی کۆمیته‌ و ئۆرگان و ده‌زگاکانی PAK و کادره‌ به‌ ئه‌زموون‌ و شاره‌زاکان پێکدێ و له‌م حاڵه‌ته‌دا، هه‌موو سه‌لاحیه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌کانی کۆنگره‌ی هه‌یه‌ بێجگه‌ له‌ گۆڕینی به‌رنامه‌ و پێڕه‌وی ناوخۆ و لادان و دانانی سه‌رۆک.

ماده‌ی پازده‌یه‌م:  سه‌رۆک
1- سه‌رۆکی پارتی ئازادیی کوردستان به‌ ده‌نگی زۆربه‌، له‌ نێو پاڵێوراوانی ئه‌و پۆسته‌دا، راسته‌وخۆ له‌ لایه‌ن کۆنگره‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێ.
2- سه‌رۆک چاو‌دێری به‌ڕێوه‌چوونی به‌رنامه‌ و پێڕه‌و‌ی ناوخۆ و سیاسه‌تی گشتی و بڕیاراتی کۆنگره و مه‌جلیسی گشتی‌ و کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی ده‌کا.
3- سه‌رۆک به‌شداری کۆبوونه‌وه‌کانی مه‌جلیسی گشتی و  کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی ده‌کا و‌ له‌ کاروباره‌کانی ئه‌وان و لێپرسراوانی رێکخراو و ئۆرگانه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی پارتی ده‌پرسێته‌وه‌ و له‌ نێوانیاندا هاواهه‌نگی پیکدێنێ.
4- سه‌رۆک ده‌توانێ له‌ نێو ئه‌ندامان و لایه‌نگر و دۆستانی پارتی ئازادیی کوردستان یان له‌ نێو که‌سایه‌تیییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ خاوه‌ن پسپۆڕییه‌کاندا به‌ شێوه‌ی تاکه‌که‌سیی یان ده‌سته‌یی،‌ راوێژکار بۆ خۆی دیاری بکا.
5- سه‌رۆک به‌ رووکاری ده‌ره‌وه‌دا، له‌ بواری نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌ت و بڕیاراتی پارتی ئازادیی کوردستاندا، نوێنه‌رایه‌تی PAK ده‌کا و رێککه‌وتن و پڕۆتۆکۆله‌کان ئیمزاده‌کا.
6- سه‌رۆک به‌ شێوه‌ی یاسایی له‌ به‌رانبه‌ر کۆنگره‌دا و له‌ رووی ئه‌خلاقیه‌وه‌ به‌رانبه‌ر هه‌موو ئه‌ندام و لایه‌نگر و دۆستانی پارتی به‌رپرس و وه‌ڵامده‌ر ده‌بێ.
7- هه‌ر کات هه‌ست به‌ پێویستی کرا،به‌ پێشنیاری سه‌رۆک و به‌ ده‌نگی کۆنگره‌، جێگرێک بۆ سه‌رۆکی PAK دیاریی ده‌کرێ. جێگری سه‌رۆک، یارمه‌تی سه‌رۆک ده‌دا له‌ سه‌رۆکایه‌تی کردنی پارتی ئازادیی کوردستاندا و له‌ حاڵه‌تێکدا به‌ هه‌ر هۆکارێک، سه‌رۆک توانای به‌رێوه‌بردنی ئه‌رکه‌کانی نه‌بوو، جێی ئه‌و ده‌گرێته‌وه‌.


ماده‌ی شازده‌یه‌م: کۆنگره‌
1- کۆنگره‌ به‌رزترین ئۆرگانی پارتی ئازادیی کوردستان و نوێنگه‌ی ئیراده‌ و ده‌نگی ئه‌ندامانی و سه‌رچاوه‌ی شه‌رعیه‌تی به‌رنامه‌ و پێڕه‌و و بڕیاره‌کانی PAK ه‌‌.
2- کۆنگره به‌شێوه‌ی ئاسایی هه‌ر 4 ساڵ جارێ، به‌ به‌شداریی سه‌رۆک و جیگری سه‌رۆک وئه‌ندامانی مه‌جلیسی گشتی و ئه‌ندامان و یاریده‌ده‌ر و راوێژکارانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی و ده‌سته‌ی دادوه‌ری و نوێنه‌رانی ئه‌ندامان و ئه‌وانه‌ی راسته‌وخۆ بانگهێشت ده‌کرێن پێكدێ.
3- کۆنگره‌، راپۆرته‌کانی سه‌رۆک و کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی و مه‌جلیسی گشتی و ده‌سته‌ی دادوه‌ریی تاو توێ ده‌کا، هه‌ڵیانده‌سه‌نگێنێ و بڕیاریان له‌ سه‌ر ده‌دا.
4- کۆنگره‌ به‌و سکاڵایانه‌ راده‌گا که‌ له‌ لایان ئه‌ندامانی پارتی ئازادیی کوردستانه‌وه‌ پێیگه‌یشتوون.
5- کۆنگره‌ به‌رنامه‌ و پێڕه‌وی ناوخۆ و سیاسه‌ت و رێبازی گشتی و ستراتیژی PAK دیاریی ده‌کا.
6- کۆنگره‌ سه‌رۆک و جێگری سه‌رۆک و ئه‌ندامانی مه‌جلیسی گشتی و کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی و ده‌سته‌ی دادوه‌ریی  هه‌ڵده‌بژێرێ.
7- یه‌کگرتنی پارتی ئازادیی کوردستان له‌ گه‌ڵ حیزب یان حیزبه‌گه‌لی دیکه‌، له‌ ده‌سه‌ڵاتی کۆنگره‌دایه‌.
تێبینی: کۆنگره‌ی نائاسایی له‌ سه‌ر داخوازی سه‌رۆکی پارتی، یان2/3 مه‌جلیسی گشتی، یان نیوه‌ی  ئه‌ندامانی PAK پێکدێ. کۆنگره‌ی نائاسایی له‌ کاتێکدا پێکدێ که‌ قه‌یران یان بارودۆخێکی تایبه‌ت هاتبێته‌ پێشه‌وه‌. ئه‌ندامانی کۆنگره‌ی ئاسایی پێشوو، ده‌بنه‌ ئه‌ندامانی کۆنگره‌ی نائاسایی.


ماده‌ی حەڤدەهەم: رێکخستنی نهێنی
1- له‌ رێکخستنی نهێنیدا، میتۆدی دیمۆکراتی و ئاشکرا کاریی به‌ قازانجی پاراستنی گیان و ئاسایشی تێکۆشه‌رانی ئه‌و به‌شه‌، به‌رته‌سک ده‌بێته‌وه‌.
2- رێکخستنی نهێنی له‌ لایان کۆمیته‌یه‌که‌وه‌ که‌ له‌ لایان مه‌جلیسی گشتییه‌وه‌ پێکده‌هێنرێ، به‌ڕێوه‌ده‌برێ و رێ و شوێنه‌کانی کار و تێکۆشانی بۆ دابین ده‌کرێ.
ماده‌ی هەژدەهەم:  داهات و دارایی
1- داهات و دارایی PAK له‌م رێگایانه‌ی خواره‌وه‌ به‌ ده‌ست دێ:
ئه‌لف: ئابوونه‌ی ئه‌ندامه‌تی ئه‌ندامان
ب: یارمه‌تی ئه‌ندامان، دۆستان،  هاووڵاتیان
2- کۆمیته‌ی ماڵی و ته‌داروکات که‌ له‌ لایان مه‌جلیسی گشتییه‌وه‌ پێکده‌هێنرێ، به‌ چاودێری سه‌رۆکی PAK ، به‌ داهات و خه‌رجییه‌کان راده‌گا و چۆنیه‌تی و راده‌ی خه‌رجکردن له‌ هه‌موو ئاسته‌کانی PAK دارێکده‌خا و چاوه‌دێری و تۆماریان ده‌کا.
ماده‌ی نۆزدەهەم: بابه‌ته‌کانی دیسیپلین، سزا و دادوه‌ریی
1- بۆ پارتێکی سیاسی کوردستانی که‌ له‌ پێناو راماڵینی داگیرکه‌ر له‌ نیشتمان و ئازادیی نه‌ته‌وه‌ و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خه‌بات ده‌کا و له‌گه‌ڵ دوژمنگه‌لێ داگیرکه‌ر، توتالیتر و تیرۆریست رووبه‌ڕوویه‌، هه‌بوونی سیسته‌م و دیسیپلینی قایم بایه‌خ  و گرینگی تایبه‌تی هه‌یه و مه‌رجی مانه‌وه‌ و سه‌ڵامه‌تیه‌تی‌ و له‌ هۆکاره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی به‌رده‌وامی به‌ربه‌ره‌کانێ له‌گه‌ڵ دوژمنانی کو‌رد و کوردستانه‌‌. هوشیاریی سیاسی و پله‌ی تێگه‌یشتن، یه‌که‌مین و به‌هێزترین ده‌سته‌به‌ر و پاڵنه‌ر و هانده‌ری پێکهینان و گه‌شه‌پێدان و پاراستنی سیسته‌م و دیسیپلینی حیزبییه‌. هه‌روه‌ها لێپێچانه‌وه‌ و سزادان وه‌ک واکسیناسیۆن و کوشتنی ڤایرۆس و میکرۆب  وایه‌ له‌له‌شی مرۆڤدا.
2- پێڕاگه‌یشتن به‌ بابه‌ته‌کانی پێشلکرانی دیسیپلین و خه‌تا و هه‌ڵه‌ و تاوانی ئه‌ندامان و دیاریکردنی سزا بۆیان و پێڕاگه‌یشتن و بڕیاردان له‌ سکاڵای ئه‌ندامانی PAK  و دام و ده‌زگا حیزبییه‌کان ئه‌رکی ده‌سته‌ی دادوه‌رییه‌.
3-  به‌جێنه‌گه‌یاندنی ئه‌رکه‌کانی ئه‌ندامه‌تی و به‌ڕێوه‌نه‌بردنی ئه‌رکی دیاریکراو، هه‌ڵسوکه‌وت به‌ پێچه‌وانه‌ی پێڕه‌و‌ی ناوخۆ و دیسیپلینی حیزبی، لاساریی و سه‌ره‌ڕۆیی و گیره‌ شوێنی، ده‌سته‌به‌ندی و ناوچه‌گه‌رایی، درکاندنی نهێنییه‌کان، به‌ فێڕۆدانی سامان و دارایی PAKو گه‌نده‌ڵی و ده‌سپیسی، خوڵقاندنی تاوانی کۆمه‌ڵایه‌تی، زوڵم و زۆر و سووکایه‌تی به‌ که‌رامه‌ت و حورمه‌تی مرۆڤ، ئازاردانی ژن و منداڵ، زیان گه‌یاندنی قه‌ره‌بوو نه‌کراو به‌ ژینگه‌ی وڵات، به‌ستنی پێوه‌ندی نهینی به‌ملاو و ئه‌ولاوه‌، ئه‌نجامدانی کرده‌وه‌یه‌ک که‌ زه‌بر له‌ پرستیژ و ناوبانگی PAK بدا؛ به‌ لادان له‌ بنه‌ما یاسایی و ئه‌خلاقیه‌کانی پارتی ئازادیی کوردستان ده‌ژمێردرێن و سزای به‌دوادا دێ.
4-  مه‌به‌ست له‌ سزادان، پاراستنی سڵامه‌تی سیسته‌می حیزبیی، یاسایی، سیاسی و ئه‌خلاقی PAKو رێگه‌نه‌دان به‌ سه‌ره‌ڕۆیی و پێشێلکردنی مافی تاکه‌کان و به‌رگریکردن له‌ که‌رامه‌ت و حورمه‌ت و مافه‌کانیان و په‌روه‌رده‌کردن و فێرکردن و هه‌روه‌ها گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ندام له‌ خه‌تا و هه‌ڵه‌ی زیاتر و به‌خۆدا چوونه‌وه‌ و لابردنی هه‌ڵه‌ و په‌ڵه‌کانییه‌تی.
5- سزادانی ئه‌ندام به‌ پێی راده‌ و ئاستی خه‌تا و هه‌ڵه‌ و تاوانه‌که‌یه‌تی و له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م شێوازانه‌دایه‌:
ئه‌لف: سه‌رکۆنه‌؛ زاره‌کی یان به‌ نووسراوه‌
ب: نزمکردنه‌وه، ‌یان ئه‌ستاندنه‌وه‌ی لێپرسراوێتی
ج: هه‌ڵپه‌ساردن، یان ئه‌ستاندنه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌تی بۆ ماوه‌ی دیاریکراو. ئه‌ندامی هه‌ڵپه‌سێردراو له‌ ماوه‌ی هه‌ڵپه‌ساردندا، خاوه‌نی مافه‌کانی ئه‌ندامی نییه
د: ده‌رکردن له‌ ریزه‌کانی پارتی ئازادیی کوردستان
6- ده‌سته‌ی دادوه‌ری  له‌ 3 تا 5 ئه‌ندامی PAK  که‌ شاره‌زاییان له‌ کار و باری یاساییدا هه‌بێ،له‌لایا‌ن کۆنگره‌وه‌‌ هه‌ڵده‌بژێردرێ.‌
7- بڕیاره‌کانی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی له‌ سزادانی ئه‌ندامانی PAK دا، پێویسته‌ له‌ لایان مه‌جلیسی گشتیه‌وه‌ په‌سند بکرێن.
 ******************************************************



رێوڕه‌سمی کردنه‌وه‌ی کۆنگره‌ی یه‌که‌می
یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان

    سه‌عات 10ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 18/ ره‌زبه‌ری/2706، رێکه‌وتی 10/10/2006، له‌ هۆڵی کۆنگره‌کانی هۆتێل شیرایتۆنی هه‌ولێری پایته‌ختی باشووری کوردستان، به‌ ئاماده‌ بوونی نوێنه‌رانی زۆربه‌ی حیزب و پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و ژماره‌یه‌ک له‌ که‌سایه‌تییه‌ ئاکادیمی و‌ فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان، رێوڕه‌سمی کردنه‌وه‌ی کۆنگره‌ی یه‌که‌می یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان له‌ ژێر دروشمی " له‌ پێناو دامه‌زراندنی کۆمارێکی دیکه‌ی کوردستاندا" و به‌ ناوی "کۆنگره‌ی سه‌قامگیرکردنی پرێنسیپه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان" به‌ڕێوه‌چوو.
     رێوڕه‌سمه‌که‌ به‌ بڕینی شریتی کۆنگره‌ له‌ لایان دایک و بابی شه‌هید سه‌عید یه‌زدانپه‌نا، دامه‌زرێنه‌ری یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، ده‌ستیپێکرد. به‌ دوای ئه‌وه‌دا، به‌ڕێز کاک عه‌لی قازی محه‌ممه‌د کوڕی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د، وته‌ی به‌خێرهێنان و کردنه‌وه‌ی پێشکه‌شکرد. وته‌کانی به‌ڕێز کاک حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا سکرتێری گشتی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان که‌ ئاوڕێکی خێرای له‌ دامه‌زران و داهێنانی و خه‌باتی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان دا بوه‌وه‌، به‌شێکی دیکه‌ له‌ پڕۆگرامی رێوڕه‌سمه‌که‌ بوو.
   به‌ بۆنه‌ی کۆنگره‌ی یه‌که‌می یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستانه‌وه‌ ده‌یان په‌یامی پیرۆزبایی له‌لایان حیزب و رێکخراوه‌ سیاسییه‌کان و که‌سایه‌تی و کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ فه‌رهه‌نگیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌ کۆمیته‌ی ئاماده‌کاری کۆنگره‌ی گه‌یشتوون. یه‌ک له‌و په‌یمانه‌، په‌یامی ده‌فته‌ری حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بوو که‌ له‌ لایان به‌ڕێز کاک بابا عه‌لی مێهرپه‌روه‌ر ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسییه‌وه‌ پێشکه‌شکرا.
    ناواخنی پڕۆگرامی رێوڕه‌سمه‌که‌، چه‌پکێک گۆرانی له‌ لایان هونه‌رمه‌ندان عه‌لی زه‌ندی، فه‌رشید نوورانی و کۆڕی هونه‌ری پێشمه‌رگه‌ و بڵاوکردنه‌وه‌ی فیلمی هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان له‌ 22/1/1994 له‌ لایان یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، به‌ ئامێری سکرین بوو. ئه‌م فیلمه‌ که‌ تێیدا سکرتێری گشتی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، له‌و رێکه‌وته‌دا، راده‌گه‌یه‌نێ " ئێمه‌ ئاڵای داگیرکه‌ری ئێران دێنینه‌ خوارێ و ئاڵای کوردستان هه‌ڵده‌که‌ین" له‌لایان ئاماده‌ بووانه‌وه‌ پێشوازییه‌کی گه‌رمی لێکرا.
    ئاڵای پیرۆزی کوردستان و وێنه‌ی رێبه‌رانی مێژووی کورد و دروشمه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، ئاوێته‌ی سرودی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ی ره‌قیب و وته‌ی پڕ هه‌ست و بیری هه‌ڤاڵی تێکۆشه‌ر سکرتێری گشتی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، به‌ڕێز کاک حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا بوون و دیمه‌نێکی هیوا به‌خشیان له‌ داهاتووی خه‌باتی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان وێنا ده‌کرد.
   له‌ رۆژانی داهاتوودا، بیروڕای گشتی له‌ هه‌واڵه‌کانی کۆنگره‌ی یه‌که‌می یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان ئاگادار ده‌که‌ین.

یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان
18ی ره‌زبه‌ری 2706
10ی ئۆکتۆبری 2006








***********************






"له‌ پێناو دامه‌زراندنی کۆمارێکی دیکه‌ی کوردستاندا"
به‌یاننامه‌ی کۆتایی کۆنگره‌ی یه‌که‌می
یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان
(کۆنگره‌ی سه‌قامگیرکردنی پرێنسیپه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان)

رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد!
تێکۆشه‌رانی ریزه‌کانی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان!
 حیزب و رێکخراوه‌ و که‌سایه‌تییه‌کانی کوردستان!
   هه‌روه‌ک له راگه‌یه‌ندراوه‌کانی پێشووی  یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستاندا ئاماژه‌یان پێکرا بوو، پاش ماوه‌یه‌ک کاردروستایی بۆ به‌ستنی کۆنگره‌ی یه‌که‌می یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، سه‌عات 10ی پێشنیوه‌ڕۆی رۆژی 18/ ره‌زبه‌ری/2706 ک، 10/10/2006 ز، له‌ رێوڕه‌سمێکی به‌شکۆدا به‌ به‌شداریی نوێنه‌رانی زۆربه‌ی حیزب و پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و ژماره‌یه‌کی هه‌ڵبژارده‌ له‌ که‌سایه‌تییه‌ ئاکادیمی و‌ رووناکبیری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان له‌ هۆڵی کۆنگره‌کانی هوتێل شیرایتۆنی هه‌ولێری پایته‌خت کۆنگره‌ی یه‌که‌می یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان (کۆنگره‌ی سه‌قامگیرکردنی پرێنسیپه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان) له‌ ژێر دروشمی: " له‌ پێناو دامه‌زراندنی کۆمارێکی دیکه‌ی کوردستاندا" له‌ نێو دیمه‌نێکی رازاوه‌ به‌ ئاڵای کوردستان و وێنه‌ی رێبه‌رانی مێژوویی کورد و دروشمه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، ده‌ستی به‌کار کرد.
   رێوڕه‌سمی کردنه‌وه‌ی کۆنگره‌، به‌ بڕینی شریتی کۆنگره‌، له‌ لایان دایک و بابی شه‌هید سه‌عید یه‌زدانپه‌نا، دامه‌زرێنه‌ری یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان ده‌ستیپێکرد. به‌ دوای ئه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ چڕینی سروودی نه‌ته‌وایه‌تی "ئه‌ی ره‌قیب"، ئاماده‌ بووان ساتێک به‌ پێوه‌ راوه‌ستان. پاشان به‌ڕێز کاک عه‌لی قازی کوڕی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د، وته‌ی به‌خێرهێنان و کردنه‌وه‌ی کۆنگره‌ی پێشکه‌ش کرد.
   شاندی نوێنه‌رایه‌تی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران یه‌کێک له‌و میوانانه‌ بوو که‌ به‌شداری رێوڕه‌سمه‌که‌‌ بوون. به‌ڕێز کاک عه‌لی مێهرپه‌روه‌ر ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران په‌یامی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبه‌که‌ی پێشکه‌ش کرد. پاشان فیلمی رێوڕه‌سمی هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان له‌ لایان یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستانه‌وه‌ له‌ دووی رێبه‌ندانی ساڵی 1372ی هه‌تاویی که‌ تێیدا سکرتێری گشتی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، راده‌گه‌یه‌نێ " ئێمه‌ ئاڵای کوردستان هه‌ڵده‌که‌ین و ئاڵای ئێران دێنینه‌ خوارێ" به‌ ئامێری سکرین پیشاندرا که‌‌ له‌گه‌ڵ پێشوازیی گه‌رمی ئاماده‌ بووان رووبه‌ڕوو بوو. به‌ دووای ئه‌وه‌دا، سکرتێری گشتیی یه‌کێتی شۆرشگێڕانی کوردستان، ئاوڕێکی خێرای له‌ دامه‌زران و داهێنانه‌ سیاسییه‌کان و خه‌باتی 15 ساڵه‌ی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند که‌ "کۆنگره‌که‌مان ئاڵوگۆڕی قووڵی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌". چه‌پکێک به‌رهه‌می جوانی هونه‌ری گۆرانی و موسیقی کوردی له‌لایان هونه‌رمه‌ندان کاک عه‌لی زه‌ندی و کاک فه‌رشید نورانی و هه‌ڤاڵ زانیار، به‌ هاوکاری  هونه‌رمه‌ند به‌هادین موشیر په‌نایی و کۆڕی هونه‌ری لاوانی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، ناواخنی پڕۆگرامی رێوڕه‌سمه‌که‌ بوون.
   پێشکه‌شکردنی راپۆرتی سیاسی – رێکخراوه‌یی و باس و وتووێژی تێروته‌سه‌ل له‌ سه‌ری، خوێندنه‌وه‌ی پڕۆگرام و پێڕه‌وی ناوخۆی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و په‌سندکردنی کۆمه‌ڵێک بڕیار و دواتر هه‌ڵبژاردنی دام و ده‌زگاکانی رێبه‌رایه‌تی و وه‌ک دوایین به‌شی کاری کۆنگره‌، رێوڕه‌سمی راگه‌یاندنی ئاکام و بڕیاراتی کۆنگره‌، ئه‌و کارانه‌ بوون که‌ له‌ ماوه‌ی 3 رۆژ کاری بێوچاندا، به‌ڕێوه‌چوون.
   له‌ راپۆرتی سیاسیی و رێکخراوه‌ییدا، که‌ له‌ لایان به‌ڕێز کاک حسه‌ین یه‌زدانپه‌ناوه‌ پێشکه‌شکرا، به‌ چڕی باس له‌ کێشه‌ی کورد و بارودۆخی جیهان و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سیاسه‌ت و تێکۆشانی سیاسی و پێشمه‌رگه‌یی و رێکخراوه‌یی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان له‌ 15 ساڵی رابردوودا کرا. له‌ راپۆرته‌که‌ی به‌ڕێز سکرتێری گشتی دا، زه‌رووره‌تی بوونی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان به‌ "حیزب" و ناو و ئاڕم و و ره‌نگی پێشنیاریی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی خرایه‌ به‌رچاو و سه‌رنجی ئه‌ندامانی کۆنگره.‌ پاش وتووێژ و قسه‌وباسێکی تێروته‌سه‌ل له‌ سه‌ر تێکڕای بابه‌ته‌کانی راپۆرتی سیاسی – رێکخراوه‌یی و ده‌وڵه‌مه‌ندکردنیان، راپۆرته‌که‌ به‌ تێکڕای ده‌نگ په‌سندکرا و یه‌کبه‌یه‌کی پێشنیاره‌کان خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه. کۆنگره‌ بڕیاریدا یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان ببێ به‌ "حیزب" و "پارتی ئازادیی کوردستان" بووه‌ ناوی تازه‌ی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و ئارمی پێشنیارکراویش پاش شیکرانه‌وه،‌ په‌سندکرا. هه‌روه‌ها ره‌نگی "نارنجی" وه‌ک ره‌نگی تایبه‌تی پارتی ئازادیی کوردستان دیاریی کرا.
    باسه‌کانی پێوه‌ندیدار به‌ پڕۆگرام و پێڕه‌وی ناوخۆی پارتی ئازادیی کوردستان، کاتێکی زۆری کۆنگره‌ی به‌ خۆی ته‌رخانکرد و پاش باس له‌ سه‌ر ئه‌و پێشنیار و بۆچوونانه‌ی له‌ سه‌ر به‌رنووسه‌کانیان له‌ دوور و نزیکه‌وه‌ گه‌یشتبوون، خرانه‌ ده‌نگه‌وه‌ و په‌سندکران. پڕۆگرامی پارتی ئازادیی کوردستان، به‌ رۆحێکی ته‌واو کوردستانی و نه‌ته‌وه‌یی داڕژاوه‌ و جیاوازییه‌کانی له‌گه‌ڵ هه‌موو حیزب و رێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان روون و به‌رچاوه.‌ هه‌روه‌ها پێڕه‌وی ناوخۆش، کۆمه‌ڵێک داهێنانی گونجاوی پێوه‌دیاره‌.
    پاش کۆتایی هاتنی باسه‌کانی پڕۆگرام و پێڕه‌وی ناوخۆیی PAK و په‌سندکردنیان له‌ لایان کۆنگره‌وه‌، نۆره‌ گه‌یشته‌ پرسی هه‌ڵبژاردنی ده‌زگاکانی رێبه‌رایه‌تی پارتی ئازادیی کوردستان. ئه‌م بڕگه‌یه‌ له‌ کاری کۆنگره‌، به‌ پێی پێڕه‌وی ناخۆ، له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکه‌وه‌ ده‌ستی پێکرد. له‌م به‌شه‌دا، له‌ که‌تێکدا تێکڕای کۆنگره‌ به‌شێوه‌ی سروشتی ته‌نیا رووی له‌ یه‌ک که‌س، ئه‌ویش هه‌ڤاڵی خۆشه‌ویست کاک حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا بوو؛ به‌ڕێزیان روو له‌ ئه‌ندامانی کۆنگره‌ وتی: " ده‌زانم ئێوه‌ هه‌مووتان بیر له‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ من له‌ سکرتێری گشتییه‌وه‌ ببمه‌ سه‌رۆکی پارتی و ده‌زانم هه‌مووتان منتان قبووڵه‌، به‌ڵام که‌سێک که‌من به‌ براگه‌وره‌ی خۆمی ده‌زانم، باشه‌ بیکه‌ینه‌ سه‌رۆکی پارتی، ئه‌ویش کوڕی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌ده‌؛ بۆیه‌ داوا له‌ به‌ڕێزیان ده‌که‌م ئه‌و ئه‌رکه‌ قه‌بووڵ بکه‌ن و داوا له‌ کۆنگره‌ش‌ ده‌که‌م ده‌نگی پێبدا". داوا و پێشنیاری به‌ڕێز سکرتێری گشتی به‌ چه‌پڵه‌ی ئه‌ندامانی کۆنگره‌ وه‌ڵام درایه‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ره‌چاوکردنی باری یاسایی بابه‌ته‌که‌، به‌ڕێزیان رایگه‌یاند که‌ به‌ پێی پێڕه‌وی ناوخۆ ئه‌گه‌ر که‌سێکی دیکه‌ خۆی کاندید ده‌کا مافی خۆیه‌تی و باخۆی بناسێنێ. پاشان داوا و پێشنیاره‌که‌ی به‌ڕێزیان بۆ هه‌ڵبژاردنی به‌ڕێز کاک عه‌لی قازی خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ تێکڕای ده‌نگ په‌سند کرا.
   به‌ دوای هه‌ڵبژێرانی سه‌رۆکی پارتی ئازادیی کوردستان، به‌ڕێز کاک حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا، درێژه‌ی به‌ قسه‌کانی دا و وتی: " ئه‌وه‌نده‌ی بۆ من ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، داوا له‌ کۆنگره‌ و سه‌رۆکی PAK ده‌که‌م، رێگه‌م بده‌ن ته‌نیا وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌ک درێژه‌ به‌ کار بده‌م". له‌ کاتێکدا ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌ ئه‌ندامانی کۆنگره‌ که‌وتبوونه‌ به‌ر کاریگه‌ریی رۆحی گه‌وره‌ی رێبه‌ره‌که‌یان و فرمێسک له‌ چاویان ده‌هاته‌ خوارێ، به‌ چه‌پڵه‌لێدانی به‌رده‌وام خوازیاری درێژه‌دانی به‌ کار له‌ ئاستی رێبه‌رایه‌تی دا بوون. هه‌ر له‌و کاته‌دا به‌ڕێز کاک عه‌لی قازی، رایگه‌یاند که‌: " له‌گه‌ڵ حورمه‌ت بۆ داواکه‌ی کاک حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا، به‌ڵام یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، پارتی ئازادیی کوردستان به‌بێ کاک حسه‌ین نابێ و به‌ڕێزیان ده‌بێ، یه‌کێک له‌ به‌رپرسانی سه‌ره‌کی PAK بن و پۆستی جێگری سه‌رۆک قبووڵ بکا". ئه‌ندامانی کۆنگره‌ به‌ چه‌پڵه‌لێدانی به‌رده‌وام و نه‌پساوه‌، ئه‌و ئه‌رکه‌یان خسته‌ سه‌رشانی به‌ڕێز کاک حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا.
    هه‌ڵبژاردن بۆ "مه‌جلیسی گشتی پارتی" و " کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی" و " ده‌زگای دادوه‌ریی"، ئه‌و دام و ده‌زگایانه‌ی که‌ به‌ پێی پێڕه‌وی ناوخۆ، له‌ نێوان دوو کۆنگره‌دا رێبه‌رایه‌تی و به‌ڕێوه‌بردن و دادوه‌ریی پارتی ئازادیی کوردستان ده‌که‌ن، به‌شێکی دیکه‌ له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بوو. له‌م پێوه‌ندییه‌دا، پاش قسه‌وباس و راگۆڕینه‌وه‌ی پێویست، 23 که‌س له‌ خه‌باتگێڕانی پارتی ئازادیی کوردستان وه‌ک ئه‌ندامی ئه‌و دام و ده‌زگایانه‌ هه‌ڵبژێردران.
     راگه‌یاندنی ئاکام و بڕیاره‌کانی کۆنگره‌ی یه‌که‌می یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، ئاخرین به‌شی کۆنگره‌ بوو که‌ له‌ سه‌عات 4 پاشنیوه‌ڕۆی رۆژی 12/10/2006، به‌ به‌شداریی میوانانی کۆنگره‌ که‌ بریتی بوون له‌ نوێنه‌رانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و سه‌دان که‌س له‌ که‌سایه‌تییه‌ ئاکادیمی و سیاسی و فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان به‌ڕێوه‌ چوو. ئه‌م به‌شه‌ له‌ کاری کۆنگره‌ به‌ وته‌کانی به‌ڕێز کاک حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا، ده‌ستی پێکرد، که‌ تێیدا ئاکامه‌کانی کۆنگره‌ی یه‌کبه‌یه‌ک راگه‌یاند وتیشکێکی کورتی خسته‌ سه‌ر نێوه‌رۆک و رۆحی  پڕۆگرامی پارتی ئازادیی کوردستان.
    وته‌کانی به‌ڕێز کاک حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا و بڕیارات و ئاڵۆگۆڕه‌کانی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان له لایان به‌شدارانی رێوڕه‌سمه‌که‌وه‌ به‌ گه‌رمی پێشوازییان لێکرا.
   به‌ دوای وته‌کانی کاک حسه‌ین دا، به‌ڕێز کاک عه‌لی قازی وته‌یه‌کی کورتی پێشکه‌ش کرد و سوپاسی تێکۆشه‌رانی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستانی کرد و ئه‌و رۆژه‌ی به‌ "خۆشترین رۆژی ژیانی خۆی"وه‌سپ کرد. له‌ کۆتایی وته‌کانی به‌ڕێزیاندا، به‌ڕێز کاک حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا، ده‌ستی نایه‌ ناوده‌ستی سه‌رۆکی PAK  و ده‌ستی هه‌ڵبڕی. ئه‌و دیمه‌نه‌ به‌ چه‌پڵه‌ی به‌رده‌وامی به‌شدارانی رێوڕسمه‌که‌ پێشوازیی لێکرا.
    پێشکه‌شکردنی په‌یامی هێزه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان له‌ لایان نوێنه‌رانیانه‌وه‌ بڕگه‌یه‌کی  دیکه‌ی کاری رێوڕه‌سمه‌که‌ بوو. هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌‌وه‌، ده‌یان که‌سایه‌تی په‌یامیان ئاراسته‌ی کۆنگره‌ کرد بوو که‌ به‌داخه‌وه‌، به‌ هۆی نه‌بوونی کات پێشکه‌ش نه‌کران. ناواخنی پڕۆگرامه‌کانی ئه‌و به‌شه‌، کۆمه‌ڵێک گۆرانی ره‌سه‌نی کوردی بوو به‌ ده‌نگی هو‌نه‌رمه‌ندان عه‌لی زه‌ندی و فه‌رشید نورانی و به‌ هاوکاریی هونه‌رمه‌ند به‌هادین موشیرپه‌نایی و کۆڕی هونه‌ریی لاوانی PAK.
     کۆنگره‌ی پارتی ئازادیی کوردستان، پاش 3 رۆژ کاری به‌رده‌وام، به‌ سروودی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ی ره‌قیب کۆتایی به‌کاره‌کانی هێنا.
     ئه‌و حیزب‌ و لایه‌نانه‌ی که‌ به‌شداریی رێوڕه‌سمی کۆنگره‌ی پارتی ئازادیی کوردستان بوون و په‌یامه‌کانیان پێشکه‌ش کرا ، بریتی بوون له‌:
1- حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران
2- یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان
3- پارتی دیمۆکراتی کوردستان
4- سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
5- حیزبی شیوعی کوردستان
6- حیزبی لیبرالی کوردستانی سوریا
7- یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی دیمۆکراتی کوردستان
8- پارتی دیمۆکراتی کوردستانی باکوور
9- پارتی دیمۆکراتی کورد له‌ سوریا (پارتی)
10- کۆنگره‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کورد له‌ ئه‌مریکای باکوور
11- پارتی کرێکاران و ره‌نجده‌رانی کوردستان
12- پارتی یه‌کێتی کورد له‌ سوریا (یه‌کێتی)
13- بزووتنه‌وه‌ی دیمۆکراسیخوازانی کوردستان
14- پارتی سوسیالیستی کوردستانی باکوور
15- پارتی یه‌کێتی کورد له‌ سوریا
16- پارتی کاری سه‌ربه‌خۆیی کوردستان
17- حیزبی رزگاریی کوردستان
18- بزووتنه‌وه‌ی دیمۆکراتی گه‌لی کوردستان
19- حیزبی ئازادی کورد له‌ سوریا
20- پارتی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان
21- پارتی پارێزگارانی دیمۆکراتی کوردستان
22- حیزبی دیموکراتی بیت النهرین
23-  رێکه‌فتنی دیمۆکراتی کورد له‌ سوریا(ویفاق)
24- حیزبی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان
25- بزووتنه‌وه‌ی دیمۆکراتی تورکمان له‌ کوردستان
26- حیزبی رزگاریی کوردستان
27- حیزبی دیموکراتی پێشڤه‌روی کورد له‌ سوریا
28- پارتی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان
29- پارتی یه‌کێتی کوردی رۆژاوای کوردستان

سڵاو له‌ 15 ساڵ خه‌بات و داهێنان و قوربانیدانی
پارتی ئازادیی کوردستان

پیرۆزبێ کۆنگره‌ی یه‌که‌می پارتی ئازادیی کوردستان

شه‌کاوه‌ بێ ئاڵای ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان

سه‌رکه‌وێ خه‌باتی پارتی ئازادیی کوردستان
له‌ پێناو دامه‌زراندنی کۆمارێکی دیکه‌ی کوردستاندا

ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تیی کۆنگره‌ی یه‌که‌می
پارتی ئازادیی کوردستان
24/ره‌زبه‌ری/2706
16/ئۆکتۆبری/2006



 پاش ده‌رچوونی ئه‌م راگه‌یه‌ندراوه‌، ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تیی کۆنگره‌ کۆتایی به‌ ئه‌رکه‌کانی دێ.

سەرەوە